مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:   پابەندین بە جێبەجێكردنی چوارچێوە زەمەنییەكانی دەستوور و چیتر نابێت پرۆسەكە لەوە زیاتر دوا بكەوێت

مەحموود محەمەد  ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:     پابەندین بە جێبەجێكردنی چوارچێوە زەمەنییەكانی دەستوور و چیتر نابێت پرۆسەكە لەوە زیاتر دوا بكەوێت

 

 

پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ پارتی دەبێت و كاندیدیشمان هەڤاڵ هۆشیار زێباری-یە

 

 

لە دوای هەڵبژاردنەكانی تشرینی یەكەمی 2021 پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا وەرچەرخانی گەورەی بە خۆوە بینیوە و ئاكامەكانی هەڵبژاردن گۆڕانكاریی گەورەی لە كورسیی لایەنە سیاسییەكانی هەر سێ پێكهاتەی سەرەكی (كورد و شیعە و سوننە) دروست كردووە و، نەخشەی بۆ هاوكێشەیەكی سیاسی داڕشتووە. هەروەها لەسەر ئاستی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق هاوپەیمانییەكی بەهێز لە نێوان تەیاری سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانیی سیادەی سوننە دروست بووە، ئەم هاوپەیمانییەش لە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا، جیا لەوەی توانی دانیشتنەكە بە سەركەوتوویی بەڕێوە بەرێت، لە هەمانكاتدا توانی لە كەشێكی سەقامگیر و ئارامدا سەرۆكی پەرلەمان و هەر دوو جێگرەكەی هەڵبژێرن، لەدوای ئەم دانیشتنەشەوە بەپێی چوارچێوە زەمەنییەكانی دەستوور كە ماوەی 30 ڕۆژی دیاری كردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و دەستنیشانكردنی گەورەترین فراكسیۆن و ڕاسپاردنی كەسێك لەو فراكسیۆنە بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەم پرۆسەیەش وەك هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەكە جەختی لەسەر دەكاتەوە، لە كاتی دەستووری خۆیدا جێبەجێ دەكرێت و ناكرێت چیدیكە پرۆسەكە دوابخرێت، بۆ قسەكردن لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق و كێشە و ناكۆكییەكانی نێوانی هەردوو بەرەی شیعە (تەیاری سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە) هەروەها سەبارەت بە كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەم دیدارەمان لەگەڵ مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

 

* لە دوای هەڵبژاردنەكانی تشرینی یەكەمی 2021 كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هاتووەتە ئاراوە، ئایا پرۆسەی سیاسیی داهاتووی ئەم وڵاتە بەرەو كوێ هەنگاو هەڵدەگرێت؟

- هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆمەڵێك گۆڕانكاری بە دوای خۆیدا هێنا، گۆڕانكاریی بەرچاویش ئەوە بوو، ‌ئەو لایەنە سیاسییانەی شیعە كە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێنەوە دەسەڵاتیان لە ناو حكومەتی فیدڕاڵی بە دەستەوە بوو، ئەم جارەیان كورسیی پێویستیان بە دەست نەهێنا، ئەمەش كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە ناو ماڵی شیعە دروست كرد، لەسەر ئاستی كورد و عەرەبی سوننەش گۆڕانكاری بە سەر كورسیی لایەنەكاندا هات و، لەسەر ئاستی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارەی كورسییەكانی زیادی كرد، ئەم گۆڕانكارییانە وایان كرد، كە دەبێت بە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی كۆبووینەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا كە شاندی پارتی سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكان بكات و هەوڵ بدرێت ئەو كەشوهەوایەی لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دروست ببوو، وردە وردە بڕەوێتەوە و هەوڵەكان بۆ لێكنزیكبوونەوە و تەبایی ناوماڵی كوردستان بخرێنەگەڕ، بۆ ئەمەش سەردانی بەشی زۆری لایەنە سیاسییەكانمان كرد، بێجگە لەو یەك دوو لایەنەی كە گوتیان ئێمە بەشداریی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق ناكەین و دەبینە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام دواتر قۆناخێكی دیكە هاتە پێشەوە و گۆڕانكاریی دیكە دروست بوو لەسەر پرسی چۆنیەتی لێكنزیكبوونەوە و لێكدووركەوتنەوە.

