ستیڤن سیمباڵا پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی ویلایەتی پەنسلڤانیا بۆ گوڵان: سەرقاڵبوونی ئەمریكا بە شەڕی ئۆكرانیاوە كاریگەری دەبێت لەسەر بایەخدانی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ستیڤن سیمباڵا  پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی ویلایەتی پەنسلڤانیا بۆ گوڵان:     سەرقاڵبوونی ئەمریكا  بە شەڕی ئۆكرانیاوە كاریگەری دەبێت لەسەر بایەخدانی  بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

 

ستیڤن سیمباڵا پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی ویلایەتی پەنسلڤانیا، خاوەنی چەندین كتێب و توێژینەوەیە لە بواری دیراساتی ئەمنی، سیاسەتی بەرگری، چەكی ناوكی و كۆنتڕۆڵكردنی چەك و بواری هەواڵگری. هەروەها وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی بەراوردكاری، سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی و فیكری سیاسی. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە بارودۆخی هەڵكشاو و شەڕی هەڵگیرساوی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا.

 

* ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ پەرەسەندنەكانی پێش ئەو هەڵمەتە سەربازییەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، ئایا ئەمە مایەی سەرسوڕمان بوو و كار و پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراو بوو كە سەرۆك پوتین بڕیارێكی لەم چەشنە بدات، یان ئەگەری شەڕ پێشتریش ئەگەرێكی ڕاستەقینە بوو؟

- لە ڕاستیدا مەسەلەكە ئەوە نەبوو ئایا پێشبینیكراو بوو، یان نا، بەڵكو ئەوەیە تەمەننای ئەوە دەكرا ئەم شەڕە ڕوو نەدات، هەروەها ئەوەی ئێستا ڕووی داوە، پەرەسەندنەكانی هاوینی ساڵی 1990م بیر دەخەنەوە، خەڵكی تەمەننایان دەكرد و هۆكاری ڕەوا و ماقووڵیشیان هەبوو كە سەدام حوسێن كارێك ناكات، یان بڕیاری داگیركردنی كوەیت نادات، بەڵام دواتر ئەم بڕیارە دراوە و داگیركارییەكەش ڕووی دا. لە پەیوەندی بەم قەیرانەی ئێستاوە ئەوا هەر لە سەرەتاوە خەڵكی خواست، یان ئومێدی ئەوەیان هەبوو كە سەرۆك پوتین بڕیارێكی لەم چەشنە نەدات، چونكە ئەمە بڕیارێكی ڕاست و لۆژیكی نابێت، بەڵام ئیدی پوتینیش بە چەشنی سەددام حوسێن لۆژیكییانە بیر ناكاتەوە.

* ئایا پێت وایە ئەم شەڕە و ئەم پەرەسەندنە لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی نێودەوڵەتی و جیهانیی ڕووسیا و ئەم وڵاتە پتر كاریگەر و دەستڕۆیشتوو دەبێت، یان پتر گۆشەگیر و دابڕاو و لاواز دەبێت؟

- من بەو شێوەیە لە مەسەلەكە دەڕوانم كە ئێستا ترسێكی زیاتر لە ڕووسیا دروست بووە، ئەمەش بناغەیەكی باش نییە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێكی پتر دەستڕۆیشتوو. هەروەها ئەگەر سەیری زۆرێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بكەین، ئەوا هێندە بایەخ نادەن بە ئۆكرانیا. دواتر ئێمە دەزانین ڕووسیا هەوڵدەدات كاری زیاتر ئەنجام بدات لەگەڵ چین، بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مەبەستم ئەوەیە ڕووسیا بژارەی ئەوەی هەیە كە لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا كار بكات، ئەگەر ڕۆژئاوا هەوڵی گۆشەگیركردن و كەنارگیركردنی بدات، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە هێندە بایەخ و گرنگی بە ئۆكرانیا نادەن.

