حوسێن حەمە كەریم وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ گوڵان: ئێمە كێشەی ئیدارەدان و كۆكردنەوە و گلدانەوەی ئاومان هەیە، نەك كێشەی وشكەساڵی

حوسێن حەمە كەریم  وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ گوڵان:  ئێمە كێشەی ئیدارەدان و كۆكردنەوە و گلدانەوەی ئاومان هەیە، نەك كێشەی وشكەساڵی

 

 

بەفر و بارانی ئەمساڵ مەترسییەكانی وشكەساڵیی كەم كردەوە و ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی ڕووی لە زیادبوون كردەوە، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕێژەی بارانبارین و بەفربارینی ئەمساڵی بە ئومێدبەخش وەسف كرد، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بە دروستكردنی بەنداو و گرنگیدان بە پڕۆژەكانی ئاودێری، دیدارێكمان لەگەڵ حوسێن حەمە كەریم وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سازدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

* لەگەڵ هاتنی شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، مەترسییەكانی وشكەساڵی كەم بووەوە، ئایا دەتوانین بڵێین دوای ئەو بەفر و بارانە بە تەواوەتی ئەو مەترسییە كۆتایی هاتووە؟

- هاتنی ئەم شەپۆلەی بەفر و باران لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان ئومێدبەخش بوو، بەوەی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی زیاد بكات، ئەگەرچی هێشتا زووە بڕیاری كۆتاییهاتنی وشكەساڵی بدرێت، چونكە بارانبارین لە نیوەی یەكەمی وەرزەكەدا دواكەوتووە و نازانرێت لە سێ مانگی داهاتوودا بارانبارینەكە چۆن دەبێت، هێشتا وەرزی بارانبارین لە هەرێمی كوردستان لە مانگەكانی دوو و سێ و چواری ئەمساڵیشدا ماوە، هەرچەندە داتا و ئامارەكان ئەوە دەردەخەن كە بارین بەتایبەتی بەفربارینی ئەمساڵ سوودێكی یەكجار زۆری بۆ دەوڵەمەندكردنی ئاوی ژێر زەوی و بووژانەوەی كارێز و كانیاوەكان هەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی بەفربارین كۆمەڵێك سوودی دیكەشی هەیە بۆ كشتوكاڵ، كە وەكو بارانبارینی بەخۆڕ نییە كە بەشێكی زۆری خۆڵ و خاك لەگەڵ خۆیدا ڕادەماڵێت و دەڕوات، بە پێچەوانەوە بەفر لەسەرخۆ و بە هێواشی دەتوێتەوە و بە ناخی زەویدا دەچێتە خوارەوە و بۆ زیادكردنی ئاوی ژێر زەوی باشە. لەلایەكی دیكەوە بەفربارین بۆ لەناوبردنی مێرووە زیانبەخشەكانیش بەسوودە، دارودرەختە بەردارەكان و گەڵا وەریوەكان دەبووژێنێتەوە، بەتایبەتی درەختی قۆخ و سێو و قەیسی و هەڵووژە و هەموو درەختە بەردارەكانی دیكە، كە بە بەرهەمە ناوكە بەردینەكان ناسراون، ئینشائەڵا لە وەرزی دووەمی بارانبارینیشدا بارانێكی باش دەبارێت، بەتایبەتی لە هەردوو مانگی دوو و سێ كە بۆ بەرهەمی گەنم و جۆ زۆر بەسوودە و كۆتایی بە وشكەساڵی دەهێنێت و، وەرزێكی بەهاری خۆش چاوەڕوانی گەلی كوردستان دەكات، كە ئەمەش بۆ بووژانەوەی نەك تەنیا كەرتی كشتوكاڵ بەڵكو بۆ ئاژەڵداری و كەرتی گەشتوگوزاریش گرنگە .