* ئاشكرایە پێش ئەوەی هەڵبژاردنەكانیش ئەنجام بدرێت، جۆریك لە پەیوەندی و لێكتێگەیشتن لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕەوتی سەدر هەبوو، هەم شاندی ئەوان هاتنە كوردستان و هەمیش شاندی پارتی چووە لای ئەوان، ئایا پەیوەندی و لێكتێگەیشتنەكە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

- پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانیش لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەڵبەز و دابەز هەبوو، دوای ئەوەی هەندێك ڕووداو ڕوویان دا، تەیاری سەدر ڕایانگەیاند كە ئەوان بەشداریی هەڵبژاردن ناكەن، ئاشكراشە بەشدارینەكردنی لایەنێكی سیاسیی گرنگی وەك ڕەوتی سەدر ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر كۆی پرۆسە سیاسییەكە دەبوو، بۆیە ئێمە و لایەنە سیاسییەكانی دیكەش هەوڵمان دا ژینگەیەكی وا دروست بكەین، كە ئەوانیش بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن و سەرەنجامیش هەوڵەكان سەركەوتوو بوون و، ڕەوتی سەدر هاتنەوە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن، دوای ئەوەش كە گەڕانەوە بۆ ناو پرۆسەكە، یاسای هەڵبژاردنی ئەمجارە لە یاسای هەڵبژاردنەكانی پێشوو جیاواز بوو، پێویستی بە لێكتێگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییە بەشداربووەكان هەبوو لەسەر ئاستی عێراق، بۆ ئەمەش چەندین كۆبوونەوە لە نیوان ئێمەو تەواوی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و ڕەوتی سەدر و لەسەر ئاستی عەرەبی سوننەش هەردوو هاوپەیمانیی «عەزم و تەقەدوم» ئەنجامدران، هەروەها لەگەڵ ئەوانەش كە لە دەرەوەی ئەو لایەنانە بوون. لەم دیدارانەدا ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر ڕاشكاوانە بیروبۆچوونی خۆمان سەبارەت بە ئایندەی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەربڕی و گوتمان: كۆی پرۆسەی حوكمڕانی لە عێراقدا پێویستی بە دووبارە ڕێكخستنەوە هەیە و دەبێت بە جۆرێك بێت لەگەڵ گیانی سەردەم بگونجێت و شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ پێشهاتەكاندا گۆڕانكاری بەسەردا بێت. ئەمە كڕۆكیی بۆچوونی ئێمە بووە لە هەموو دیدارەكاندا و، بەشێك لەو لایەنانەش لەگەڵ ئێمە هاوڕا بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی شێوازی هەڵبژاردنی ئەم جارە ڕێگر بوو لە ڕێككەوتنی پێشوەختە، نەدەكرا ریككەوتن ئەنجام بدەین، بەڵام لێكنزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتن لە نێوان ئیمە و ڕەوتی سەدر و لایەنەكانی دیكە دروست بوو، ئومێدمان ئەوە بوو هەموو پێكەوە لێك نزیك بین، بۆ ئەوەی بتوانین سەرلەنوێ شێوازی حوكمڕانیی عێراق ڕێكبخەینەوە. هەر بۆیە ئەم پرسە دوای ڕاگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن چووە قۆناخێكی دیكە و هەوڵەكان بەرەو ئەوە چوون، ئەو نزیكی و لێكتێگەیشتنەی پێشتر دروست ببوو، بكرێتە پراكتیكی و بكرێتە كارنامەیەك و وەك دیكیۆمێنت لەسەر كاغەز بنووسرێتەوە، لەم چوارچێوەیەدا ئەو لێكتێگەیشتنەی لە نێوان ئێمە و ڕەوتی سەدر هەبوو، بریتی بوو لە كارنامەیەكی كوردستانی و ئەم كارنامە كوردستانییە ببێتە بەشێك لە بەرنامەی حكومەتی داهاتووی عێراق و لە چوارچێوەی بەرنامەی حكومەتدا كارنامە كوردستانییەكەش جێبەجێ بكرێت، خاڵی سەرەكی و گرنگیش بریتی بوو لە چۆنیەتی شەراكەتی كوردستانییەكان لە حوكمڕانیی عێراقدا و پێكهاتەكانی دیكە پەراوێز نەخرین، هەروەها چارەسەر بۆ ئەو هەموو ئەو كێشانە بدۆزریتەوە كە چەندین ساڵە وەك پرسی پیشمەرگە و جێبەجێكردنی ماددەی 140 و دەیان كێشەی دیكە بە بێ چارەسەر و بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، لەسەر ئەم پرسانە جۆریك لە نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتن لە نێوان ئیمە و ڕەوتی سەدر دروست بوو.