* ئێمە دەزانین هەمیشە سەرۆك پوتین و بەرپرسە باڵاكانی ڕووسیا ئاماژەیان بەوە كردووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕێكخراوی ناتۆ هیچ كاتێك نیگەرانییە ئەمنییەكانی ئەم وڵاتەیان لەبەرچاو نەگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە ڕووسیا بەم شێوەیە كاردانەوەی هەبێت، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- با من بەم شێوەیە گوزارشتی لێ بكەم، وڵاتانێك هەن دەیانەوێت ببنە ئەندامی ناتۆ لەبەر ئەوەی ترسیان لە ڕووسیا هەیە، كەواتە ئەوە ناتۆ نییە ئەم وڵاتانەی بەلای خۆیدا ڕاكێشابێت و بیەوێت بیانكاتە ئەندام، بەڵكو ئەوە ترس و نیگەرانیی ئەم وڵاتانەیە لە ڕووسیا كە بووەتە پاڵنەری ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی ئەندامێكی ناتۆ بدەن، كەواتە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین پوتین دەیەوێت بە چەشنێك ڕەفتار بكات كە ترس و نیگەرانیی ئەم وڵاتانە بڕەوێنێتەوە و دڵنیایان بكاتەوە. لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین پوتین خۆی ئەم كارەی بە سەر خۆیدا هێنا.

* تا ئێستا كاردانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا بریتی بوو لە بڕیاری سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا، ئێوە چۆن لە كاریگەریی ئەم سزا و ڕێكارانە دەڕوانن و پێتان وایە چ كاریگەرییەكیان لەسەر گۆڕینی هەڵوێستی ڕووسیا دەبێت؟

- لە ڕاستیدا ئەوە هەمیشە پرسیارێكە كە ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەم سزایانە كاریگەریی كورتمەودا و درێژخایەنیان لێ دەكەوێتەوە، بەڵام من پێم وایە ئامانجە سەرەكییەكە زیاتر پەیوەستە بە جۆشدان و هەڵوێستوەرگرتنی هاوبەشی هاوپەیمانەكان پێكەوە، بەتایبەتی كە وڵاتانی ئەوروپا پەیوەندییەكی زۆر ئابووری و بازرگانییان هەیە لەگەڵ ڕووسیادا. هەروەها من پێم وایە لە ڕوانگەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاشەوە ئەم سزایانە زیاتر بۆ ئەوەیە كە كێ بە ڕاستی هاوپەیمانێتی و لەگەڵیدا هەڵوێست دەگرێتەبەر.

* دوای ئەم هێرشە سەربازییەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، ئایا دەكرێت لە ئێستادا بڵێین ئەوەی پێی دەوترا سیستمی لیبڕاڵیی جیهانی، یان سیستمی بنیاتنراو لەسەر ڕێساكان كۆتایی هاتووە، یان پایە سەرەكییەكانی لەق بوون؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە ئەم سیستمەی ئێوە ئاماژەی پێ دەكەن (سیستمی بنیاتنراو لەسەر ڕێساكان) تەنیا بەسەر ڕۆژئاوادا جێبەجێ دەبوون. -ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەوروپا و هەندێ لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ئاسیا- ئومێدەكەش ئەوە بوو كە سەرجەم جیهان بێنە ژێر سایە و سێبەری ئەم سیستمەوە، بەڵام بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە بدەمەوە، ئەوا ئەم شەڕە نەبووەتە هۆی ئەوەی ڕووسیا لەم سیستمە داببڕێت، چونكە ئاشكرایە كە هەر لە سەرەتاوە ڕووسیا بەشێك نەبوو لێی، بەڵام هێشتا ئەم سیستمە هەر بوونی ماوە لە ڕۆژئاوادا.

* ئەی چۆن لە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتی چین و ڕووسیا دەڕوانیت لە ئێستادا، بەتایبەتی كە چین دەستپێكردنی هێرشەكەی ڕووسیای بۆ سەر ئۆكرانیا بە داگیركاری وەسف نەكرد، كەواتە ئایا هاوپەیمانێتی و شەراكەتێك هەیە لە نێوان ئەم وڵاتەدا و ئایا چین سوودمەندی سەرەكی نییە لەم دۆخی شەڕەی دروست بووە؟

