ستوارت كۆفمان پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی دیلانوێر بۆ گوڵان: هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا هەڵەیەكی گەورەیە، بەڵام ڕەنگە پوتین ئەم كارە ئەنجام بدات
ستوارت كۆفمان پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی دیلانوێر، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، ستراتیژیەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا و مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، پێشتریش لە ستافی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ئەمریكا بەڕێوەبەری كاروباری ڕووسیا و ئۆكرانیا بووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پەیوەست بوون بە پەرەسەندن و پێشهاتەكانی قەیرانی ئۆكرانیا و تاوتوێكردنی ئەگەرەكان لە بارەی ئەوەی ئایا ئاراستەی بارودۆخ و تەنگژەكە بە چ ئاقارێكدا دەڕوات.
* چۆن لە بارودۆخی ئێستای ئۆكرانیا دەڕوانیت، بە تایبەتی كە باس لە ئەگەری هەڵكشانی زیاتری بارگرژییەكان و تەنانەت داگیركاری و هێرشی سەربازیش دەكرێت؟
- بە تێڕوانینی من دۆخەكە لە مەودای نزیكدا بەرەو بارگرژیی زیاتر و هەڵكشانی زیاتر دەچێت، بە دڵنیاییەوە هێشتا هەڕەشەكانی ڕووسیا كۆتاییان نەهاتووە، هەروەها هێشتا ئەوەی ڕووسیا پێی دەڵێت: «مانۆڕە سەربازییەكان»ی كۆتایی نەهاتووە. كەواتە من پێشبینی ئەوە دەكەم كە لە ڕۆژانی داهاتوودا بارگرژییەكان زیاتر ببن و ڕووسیا هێزی سەربازی زیاتر كۆبكاتەوە و، بەردەوام دەبێت لە هەڕەشەكردن لە ئۆكرانیا و ناچاركردنی ئۆكرانیا، یان ئەمریكا بە سازشكردنی دیپلۆماسی و سیاسی. بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە من باوەڕم وا نییە ئەو سازشانە بۆ ڕووسیا بكرێت، چونكە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێی وایە داخوازییەكانی ڕووسیا نالۆژیكین و زیادەڕەوییان تێدایە و جێبەجێكردنیان كارێكی مەحاڵە. هەروەها بە دڵنیاییەوە ئەمریكا پاشگەز نابێتەوە لە پابەندبوونەكانی بەرامبەر ئەندامانی ناتۆ لە پەیوەندی بە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە. ئەمە كارێكی تەواو مەحاڵە.
* باشە پێت وایە ئاراستە و ئاقاری دۆخەكە زیاتر بەرەو چ ئەگەرێك دەڕوات؟ ئایا پێشبینی دەكەیت كە لە كۆتاییدا لایەنەكان پەنا ببەنە بەر گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێگاچارەی دیپلۆماسی بۆ خاوكردنەوەی گرژییەكان، یان ئەوەتا دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت و ئەگەری پەلاماردان و هێرشی سەربازی نزیكە؟