* ئەگەر هەندێك زیاتر لەسەر ئەو پرسە هەڵوەستە بكەین كە هەم سەرۆك بارزانی و هەمیش مەكتەبی سیاسی جەختی لەسەر دەكەنەوە، بەوەی كە «حوكمڕانیی عێراق پێویستی بە ڕێكخستنەوە هەیە»، دەمانەوێت بزانین بە وردی مەبەستتان لەوە چییە؟

- بە ڕاشكاوی هەم جەنابی سەرۆك بارزانی و هەمیش مەكتەبی سیاسی تێبینیی زۆر جددیمان لە پرسی حوكمڕانیی نیشتمانی و پرسی شەراكەتی ڕاستەقینە هەیە، لەسەر ئەم پرسەش ئەزموونێكی زۆرمان هەیە. پێشتر كە چەند جارێك لە سەر ئەم پرەنسیپە حكومەتمان پێكدەهێنابوو، دوای ئەوەی حكومەتەكە پێكدەهات، هەر ئەو برادەرانەی كە پێكەوە حكومەتمان پێكهێنابوو، لەكوێ بیانیویستایە مەرامەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن، بە زۆرینە تێیان دەپەڕاند، بۆیە ئەم جارە لەسەر ئەم پرسە زۆر پێداگریمان كردووە و پێمان گوتوون، شەراكەت واتە دەبێت كورد لە داڕشتنی بڕیاری سیاسی و شێوازی حوكمڕانیی ئەم وڵاتە شەریك بێت و، نابێت لایەنێكی دیكە بڕیار دروست بكات و لایەنی كوردستانی تەنیا جێبەجێكار بێت. بەداخەوە ئەمە ڕێچكەی حوكمڕانیی پێش سالی 2003 بوو لە عێراق و حكومەت تاكلایەنە بڕیاری دەردەكرد و، دەبوو ئەوانی دیكە جێبەجێكار بن، بەڵام وەك لای هەموو لایەك ئاشكرایە ئێمە لە دوای ساڵی 2003 لەسەر شێوازێكی تازە پرۆسەی سیاسیی عێراقمان ڕێكخستەوە، بەو مانایەی دەبێت هەرسێ پێكهاتی سەرەكی (كورد و سوننە و شیعە) و هەروەها پێكهاتەكانی دیكە كە لە عێراق و كوردستان بوونیان هەیە، لە پرۆسەی حوكمڕانیی عێراقدا بەشدار و شەریك بن، لە سەر ئەم پرسەش چەندین جار پێمان گوتوون و ئێستاش پێیان دەڵێین كە ناكرێت تەنیا لایەنیك «ئایینی، یان نەتەوەیی» بیر لەوە بكاتەوە بە تەنیا حوكمڕانیی عێراق بكات، ئەم ڕێچكەیە هەڵەیە و دەبێت بگەڕینەوە بۆ سازان و هاوسەنگیی دەستووری و لەسەر ئەم میتۆدە لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتن ئەنجام بدەین.

* وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و ڕەوتی سەدر بەشداریت كردووە، ئایا وەڵامدانەوەی كام لایەن لای ئێوە زیاتر پەسەند بووە؟

