هەندرێن خۆشناو بەشداریکرد لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کاریکاتێریی (گوڵ)

هەندرێن خۆشناو بەشداریکرد لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کاریکاتێریی (گوڵ)

هەندرێن خۆشناوی شێوەکار و کاریکاتێریستی پێشەنگی کورد، لە دوایین چالاکییە هونەرییەکانی خۆی، بەشداریکردن بوو لە فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی کاریکاتێریی و کارتۆنی، لەژێر ناونیشانی (گوڵ) کە لە شاری فەیومی وڵاتی میسر سازدرا، هونەرمەند سەرەڕای نەبوونی هیچ پاڵپشتیەکی مادی و مەعنەوی، کەچی بەردەوامە لە کارە هونەریی و چالاکییەکانیدا، چالاکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.

سەبارەت بەم چالاکییە هونەرییە نوێیەش بۆمان دوا و گوتی: ئەم فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییە خولی یەکەمە، رۆژی هەینی ٤ی فبرایەر، لە مۆزەخانەی کاریکاتێر لە شاری فەیوم کرایەوە، ئەم پێشانگایە نێودەوڵەتیە بە سپۆنسەر و رێکخستنی سەنتەری کاریکاتێریی فەیوم و گۆڤاری ئەلیکترۆنی توماتۆ کارتۆن بوو، و هەتا 15ی مانگ بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە کردنەوەی ئەم پێشانگایەش خۆشناو گوتی: مەبەست لەم پێشانگا کاریکاتێریەش بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەیی، و بایەخدان بە گوڵ و رووبەری سەوزایی، و هاندانی هاوڵاتیان بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە بە هەموو جۆرەکانیەوە بوو، ئەمانەش هەمووی لە تابلۆ بەشدارە گاڵتەجاڕەکانی پێشانگاکە رەنگیدایەوە.
سەبارەت بە ژمارەی هونەرمەندانی بەشداربووش گوتی: 404 هونەرمەندی کاریکاتێر لە 63 وڵاتەوە زیاتر لە 900 کارتۆنیان بۆ فیستیڤاڵەکە ناردبوو، لێژنەی دادوەری هونەریی فیستیڤاڵەکەش کە لە چەند هونەرمەندێکی ٦ وڵاتەوە پێکهاتبوون، 236 کاری 210 هونەرمەند لە 60 وڵاتەوە پەسەندکرد و لە پێشانگاکە نمایشکران.
هەروەها خۆشنا گوتی: ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی بوو لەم فیستیڤاڵەدا چەند کارتۆنیستێکی کوردی تریش بەشداربوون، ئەوانیش بەڕێزان گرفتار کاکەیی و بەکر عەبدولڕەحمان و جەبار سابیر بوون.
هەندرێن خۆشناو درێژەی بە قسەکانیدا و گوتی: لە چالاکیەکانی فیستیڤاڵە کاریکاتێریەکەش بێجگە لە پێشانگا کارتۆنیە سەرەکیەکە، بریتیبوون لە ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی ساڵیادی لە دایکبوونی محەمەد عیفەتی کاریکاتێریستی کۆچکردووی میسری، و کردنەوەی پێشانگایەکی پۆرترێتی کاریکاتێری بۆ هونەرمەندی کۆچکردوو، کە بریتی بوو لە 30 کاریکاتێر، هەروەها نمایشکردنی چەند کارێکی هونەرمەندی کۆچکردوو محەمەد عیفەت، هەروەها بەستنی کۆڕێک سەبارەت بە هونەرمەندی ناوبراو و خوێندنەوە بۆ کارەکانی.
ئەوەی ماوە باسی بکەین، خاتوو ئەگیار فێرناندێزی باڵیۆزی کوبا لە قاهیرەی پایتەخی میسر، و شێوەکاری میسری محەمەد عەبلە دامەزرێنەری سەنتەری هونەریی فەیوم، و مستەفا شێخ سەرۆکی کۆمەڵەی کاریکاتێریستانی میسر، لە کردنەوەی پێشانگا کاریکاتێرییە نێودەوڵەتیەکە ئامادەبوون.

Top