کەشتییەكی ئیسپانی لەنزیک کەناراوەکانی کەنەدا نوقم دەبێت و 7 کوژراو و 14 کەس بێسەروشوێن دەبن
لە دوای دۆزینەوەی تەرمی 3 كەسی دیکە، ژمارەی کوژراوانی کەشتییەکی بچووکی نقومبووی ئیسپانی لە نزیک کەناراوەكانی کەنەدا لە زەریای ئەتڵەسی بەرزبووەتەوە بۆ 7 كەس ، تیمەكانی فریاكەوتن توانیان ژیانی3 كەس لەسەر کەشتی ماسیگریی تایبەت ڕزگار بکەن.
بە وتەی برایان ئۆونز، وتەبێژی سەنتەری هەماهەنگی تیمی فریاكەوتنی کەنەدا، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی کەسانی دیکەی ئەو کەشتییەی کە لە نزیک دوورگەی نیوفاندلەند نوقم بووە، ئەوەشی خستەڕوو، کە بە هۆی دۆخی كەش و هەواوە ئۆپراسیۆنی رزگارکردن قورستر بووە.
لە 24 سەرنشینی ناو کەشتییەکە، تا ئێستا 14 کەس بێسەر و شوێنن، بەوتەی دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا هەشت لە سەرنشینەكان بیانی بوون، بەپێی وتەی وەزارەتی گواستنەوەی ئیسپانیا هۆکاری نقومبوونی کەشتییەکە نازانرێت، بەڵام لە كاتی ڕوودداوەكە بەهۆی باو تەموومژەوە ئاستی بینین كەم بووە و بارودۆخی کەش و هەوا گونجاو نەبووە.
ئۆپەراسیۆنی تیمی فریاكەوتنی کەنەدا بە بەکارهێنانی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی سەربازی و کەشتییەکی پاسەوانی کەناری و چەند بەلەمێک ئەنجام دەدرێن.
گوڵان: سەردار خەلیل