برادەر : هونەر تەنیا بە پارە و ڕیكلام پێش ناكەوێ

برادەر : هونەر تەنیا بە پارە و ڕیكلام پێش ناكەوێ

ساڵی 1958 هونەرمەند برادەر لە ناوچەی مێردین لە خانەوادەیەكی هونەردۆست هاتووەتە دنیا، لە ساڵی 1976 لە شاری وان بە تۆمەتی گوتنی گۆرانیی كوردی زیندانی كراوە، دوای 12 ساڵ ناچار بوو كوردستان جێبهێڵێت و ڕووی لە وڵاتی هۆڵەندا كرد، جگە لە گۆرانیگوتن، شیعر دەنووسێت و چەندین فیلمدا وەك ئەكتەر بەشداریی كردووە، ماوەیەكی زۆر لە هۆڵەندا و ئێستاش هەر لە كوردستان ژیان بەسەر دەبات.

برادەر : هونەر تەنیا بە پارە و ڕیكلام پێش ناكەوێ

* برادەر تیشك دەخاتە سەر بارودۆخی ئێستای هونەری كوردی و دەڵێت: «بەداخەوە هەموو شتێك بووەتە ڕیكلام و پارە، هونەریش تەنیا بە پارە و ڕیكلام پێش ناكەوێ، ئەم هونەرە كاتییە و دوای ماوەیەك لەبیر دەكرێ، ئەگەر یاسایەك نەبێت وەكو هونەرمەند مافەكانت بپارێزێت، چۆن هونەر پێش بكەوێت، من چەند بەرهەمێكم لە كوردستان تۆمار كرد، دوای ماوەیەك لە زۆربەی كەناڵ و ڕادیۆكان گۆرانییەكەم بڵاوكرایەوە بێ ئەوەی یەك دۆلاریشم بۆ بگەڕێتەوە، ڕەنگە هونەرمەندانیش هۆكارێك بن لەو بارودۆخەی ئێستای هونەری كوردی، چونكە بەشێك لە هونەرمەندان گۆرانییەكانیان بەردەوام نمایش دەكرێت لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، كە ڕەنگە لە ئاستی پێویستیشدا نەبن، بەڵام گۆرانیش هەیە لە بەرزترین ئاستە و نمایش ناكرێت».

بۆ پێشخستنی هونەری كوردی برادەر دەڵێت: «گرنگترین كار بۆ پێشخستنی هونەر بریتییە لەوەی كە بەردەوامی پێ بدرێت، لە كوردستانی ئازاد دەرفەتی باش هەیە، پێویستە ئێمە هەوڵ بدەین ئەوەی لە دەستمان هەیە بەكاری بهێنین، بەڵام هونەر و هونەرمەندان پێویستیان بە یارمەتی هەیە بۆ بەردەوامی، هەروەها گرنگترین شت ئەوەیە كە ڕێز لە هونەرمەندان بگیرێت و ئەرك و ماندووبوونەكەیان لەبەرچاو بگیرێت».
سەبارەت بە ئاستی سینەمای كوردی كە چۆنە، دەڵێت: «خۆم لەگەڵ مۆسیقا كاری شانۆ و سینەماش دەكەم، لە زۆر فیلم لەگەڵ هۆڵەندی و ئەڵمانییەكان ڕۆڵم بینیوە، بێگومان سینەمای كوردی ئێستا هەنگاوی باشی ناوە و جۆرێك لە دەركەوتنی سینەمای كوردی بە ئاشكرا هەستیی پێ دەكرێت و بەردەوام فیلم بەرهەم دەهێنرێت و، لە فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا بەشدارییان كردووە و گەیشتوونەتە فیستیڤاڵی كان ئەمەش كارێكی زۆر باشە، بەڵام سینەما ئەو بەشە گرنگەی هونەرە كە پێویستیی بە پارەیەكی زۆر، پسپۆڕی، فێربوون وخوێندن خەبات ماندووبوونێكی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی پەرەی پێ بدرێت.
سەبارەت بەوەی بۆچی دەركەوتنی لە فیلمە كوردییەكاندا وەكو پێویست نییە، دەڵێت: «ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی پێنەدانی میدیاكانی كوردستان بە كارەكانمان، چونكە من پێشتر بەشداریم لە زنجیرە درامایەكدا كردووە بە ناوی (كوڵانەكانی غەریبی) كە پێنج ئەڵقە بوو و نمایش كرا، لێرەدا دەمەوێ باسی ئەوە بكەم كە لە ساڵی 1995 بۆ یەكەم جار بەشداریم لە فیلمێكی درێژی هۆڵەندیدا كرد، كە ماوەكەی 90 خولەك بوو، ئەم فیلمە حەوت خەڵاتی بەدەست هێنا، دواتر بەشداریم لە فیلمی (شۆڕش و شیرین) كرد كە باس لە هەڵەبجە دەكات، لە بەرهەمهێنانی زانكۆی هامبۆرگ بوو، ئینجا لە فیلمێكی دیكە بەشداریم كرد بە ناوی (گەنگستر بۆی) و چەندین فیلمی دیكە كە هەموویان بە زمانی هۆڵەندی بوون.
لەبارەی چوونی بۆ نێو بواری سینەما لە هۆڵەندا، برادەر دەڵێت: «كاتێك لە باكووری كوردستان بووم بواری شانۆم خوێند، بەڵام چوونم بۆ نێو بواری سینەما بە ڕێكەوت بوو، لە هۆڵەندا ساڵی 1995 فیلمێك بەرهەم هات بە ناوی (ئەو مناڵەی قسە ناكات) ویستیان كوڕەكەم ڕۆڵی تێدا ببینی، بەڵام كاتێك هاتنە ماڵی ئێمە و كوڕەكەمیان بینی، گوتیان ئەمە گەورەیە و بۆ ڕۆڵەكە گونجاو نییە، ئەو كات دەرهێنەری فیلمەكە كە ناوی (بەنسۆن بۆخارت) كە یەكێكە لە دەرهێنەرە ناسراوەكانی هۆڵەندا، گوتی كە تۆ فەیسێكی سینەماییت هەیە، بۆچی نایەیت بەشداری بكەیت؟ منییش وتم لە سینەمای بەشداریم نەكردووە، بوڵام چوومەتە سەر شانۆ، ئەویش گوتی ئاساییە ئێمە ژمارەیەك منداڵمان دۆزیوەتەوە، بەڵام هەندێكیان نازانن بە كرمانجی قسە بكەن و هەندێكی دیكەشیان كورد نین، حەز دەكەین یارمەتیمان بدەی بۆ ئەوەی فێرە زمانی كوردییان بكەین، منیش چووم لە بواری وەرگێڕان و فێركردن هاوكاریم كردن، بەڵام دەرهێنەرەكە گوتی حەز دەكەم تۆ ڕۆڵی باوك ببینیت، بەم شێوەیە هاتمە نێو بواری سینەما، لە هۆڵەندا نووسینگە هەن سیڤی لە ئەكتەرەكان وەردەگرن كاتێك ڕۆڵێكیان هەبێت و بزانن ئەو ئەكتەرە بۆ ئەم ڕۆڵە دەشێت، بانگی دەكەن».
سەبارەت بەوەی كە زیاتر چ ڕۆڵێكی پێ دەسپێرن، دەڵێت: «ڕۆڵی بیانی و غەریبە، چونكە ئێمە لە ڕووی زمانەوە ناتوانین بە تەواوی وەك كەسێكی هۆڵەندی ڕۆڵەكان ببینین، بە هەمان شێوە كەسێكی هۆڵەندیش ناتوانێت ڕۆڵی كەسێكی بیانی، یان پەنابەر ببینێت، بەداخەوە میدیای هۆڵەندی زیاتر گرنگی بە كارەكانمان دەدات و لە میدیای كوردی بەو شێوەیە نییە، جگە لە سینەما من لە شانۆش بەشداریم كردووە .

Top