- لە ڕاستیدا ڕەنكە ڕێگاچارەیەك هەبێت بۆ دەربازبوون لەم دۆخە بەوەی ڕێككەوتن بكرێت كە ڕێگە بە ئۆكرانیا نەدرێت ببێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام زۆر زەحمەتە وێنای ئەوە بكەین كە ڕێككەوتنێكی لەم چەشنە بەدی بێت و بێتەئاراوە. لە بەر ئەوە من پێم وایە دوو ئەگەر لە ئارادایە، یان ئەوەتا سەرۆكی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتین پاساوێك دادەتاشێ و وای پیشان دەدات كە سازشی بەدەست هێناوە و، لەسەر ئەم بنەمایەش سەركەوتن ڕادەگەیەنێت و كۆتایی بە قەیران و تەنگژەكە دەهێنێت، هەر چەندە ئەمە بەمانای شكستی ڕووسیا دێت، بەڵام من پێم وایە ئەمە هەنگاوێكی ژیرانە دەبێت ئەگەر پوتین جێبەجێی بكات، پێگەی خۆی باشتر دەكات، هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەم لە سەر ئاستی ناوخۆش. ئەگەرەكەی دیكە ئەوەیە كە بڕیار بدات كردەوەیەكی سەربازی ئەنجام بدات و هەڕەشەكانی جێبەجێ بكات، كە ئێمە دەزانین چەندین بژارەی سەربازییش لەبەردەم ڕووسیادا هەیە لە پەیوەندی بە قەیرانی ئۆكرانیاوە، چونكە حاڵی حازر هێزەكانی ڕووسیا لە هەر چوار لاوە دەوری ئۆكرانیایان داوە، هەر یەكێك لەو هێزانەش دەتوانێت جووڵە بەرەو شارێكی سەرەكیی ئۆكرانیا بكات، دەتوانێت لە لای بیلاڕووسیاوە هێزەكانی چڕ بكاتەوە و هێرش بكاتەسەر پایتەختی ئۆكرانیا (كییف). هەروەها بۆی هەیە هێرشی ئەلیكترۆنییش بگرێتەبەر، لە هەمان كاتدا ئەگەری ئەوە هەیە هێرشی مووشەكیش ئەنجام بدات. مەبەستم ئەوەیە مەحاڵە بتوانرێت بزانرێت كە ڤلادمیر پوتین چ هەنگاوێك دەگرێتەبەر و چ كارێك ئەنجام دەدات. لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین حوكمڕانییەكی تاكڕەوانە لە ڕووسیادا جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، واتە تاكە كەسێك بڕیارەكان دەدات، بۆیە مەحاڵە بتوانین پێشبینی بكەین كە چی ڕوودەدات. لە نێو هەموو ئەم پەرەسەندنانەدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێك بكەم، ئەویش ئەوەیە كە زیادەڕوی كراوە لە مەزەندەكردنی توانا ستراتیژییەكانی ڤلادمیر پوتیندا، واتە وا مەزەندە دەكرێت كە پوتین پلانداڕێژەرێكی زۆر مەزنە، بەڵام ئەگەر ئێمە ئاوڕ لە ساڵانی ڕابردوو بدەینەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین بڕیارەكەی بۆ داگیركردنی بەشێك لە ئۆكرانیا لە هەموو ڕوویەكەوە كاریگەریی خراپی هەبوو لە سەر پێگەی ڕووسیا لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە هەمووشی گرنگتر بووە هۆی یەكخستنی زۆرینەی ئۆكرانییەكان لە دژی ڕووسیا، واتە ئامانجێكی ناسیۆنالیستی یەكگرتوویی لە نێو ئۆكرانییەكاندا لە دژی ڕووسیا دروست كرد، كە پێشتر بوونی نەبوو. كە واتە ئەوەی لە ساڵی 2014دا ڕووی دا، بریتی بوو لە هەڵەیەكی گەورە لەلایەن پوتین و ڕووسیاوە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانم بڵێم كە هێرشێكی دیكە كاریگەریی خراپی دەبێت لە سەر ڕووسیا، بەڵام ڕەنگە لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەنجامی بدات.