- ئەوەی جێگەی سەرنج و بایەخی ئێمە بووە لەو كۆبوونەوانە، هەستمان بەوە كردووە كە لە ناو ڕەوتی سەدر یەك ئاراستە بوونی هەیە. كە باسی پرسێك دەكرێت، ئەوە نییە بەشێكیان ڕازی بن و بەشێكی دیكەیان لە دژی بن، ئەم حاڵەتەش بۆ لێكتێگەیشتن و گەیشتن بە ڕێككەوتن ئاسانترە، بەڵام هەرچی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەیە، هەموو لایەك دەزانن ئەم چوارچێوەیە كۆمەڵێك لایەنی سیاسیی جیاواز لە خۆی دەگرێت و بۆچوونیان جیاوازە، لەمەش زیاتر هەر لە دوای ساڵی 2003وە هەتا ئێستا بە شێوەیەكی پراكتیكی دەسەڵات و حكومەت لای لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بووە، بەڵام كۆمەڵێك كێشە و گرفت لە نێوان هەرێم و بەغدا هەبوون كە چارەسەر نەكراون، ئەمەش یان ئەوەیە نەیانویستووە چارەسەری بكەن، یان پێیان چارەسەر نەكراوە، من بۆیە «نەویستنەكەم» پێش خست، لەبەر ئەوەی پێدەچێت بە پلەی یەكەم نەیانویستبێت كێشەكان چارەسەر بكەن، لەبەر ئەوەی ئەگەر بیانویستایە دەكرا زۆر لە كێشەكان چارەسەر بكرێن. لەمەدا ئێمە پێمان وابوو، پێویستە ئاڵۆگۆڕییەك لە شێوازی پێكهێنانی حكومەتی عێراق بێتە ئاراوە و. بە دیویكی دیكە ئەگەر شیوازیك ئەزموونمان كردبێت و سەركەوتوو نەبووبین، ئەوا ناچارین شێوازیكی دیكە تاقی بكەینەوە كە بتوانرێت لانیكەم خزمەتی هاووڵاتیان بكات و، كێشە سەرەكییەكانی ئێستای عێراق لە ڕووی «ئاسایش، ئابووری، سیاسی و دیپۆماتی و .. هتد» چارەسەر بكات.

* ئایا ئەم پرسەتان تەنیا لەگەڵ هەردوو بەرەی شیعە (ئیتار و تەیار) باس كردووە، یان لەگەڵ لایەنی عەرەبی سوننەش باستان كردووە؟

- زۆر بە ڕاشكاوی لەگەڵ هەر دوو بەرەی ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و هەروەها لەگەڵ هەردوو لایەنی سەرەكیی عەرەبی سوننەش (عەزم و تەقەدوم) قسەمان كردووە، دوای هەڵبژاردنەكانیش لیستی سەربەخۆ هەبووە، لەگەڵ ئەوانیش قسەمان كردووە، ئەوان لە نییەتی ئێمە تێگەیشتوون، ئێمەش لە نییەتی ئەوان تێگەیشتووین، سەرەنجامیش دەبێت هەنگاو هەڵبگیردرێت و ڕێز لەو چوارچێوە زەمەنییانە بگیردرێت كە دەستووری عێراق دیاری كردووە، وەك سەرەتا پەرلەمان توانی كۆبوونەوەی خۆی بكات و سەرۆك و دوو جێگرەكەی هەڵبژێرێت، دوای ئەوەش دەبێت لە كاتی خۆی سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت و سەرۆك كۆماریش، كاندیدی سەرۆك وەزیران ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی لە كاتی خۆیدا حكومەتەكەی پێكبهێنێت. ئەمەشمان بە هەموو لایەنەكان گوتووە، كە گەیشتە وادەی خۆی، دەبێت بەپێی دەستوور دەبێت لەو كاتانە بگیردرێت كە بۆ پیكهێنانی « پەرلەمان و سەرۆك كۆمار و حكومەت» دانراوە و، هەر بۆیە ئێمە پێداگری لەسەر ئەوە دەكەین دەستوور جێبەجێ بكرێت.

* ئایا بەم هەنگاوە ماڵی شیعە پەرت نەبوو، یان بە شێوازیكی دیكە ئایا ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێ كە پشتگیری سەدر دەكەن و لە ئیتار دوور دەكەونەوە؟

- پێش هەموو شت ئێمە لەگەڵ هەردوو بەرەی «ئیتار و تەیار» دیدار و كۆبوونەوەمان هەبووە و ڕاشكاوانە پێمان گوتوون، ئێمە پێمان باشە كە ئێوە لە ناو خۆتان ڕێك بكەون و لەگەڵ لێكدووركەوتنەوە و لێكجیابوونەوە نین، ئەم پرسەش تایبەتە بە خۆیان كە چۆن ڕێك دەكەون و لەسەر چی پێكدێن، ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بۆ ئەمەش ماوەیەكی زۆریان لە بەردەمدا بوو بۆ ئەوەی بگەنە ڕێككەوتن لە نێوخۆیاندا، لەمەش زیاتر هەم جەنابی سەرۆك بارزانی و هەمیش مەكتەبی سیاسی هەوڵی میانگیرییان لە نێوانیان داوە، بەڵام خۆیان نەیانویستووە ڕێكبكەون .