- ئەگەر نەڵێین هاوپەیمانێتی و شەراكەتیش، ئەوا جۆرێك لە یەكگرتنی هەڵوێست و تێڕوانینەكان لە نێوان ڕووسیا و چیندا دروست بووە، دواتر من پێم وا نییە چین زۆر خۆشحاڵ بێت بەم دۆخەی كە دروست بووە، یان هاتووەتەئاراوە، چونكە نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت و نادیدەی بگرین كە چین بەرژەوەندیی ئابووری هەیە لە ئۆكرانیا و ئەم كارەی ڕووسیا هاوكار نابێت بۆ بەدیهێنان و برەودان بە بەرژەوەندییەكانی چین. بەڵام لێرەدا دەبێت ئاماژە بە پرس و مەسەلەیەكی دیكەش بكەین كە پەیوەندیدارە بەم پرسیارەوە، ئەویش ئەوەیە كە باس لەوە دەكرێت ئەگەر ڕووسیا سەركەوتوو بوو لەم شەڕەدا، ئەوا چینیش هەنگاوی هاوشێوە هەڵدەگرێت لە دژی تایوان؟ بەڵام من دڵنیا نیم لەوەی ئەمە ڕاست بێت، یان ئەمە ڕوو بدات، چونكە لەم حاڵەتەدا دەبێت چین زیاتر لە ڕێی دەریاوە هێرش بكات، هەروەها نابێت ئەوەش لەبەرچاو نەگرین كە چین كەمتر ئامادەیە بۆ ئەوەی لە مەترسییەوە تێوەبگلێت ئەگەر بێتوو بەراوردی بكەین بە ڕووسیا بە سەرۆكایەتیی ڤلادمیر پوتین. لەبەر ئەوە من دڵنیا نیم ئایا ئەمە چ ئاكام و دەرهاویشتەیەكی لێ دەكەوێتەوە، لەسەر هەنگاو و هەڵوێست و بڕیارەكانی ئایندەی پەیوەست بە چین، بەڵام ڕەنگە چین هەمان ڕێچكەی پوتین نەگرێتەبەر. هەرچەندە لە نزیكەوە چاودێريی ئەو بارودۆخەش دەكات كە هاتووەتە ئاراوە.

* ئەی پێت وایە ئەوەی لە ئێستادا هاتووەتە ئاراوە بریتییە لە جیهانێكی فرەجەمسەری كە تێیدا هاوسەنگییەكی هێز لە نێوان وڵاتە گەورە و بەهێزەكانی جیهاندا دروست بووە و چیتر ئەمریكا تاكە هێزی باڵادەست و دەستڕۆیشتووی سەر شانۆی جیهان نییە؟

- من لە چەمكی هاوسەنگیی هێز دڵنیا نیم، بەتایبەتی كە ئێستا هێزی جیهانی و مەزنی جیاواز هەن كە ململانێی و كێبڕكێیانە لەسەر بەدەستهێنان و برەودان بە دەستڕۆیشتوویی و كاریگەریی خۆیان، لەبەر ئەوە ڕەنگە وردتر بێت كە بڵێین ئێمە لە سەروەخت و ساتەوەختێكداین كە هێشتا ڕوون نییە ئایا ئەم هاوسەنگیی هێزە چییە و چۆن دەبێت.

* ئەی چۆن لە شێوازی مامەڵەكردنی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن دەڕوانیت لە ئاست تێكڕای قەیرانەكەی ئۆكرانیا تا دەگاتە ئەم شەڕەی ئێستا؟

- ئەوەی دەبێت سەرنجی لە بارەوە بدەین و بەدواداچوونی بۆ بكەین، ئەوەیە ئایا چۆن سەرقاڵبوونی ئەم ئیدارەیە بەم شەڕەی ئێستای ئۆكرانیا كاریگەری دەبێت لەسەر بایەخ و گرنگیدانی ئەمریكا بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ بۆ نموونە پرسی گفتوگۆكانی پەیوەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە. لێرەدا من دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەگەر ئیدارەی بایدن بیركردنەوەیەكی ستراتیژی هەبێت- كە من دڵنیا نیم لەوەی هەیبێت-ئەوا ئەم دۆخەی هاتووەتەئاراوە دەكاتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی پەیوەندیی نزیك دروست بكات لەگەڵ ئێراندا، چونكە نیگەرانییەكی گەورە هەبوو لە بارەی نەوت و غازی ڕووسیاوە، كە دەكرێت یەكێك لە بەدیلەكان بریتی بێت لە ئێران، بەڵام پێم وانییە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەم ئاراستە و ئاقارەدا بیر بكاتەوە و هەنگاو هەڵبگرێت.

 

Top