كۆماری ئازەربایجان هەشت دیلی ئەرمەنیی ئازاد كرد

كۆماری ئازەربایجان هەشت دیلی ئەرمەنیی ئازاد كرد

 

 

كۆماری ئازەربایجان ڕۆژی دووشەممە لە هەوڵێکدا بۆ ئاسانکردنی گفتوگۆی تازە لەگەڵ فەڕەنسا و یەکێتی ئەوروپا لەسەر ناکۆکییە سنوورییەکانی نێوان باکو و یەریڤان هەشت زیندانی ئەرمەنیی ئازاد کرد.  

چارلس میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی یەكێتیی ئەوروپا لە تویتەر نووسیویەتی: "ئازادکردن و گەڕاندنەوەی هەشت زیندانی ئەرمەنی لەلایەن ئازەربایجانەوە ئاماژەیەکی دیکەی ئەو پێشکەوتنە ئیجابییانەیە کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و سەرۆکی ئازەربایجان و سەرۆکی ئەرمینیا هات.

ئەوەشی گوت: کە یەکێتی ئەوروپا پشتگیری لە خۆڕاگری و سەرفرازی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەكەدا دەکات.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنساش دابین كردنی فڕۆکەیەکی فەرەنسیی بۆ کۆماری ئازەربایجان ڕاگەیاند، بۆ گواستنەوەی زیندانییە ئەرمەنیە ئازادکراوەکان و لە تویتەریش سوپاسی هەوڵەکانی دیپلۆمات و ئەو سەربازانەی کرد کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەشداربوون.   

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، هێزەكانی کۆماری ئازەربایجان هێزەکانی ئەرمەنییان لە ناوچەكانی دەورەبەری ناگۆرنۆ-قەرەباغ کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە کۆنتڕۆڵیان كردبوو، دوورخستەوە و پاشان بە نێوەندگیری ڕووسیا ئاگربەست ڕاگەیێنرا.

سێ وڵات بە ناوەكانی ئەرمینیا و ئازەربایجان و ڕووسیا - پاشان لە مانگی تشرینی دووەمدا ڕایانگەیاند: کە گەیشتوونەتە ڕێکەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕێکی خوێناوی کە زیاتر لە مانگێکی خایاند.

دوو وڵاتی دراوسێ ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە سەرەتای سەربەخۆییەوە لە دوای ڕووخانی سۆڤیەتەوە پەیوەندی گرژیان هەبوو، لە کاتێکدا لە جەنگی یەکەمی ناگۆرنۆ -قرەباغ کە لە ساڵی 1988 تا 1994 درێژەی کێشا، هێزەكانی جیاخوازیی ئەرمەنی بە یارمەتی ئەرمەنستان توانیان ناوچە نا ئەرمەنییەکان داگیر بكەن.

بەڵام لە شەڕی 2020دا شەپۆلەكەی گۆڕی و ئەرمەنستان ناچارکرا هێزەكانی خۆی لە ناوچەكانی دەست بەسەرداگیراودا بكشێنێتەوە.

ڕووسیا بە نێوەندگیری ڕێککەوتنی ئاگربەست و ناردنی هێزی ئاشتی پارێز بۆ ناوچە ستراتیژییەکان کاریگەری خۆی لە قەفقاز دووپات کردەوە، بەڵام یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدات بە ڕۆڵگێڕانی کاراتر لە ناوچەکەدا بەرەنگاری باڵادەستی ڕووسیا ببێتەوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top