* بەڵام خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنت چییە بۆ سیاسەت و ئەدای ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن لە ئاست ئەم قەیرانەدا؟ ئایا پێت وایە سیاسەتێكی واقیعبینانەی پیادە كردووە لەم ڕووەوە، یان دەبوو شێوازێكی جیاوازتری بگرتایەتەبەر لەگەڵ ڕووسیادا؟
- لە ڕاستیدا ئەوەی تا ئێستا بەدی كراوە، ئەوەیە كە ئەم ئیدارەیەك سیاسەتێكی بەرپرسیارانە و تا ڕاددەیەك بەهێزی گرتووەتەبەر، ئەوەش ئاشكرایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ملكەچی هەڕەشەكان نابێت، كە ئەمەش كارێكی ژیرانە و باشە، لە هەمان كاتدا ئەمریكا هیچ ڕێكارێك ناگرێتەبەر بۆ ئەوەی دۆخەكە بەرەو هەڵكشان ببات، كەواتە لەم دوو ڕووەوە سیاسەتێكی تەواو گونجاو و لەباری گرتووەتەبەر. ئێستاش گفتوگۆیەك دەكرێت لە نێو ئەمریكا لە بارەی پێویستی هێنانەئارای گۆڕانكارییەكی كەم لە سیاسەتی ئەم وڵاتەدا، هەندێك پێیان وایە دەبوو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سیاسەتێكی توندتری پیادە بكردایە و پێویست بوو چەكی زیاتری بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر بكردایە، یان تەنانەت هەڕەشەی ئەوەی بكردایە كە هێزەكانی ئەمریكا دەستێوەردان لە بارودۆخەكە دەكەن، بەڵام پێم وایە ئەمانە كارێكی نابەرپرسیارانەن، چونكە بە دڵنیاییەوە هەر هەڕەشەیەكی ئەمریكا لە بارەی دەستێوەردانی سەربازییەوە -هەروەك سەرۆك جۆ بایدنیش ئاماژەی پێ كرد- ڕەنگە سەربكێشێت بۆ جەنگی سێیەمی جیهانی و ئەمەش لە بەرژەوەندیی كەس نابێت، لەبەر ئەوە پێم وایە كارێكی باشە كە ئیدارەی ئەمریكا ئەوەی بە ڕوونی ڕاگەیاندووە كە نایەوێت دەستێوەردانێكی سەربازیی ڕاستەوخۆ بكات لە بارودۆخەكەدا. لە بنەڕەتدا دابینكردنی چەك بۆ ئۆكرانیا بیرۆكەیەكی باشە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە كاتێكی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی سوپای ئۆكرانیا فێری بەكارهێنانی ئەم چەكانە ببن و بەو پێیە لەم قەیرانەدا هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕن. كەواتە بە تێڕوانینی من ڕەخنەگران هەڵەن لەو ڕووەوە كە پێشنیاری ئەوە دەكەن دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڵوێستێكی توندتری بگرتایەتەبەر، چونكە هەڵگیرسانی شەڕ لە ئۆكرانیا لە بەرژەوەندیی ئەمریكا نابێت و بێگومان بەرژەوەندیی ئەمریكاش لەوەدا نابێت كە هەڕەشەیەك بكات كە پێشوەختە دەزانێت، جێبەجێی ناكات. ئەگەرێكی دیكە-هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، ئەوەیە كە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەكی دیپلۆماسی بدرێت، كە تەوەری ئەم ڕێگاچارەیەش ئەوە بێت ئۆكرانیا نەبێتە ئەندامی ناتۆ، كە ڕوونە ئۆكرانیا لە ئایندەیەكی نزیكدا- لە چەند ساڵی داهاتوودا- نابێتە ئەندامی ناتۆ، كەواتە دەكرێت ڕێككەوتن بكرێت لە بارەی ئەوەی ئۆكرانیا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو نەبێتە ئەندامی ناتۆ، بۆ نموونە بۆ دە ساڵی دیكە، كە ڕەنگە ئەمە سازشێكی ڕەمزی بێت كە سەرۆك ڤلادمیر پوتین پێویستی پێیە بۆ ئەوەی كۆتایی بە قەیرانەكە بهێنێت و، ڕازی بێت بۆ ئەوەی لە ئایندەدا گفتوگۆی زیاتر ئەنجام بدرێت. بە بۆچوونی من ئەمە باشترین ڕێگای بەرەوپێشچوونە و ئەگەری ئەوەش هەیە ئیدارەی سەرۆك بایدن كارێك لەم چەشنە بكات و پێی ڕازی بێت، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین.