ئەحلام حەجی بۆ گوڵان: من گەشبینم و گرنگی بە رەخنەی رووخێنەر نادەم

ئەحلام حەجی بۆ گوڵان: من گەشبینم و گرنگی بە رەخنەی رووخێنەر نادەم

شاجوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەحلام حەجی بەشداریی لە زنجیرە درامایەكی مەغریبی دەكات بە ناوی (جودیا) لە دەرهێنانی (سەفا بەرەكە) سیناریستی بەناوبانگ (بوشرا مەلاكە) و بڕیار وایە لە مانگی رەمەزانی داهاتوودا لە كەناڵی یەكەمی نیشتمانی مەغریبی نمایش بكرێت، كە بەرهەمی كۆمپانیای (دیسكۆنیكتد)ـە بۆ بەرهەمهێنانی هونەری.

لەم زنجیرەدا كە ئەحلام حەجی رۆڵێكی سەرەكی دەبینێت، هاوكات ژمارەیەك ئەستێرەی ناوداری مەغریبی بەشداریی تێدا دەكەن، لەوانە نەجات ئەلوافی، ئیبتیسام، ئەلعەروسی، حەمید ئەلزوغی، عەبدولنەبی بنیوی، هاجەر ئەلمەسدوقی و جەواد ئەلسایح ...و چەندانی دیكە.

لەم درامایەدا ئەحلام رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە گۆڕینی ڕێڕەوی زنجیرەكە دراماكەدا، كە خۆی لە تۆڵە سەندنەوەدا دەبينێتەوە و چەندین سوپرایزی تێدایە كە لەلایەن جەماوەرە پێشبینی نەكراوە.

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان سەبارەت بە ئەزموونی نواندن و ئەو رۆڵەی لە زنجیرەكەدا دەیبینێت، ئەحلام حەجی گوتی: «لە زنجیرە درامای (جودیا) رۆڵی كچێك دەبینم بە ناوی (زیزۆ) كە ئافرەتێكی جوان و سەرنجڕاكێشە، چونكە گرنگییەكی زۆر بە جواندەركەوتن و شێوازی دەرەوەی خۆی دەدات و هەمیشە جوانە، زیزۆ هاوڕێیەكی زۆر نزیكی ئافرەتی هەیە بە ناوی (فەتومە) و گشت نهێنییەكانی ئەو ئافرەتە دەزانێت، دواتر چەند ڕاستییەكی شۆك هێنەری بۆ ڕوون دەبێتەوە كە پێشبینیی نەدەكرد».

ئەحلام سەبارەت بە بەشداریكردنی لەم زنجیرە درامایەدا دەڵێت: «مایەی شانازی و خۆشحاڵیی منە كە لەگەڵ ئەم ئەستێرە ناسراوانەدا بەشداریی لە كاری نواندن دەكەم بۆ تەلەفزیۆن، ئەمە سەرەڕای ناوبانگی كۆمپانیاكە لەسەر ئاستی وڵاتی مەغریب و نیشتمانی عەرەبی كە بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ و پیشەگەرانە كارەكانیان ئەنجام دەدەن و، تا ئێستا سەركەوتنی زۆریان بەدەست هێناوە، بۆیە دڵنیاین بە بەشداریی ئەم هەموو هونەرمەند و دەرهێنەر و سیناریستە، (جودیا)ش لە هەموو ڕوویەكەوە سەركەوتوو دەبێت و یەكێك دەبێت لە كارە نایابەكانی مانگی رەمەزانی داهاتوو،هەروەها ئەوەشی ئاشكرا كرد كە كۆمپانیای (دیسكونیكتد) بۆ بەرهەمهێنانی هونەری، بەوە ناسراوە كە ساڵانە كاری سەركەوتوو پێشكەش دەكات، بۆیە كەناڵە تەلەفزیۆنییەكانی وڵاتی مەغریب بەشێوەیەكی گشتی متمانەی زۆریان بەو كۆمپانیایە هەیە، جەماوەری مەغریبی و نیشتمانی عەرەبی گەواهیدەری ئەم راستییەن».

سەبارەت بە هاندانی بۆ بەشداریكردن لەو كارەدا، ئەحلام حەجی رایگەیاند: «پێشتر لە پێشكەشكردنی چەندین بەرنامەی جیاجیا و كاریی نواندن لە دەرەوەی مەغریب بەشداریم كردووە و لە هەموویان سەركەوتوو بوون، هەروەها بەر لە ماوەیەك بەشداریم كرد لە كارێكی نیشتمانی بەناوی (هەموومان مەغریبین) وەك میوانێكی كارەكە و لە مانگی رەمەزانی رابردوودا نماییش كرا، سەركەوتنی ئەم كارە و پێشوازیی گەرمی جەماوەر وای لە من كرد كە بەشداری لە كارێكی نواندن بكەم لە وڵاتی خۆمدا و، زنجیرە درامای(جودیا)م بە دەرفەتێك زانی كە لە وڵاتی خۆمدا بەشداریی كاری نواندن كەم و لە جەماوەرەكەم نزیك ببمەوە.

سەبارەت بە پێشبینییەكانی بۆ پێشوازیی جەماوەری مەغریبی لەو كارە، ئەحلام حەجی بە گوڵانی ڕاگەیاند: «ئەوەی ڕاستی بێت من گرنگی بە رەخنەكان نادەم، بەتایبەتی ئەگەر بزانم رەخنەكان ڕووخێنەرن و ئامانجیان پێشخستنی كارەكان نییە، چونكە هەر كەسێك دەربارەی هەر كارێك بۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە، من گەشبینم و هیوادارم بتوانم جێ پەنجەم لە وڵاتەكەمدا هەبێت».

لە بارەی سەركەوتنی لە كاری خێرخوازی و نواندندا، ئەحلام حەجی دەڵیت: من خاوەن ئیرادەم، بەپێی توانای خۆم سوودم لە ئەزموونەكانی ژیانم وەرگرتووە، چونكە كات بەزەیی بە كەسدا نایەت، من بەردەوام هەوڵ و كۆششی خۆم دەدەم و لە بەرامبەر ماندوو بوونەكەشمدا زۆرخۆشحاڵم بەو كارانەی ئەنجامیان دەدەم».

ماوەتەوە بڵێین ئەحلام حەجی سەرەتا ڕووی لە بواری راگەیاندن كرد و چەند بەرنامەیەكی پێشكەش كرد، هەروەها لە ساڵی 2016 نازناوی شاجوانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاسیای بەدەست هێنا و باڵیۆزی نیازپاكییە لە مەغریب و، خاوەنی رێكخراوێكی خێرخوازییە تایبەت بە منداڵان.

Top