* ئێوە وەكو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێتان وانییە گۆڕانكارییەكان لە كەشوهەوا و ژینگە كاریگەریی لە سەر هەرێمی كوردستانیش هەیە؟

- گۆڕانكاری لە كەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە دیاردەیەكی زۆر مەترسیداری جیهانییە و لەسەر هەموو ناوچە جیاجیاكانی جیهان بەشێوەیەكی زۆر خراپ ڕەنگی داوەتەوە و كاریگەریی خراپیشی لەسەر ئێمەش هەیە، هەموومان ڕۆژانە كاریگەرییە خراپەكانی ئەم تێكچوونەی ژینگەو كەشوهەوا دەبینین، وابزانم لافاو و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و دابەزینی لەناكاوی پلەكانی گەرما و وشكەساڵی و باوبۆران و شەختە و زیادبوونی پەتا و نەخۆشی، نموونەیەكی بەرچاوی ئەم دیاردە مەترسیدارەی پیسبوونی ژینگەیە و كاریگەریی لەسەر كەشوهەواش هەیە، هەموومان پلە گەرمە بەرزەكەی وەرزی هاوینی ساڵی ڕابردوومان بینی و كاریگەرییە خراپەكانی لەسەر وشكبوونی درەخت و بەبیابانبوونی خاك و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی و دەریاچەكان و وشكبوونی ڕووبار و كانیاو و كارێزەكان مەترسییەكی گەورەیە و حكومەتی هەرێمی كوردستان ژووری ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵیی بۆ دانابوو، ئەمساڵیش بارانی بەلێزمە و هەورە تریشقە و بەفر و شەختە و دابەزینی پێوانەیی پلەكانی گەرما لە هەندێك شوێن بۆ خوار 20 پلەی سەدی، زیانی گیانی و ماڵیی زۆری لێ كەوتەوە، كەچی ئەمساڵ بەفر و سەرما بە شێوەیەك بوو كە لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان شەختە و پلەكانی گەرما زۆر مەترسیدار هاتەخوارەوە، بەڵام بە گشتی ئەم باران و بەفرە تا ڕاددەیەكی باش سوودمەندە.

* ئەو هەموو باران و بەفرە ئەمساڵ باری، بەداخەوە ئاوەكەی هەر بەفیڕۆ دەچێت؛ پێت وانییە هەرێمی كوردستان گرفتی كۆكردنەوە و ئەمباركردنی ئاوی هەیە، نەك وشكەساڵی، بەتایبەتی كە لە وەرزی ئەمساڵی زستاندا بارانێكی زۆر باری، بەڵام نەمانتوانی سوودێكی ئەوتۆی لێ وەربگرین؟

- گرفتی كەمئاوی لە زۆر كیشوەری جیهاندا و بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەری هەڵداوە و تا دێت خراپتر دەبێت، پسپۆڕانی ئەم بوارە پێیان وایە لە داهاتوودا لەسەر كێشە گەورەكانی ئاو لە نێوان وڵاتاندا جەنگی گەورە بەرپا دەبێت، بە هۆی وشكەساڵییشەوە تۆپۆگرافیای دانیشتووانیش گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، هەرێمی كوردستان لە نێوان عێراق و توركیا و ئێران و سووریا لە ناو جەرگەی كێشەكانی ئاودایە، ئەو وڵاتانە هەر یەكەو لە خەمی ئەوەدایە چۆن كێشەكانی كەمئاویی وڵاتەكەی خۆیان چارەسەر بكەن، بگرە ئەو وڵاتانە بە بەرنامە و پلان دەستیان بە جێبەجێكردنی زانستی دروێنەی ئاو كردووە و، زۆر بە خراپی ڕوویان لە دروستكردنی بەنداو و گۆڕینی ڕێڕەوی زێ و ڕووبار و لقەكانی ئەو ڕووبارانەش كردووە، كە دەڕژێنە ناو هەرێمی كوردستان و وڵاتی عێراق و سووریاوە، واتا هەر وڵاتەو لە خەمی خۆیدایە و هیچ حیسابێك بۆ وڵاتەكەی دیكە ناكات، ئێمە لە هەرێمی كوردستان نابێت لە چاوەڕوانی ئاوڕلێدانەوەی ئەو وڵاتانە و گفتوگۆ و شاندی دانوستان و بردنی كێشەكە بۆ دادگا نێودەوڵەتییەكان بین، دەبێت بە هەمان شێوە خەمی خۆمان بخۆین و كارێكی زۆر بكەین لەسەر كۆكردنەوەی ئاو و بەفیڕۆنەچوونی ئەو بارانەی كە لە وەرزی زستان و بەهاردا دەبارێت، ئێمە كێشەی ئیدارەدان و كۆكردنەوە و گلدانەوەی ئاومان هەیە نەك وشكەساڵی، ئەو هەموو بارانە باری، لە بەر نەبوونی بەنداو زۆری ڕۆیشت و سوودێكی ئەوتۆمان لێ نەبینی، ئێمە بە دووكان و دەربەندیخان و دهۆكەوە 17 بەنداومان هەیە كە تەواوبوون و 19 بەنداوی دیكەش لە ساڵی2014 بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیدا ڕاوەستابوو، بەخۆشحاڵییەوە بەشێكی زۆری ئەم بەنداوانە كاركردن تێیدا دەستی پێ كردووەتەوە و بودجەی بۆ تەرخان كراوە، هەروەكو چۆن نۆ بەنداوی دیكەی مامناوەند و گەورە لە پارێزگاكانی كوردستان دیاری كراوە بۆ دروستكردن، لەوانە سێ بەنداو دیاری كراوە بە شێوەی هاوبەشی لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتی دروست بكرێت و، ژمارەیەك كۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەوە تەندەریان پێشكەش كردووە و لە قۆناغی كۆتاییدایە، ئەمەش كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر كۆكردنەوەی ئاو، بەتایبەتی لە ناوچەكانی خۆیان، بۆ نموونە بەنداوی سماقوڵی 800 مەتر چوارگۆشە ئاو دەگرێت، خۆ ئەگەر وەكو ئەمباركردنی ئاو سەیری بكەیت، كەمە، بەڵام لە ڕووی گەشتوگوزار و دەوڵەمەندكردنی ئاوی ژێر زەوی و سامانی ماسی و چەند بوارێكی دیكەوە سوودی خۆی بۆ ناوچەكە هەیە، بەپێی ئەو پلانەی كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەكان دایڕشتووە، بەم بەنداوانەی كە ئێستا تەواو بووە و بەوانەی كاریان تێدا دەكرێت، ژمارەی بەنداوەكانی كوردستان دەگاتە 250 بەنداو، بە تەواوبوونی ئەم بەنداوانەش هەرێمی كوردستان هەرگیز ڕووبەڕووی كێشەی وشكەساڵی و كەمئاوی نابێتەوە، لەگەڵ باشبوونی بارودۆخەكە ئومێدمان زۆرە كاركردن لەم بەنداوانە زیاتر بچنە پێشەوە.

* كەواتە هیچ ئومێدێكمان بە دەستپێكردنی گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی ناوەندی عێراق و وڵاتەكانی توركیا و ئێران نەبێت، كە لەسەر دروستكردنی بەنداو و گۆڕینی ڕێرەوی زێ و ڕووبارەكانی كە دەڕژێنە ناو هەرێمی كوردستانەوە، دژایەتیی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەن؟

- بەپێی دەستووری عێراق مەسەلەی ئاو سیادییە و لەم ماوەیەدا وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ و سامانە سرووشتییەكان سەردانی هەردوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخانیان كرد و، بەڵێنی هاوكاریی لۆجستی و لە ڕووی هونەرییەوە دا، بۆ دابینكردنی هەردوو پێداویستیی بەنداوی دووكان و دەربەندیخان و بەرزكردنەوەی توانای فەرمانبەرانی بەنداوەكان، هەرچی مەسەلەی گلدانەوەی ئاو و دروستكردنی بەنداوەكان هەیە، لە هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا پەیوەندیی بە مەركەزەوە هەیە و، پێم وانییە هیچ بكرێت و خۆم قەناعەتم بەوەیە هەر وڵاتەو دەبێت كێشەكانی خۆی چارەسەر بكات.

Top