* دوای كۆبوونەوەی یەكەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆك و دوو جێگرەكە، هادی عامری وەك نوێنەری چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە (نەك وەك هاوپەیمانیی فەتح) سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەكتەبی سیاسیی پارتی كۆ بووەوە، ئایا عامری چ پەیامێكی بۆ هەرێم هێنابوو؟

- پەیامی سەرەكیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە ئەوەیە كە داوا دەكەن كاتێكی زیاتریان پێویستە بۆ ئەوەی لێكنزیكبوونەوەیەك لەگەڵ ڕەوتی سەدر دروست بێت، بەڵام ئەو كاتە بە زیادەوە لەبەر دەستیان بووە و نەیانتوانی ڕێكبكەون، ئیستا كە هاتووینەتە سەر ئەوەی دەبێت ئەو چوارچێوەیە جێبەجێ بكەین كە دەستوور دیاری كردووە، ئەوا بەرپرسیاریەتی هەموو لایەكە و دەبێت جێبەجێ بكرێت، هەروەها پەیامێكی دیكەیان ئەوە بوو كە داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە نێوان هەردوو لایەنی «ئیتار و تەیار» كە شێوەیەك لە ڕێككەوتن لە نێوانیان دروست بێت، بۆ ئەمەش لێژنەیەكمان پێكهێناو سەردانی هەر دوو لایان كردووە، ئێستاش دیسان جارێكی دیكە ناردوومانەتەوە، لەمەدا هەم جەنابی سەرۆك بارزانی و هەمیش مەكتەبی سیاسی مەبەستمان بوو هەردوو لا بگەنە شێوەیەك لە ڕێككەوتن و ئەو لایەنانەش هەست بكەن كە بەشداری لە پرۆسەی حوكمڕانیی داهاتووی عێراق دەكەن.

* ئەگەر بێینەوە سەر پرسی یەكڕیزیی نێوماڵی كورد، لە دوای هەڵبژاردنەكانەوە كەشێكی باش لە نێوان پارتی و یەكێتی هەبوو كە پێكەوە و بە یەك بەرنامە و یەك شاند بچنە بەغدا، ئەمانە هەمووی هەبوون، بەڵام لە پڕ هەموو شتێك پێچەوانە بووەوە، ئەمە بۆ ڕووی دا؟

- بە ڕاستی ئێمە پەرۆشی یەكڕیزی بووین، لە پیناوی یەكڕیزیشدا كۆمەڵێك هەنگاومان هەڵگرت، هەر لە دیالۆگ و سەردان و كۆبوونەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوە بوو نییەتی خۆمان بۆ یەكڕیزی پیشان بدەین، لەمەش زیاتر ئێمە هەوڵەكانمان تەنیا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی نەبوو، بەڵكو ئێمە دەمانویست هەموو لایەنە سیاسییەكانی دیكەش بەوانەشی كە ڕایانگەیاندووە بەشداریی حكومەت ناكەن، پێكەوە كۆببینەوە و لەسەر پرسە «نیشتمانی و نەتەوەییەكان» یەك بگرینەوە، هەر بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار بوو كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەك لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان ڕێك بخات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو لایانانەی دەیانگوت ئێمە ئۆپۆزسیۆن دەبین ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە نەبوون و، بەمەش نەتوانرا ئەو كۆبوونەوەیە بكرێت.

سەبارەت بە مەسەلەی ئێمە و یەكێتیش، بە ڕاستی هەوڵێكی زۆر درا لەلایەن سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت و مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ ئەوەی «پارتی و یەكێتی» وەك یەك تیم كار لەسەر ئەو پرسە بكەن و، بۆ ئەمەش تیمێكی هاوبەش لە هەر دوو لامان پێكهێنرا و، ئەركی ئەم تیمە هاوبەشەش ئەوە بوو، كە كارنامەیەكی هاوبەش ئامادە بكات، بۆ ئەوەی وەك كارنامەیەكی كوردستانی ببێتە بەشێك لە بەرنامەی حكومەتی داهاتووی عێراق، لەمەش زیاتر لە دوایین سەردانی ئێمە بۆ دەباشان كۆمەڵیك لێژنەی دیكە پێكهێنران و ئەندامان و سەرۆكی هەموو لێژنەكانمان دیاری كرد، چەند لێژنەیەكیش كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دا، لە هەمووی گرنگتر كۆبوونەوەی ئەو شاندە هاوبەشە پارتی و یەكێتی بوو بۆ ئەوەی پێكەوە بچنە بەغدا، بۆ ئەمەش كۆبوونەوەیەكی پێشوەختیش كرا و لە ناو خۆیاندا بڕیاریان دا، كە شاندە هاوبەشەكە بە سەرۆكایەتیی برای بەڕێز كاك عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بچن و، پاش چوونیان بۆ بەغدا كۆمەڵێك كۆبوونەوەی باشیان لەگەڵ هەموو لایەنەكان ئەنجام دا، بەڵام لای برادەرانی یەكێتی جۆرێك لە نیگەرانی هەبوو، بەوەی لەوانەیە كە ئێمە و ڕەوتی سەدر ڕێككەوتنێكمان هەبێت و لای ئەوان ئاشكرا نەبێت، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوە بوو هەتا ئەو كاتەی ئەو شاندە هاوبەشە سەردانی بەغدای كرد، ئێمە و سەدر هیچ دیكیۆمێنتێكی ئیمزاكراو لە نێوانماندا نەبوو، ئێمە پێمان باش بوو كە ناوماڵی كوردیش پشتگیریی ناوەڕۆكی ئەو لێكتێگەیشتنە بكات و ببێتە ڕێككەوتنی لایەنی كوردی لەگەڵ لایەنێكی شیعیدا، بۆیە پرسەكە بە كراوەیی هێشترابووەوە و تەنانەت ئەو خاڵانەی گفتوگۆشمان لە سەر كردبوون، هەمووی درانە شاندی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و سەرپشكمان كردبوون، دوای ئەوەی دیراسەی دەكەن لە كوێ پێویستی بە دەستكاری، یان زیادكردن هەیە، یان لە كوێ كەموكورتییەكی هەیە، چاكی بكەن. لەمەش مەبەستمان ئەوە بوو كە ببێتە كارنامەیەكی هاوبەش و هەر دوولامان پێكەوە لەگەڵ تەیاری سەدر گفتوگۆی لەسەر بكەین. لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بكەم كە لە سەرەتادا شاندی یەكێتی ئەمەیان زۆر پێ باش بوو، بەڵام لەدواییدا شاندی یەكێتی ڕاشكاوانە پێیان گوتین: «ئێمە ناتوانین بڕیاری كۆتایی بدەین و بڕیاری كۆتایی لەدەستی كاك پاڤلدایە و تەنیا ئەو دەتوانێت بڕیار بدات»، بۆ دوو ڕۆژ دواتر كاك پاڤل لەگەڵ شاندێك چووە بەغدا و بەبێ ئاگاداركردنەوەی شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتی كە پێكەوە چووبوونە بەغدا، لەلایەن یەكێتییەوە، فراكسیۆنی یەكێتی كشانەوە و بەشداری كۆبوونەكەی پەرلەمانیان نەكرد. لە بەرامبەردا برادەرانی ئێمە پێیان گوتبوون، مەزندەی ئێمە ئەوەیە دەبێت ئێمە هەردوو لا ئەو چوارچێوەی دەستوورییە جێبەجێ بكەین كە بۆ پرۆسەكە دانراوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی خۆ ناكرێت هەتا سەر چاوەڕێی ڕێككەوتنی «ئیتار و تەیار» بكەین و، دەبێت لە شوێنێك ڕابوەستێت و كۆتایی بێت. دیار بوو برادەرانی یەكێتی بەبێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بكەنەوە، لە پەرلەمان چوونە دەرەوە و بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكردو، پاشانیش دەستیان بە كۆبوونەوەی خۆیان كرد لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا، بەمەش یەكێتی لە یەكڕیزیی نێوماڵی كورد هاتە دەرەوە و، بە تەنیا لە كۆبوونەوەكە بەشداری نەكرد و، هەموو لایەنەكانی دیكە (كۆمەڵ، یەكگرتوو، نەوەی نوێ) لە ناو دانیشتنەكەی پەرلەمان بوون، ئینجا دەنگیان داوە، یان نەیانداوە، ئەوە مەسەلەیەك نییە.

* لە دوای ئەو ڕووداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان تۆزێك تووڕەیی پێوە دیارە، پێشتر لەسەر مەسەلەی سەرۆك كۆمار هەردوو لا دەتانگوت نابێتە كێشە، بەڵام دوای كشانەوەی یەكێتی لە پەرمان كاندیدێكی زۆر بەهێزتان دیاری كرد بۆ ئەو پۆستە، مەبەستان لەمە چی بوو؟

- پێشتر پرسی پۆستی سەرۆك كۆمار لە نێوان پارتی و یەكێتی تەنیا لەسەر ئاستی ڕاگەیاندن باس كرابوو، لەناو كۆبوونەوە هاوبەشەكانی پارتی و یەكێتی باس لەم بابەتە نەكرابوو، بەڵام لەسەر ئاستی لێدوان بۆ ڕاگەیاندنەكان، زۆر جار دەمانبینی یەكێتی بەو جۆرە باس لە پۆستی سەرۆك كۆمار دەكات، وەك ئەوەیە ئەم پرسە كۆتایی هاتووە و دەبێت بەردەوام بۆ یەكێتی بێت. ئێمە زۆر جار هەوڵمان دەدا ئەم پرسە ڕاست بكەینەوە و باسی ئەوەمان دەكرد، «پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كوردە و پێویستە ئەمەش لەناو كورددا بە ڕێككەوتنی نێوان لایەنە كوردستانییەكان یەكلایی بكرێتەوە، بەو لایەنانەشی كە بەشداریی پێكهێنانی حكومەتی عێراق ناكەن. مەبەستمان بوو بیسەلمێنین بەوەی دەبێت سەرۆك كۆمار نوێنەرایەتیی هەموو خەڵكی كوردستان بكات، نەك لایەنێكی سیاسی بە تەنیا. ڕاستە ئێمە لە ساڵی 2005 ڕێككەوتنێكی سیاسیمان لەگەڵ یەكێتی هەبوو، دوای ئەوە لە 2007 ڕێككەوتنی ستراتیژی بەدوادا هات و ئەوە بە پەسەند زانرا كە پێكەوە یەك لیست و یەك فراكسیۆنمان هەبێت، دواتر هەر خودی یەكێتی ئەم ڕێككەوتنەی هەڵوەشاندەوە و لە هەموو ڕاگەیاندنەكانی خۆشیانەوە ڕایانگەیاند كە ئەم ڕێككەوتنە پێویست نییە. هەر بۆیە كە هاتینە سەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، لە گفتوگۆی نێوان ئێمە و یەكێتی باسی ئەوەمان كرد، ئایا ڕێككەوتنی ستراتیژی وەك خۆی بمێنێ، یان هەمواری بكەینەوە، یان ڕێككەوتنێكی تازە بكەین؟ لەمەدا یەكێتیمان سەرپشك كردبوو، ئەوان گوتیان ڕێككەوتنێكی تازە دەكەین، بۆ ئەمەش ڕێككەوتنێكی سیاسیی تازە و هەروەها ڕێككەوتنێكی كارگێڕیشمان لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم كرد، بۆیە لەمەوە دەتوانین بڵێین یەكێتی لەسەر پرسی پۆستی سەرۆك كۆمار باش قسەی نەكرد، دەبوو بە شێوەیەك لە شێوەكان لەگەڵ پارتی لەسەر ئەم پۆستە ڕێك بكەوتینایە، بەڵام وەك بینیمان ئەوان كاندیدی خۆیان دیاری كرد، بەبێ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بكەن، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەوان پۆستی سەرۆك كۆمار بە مافێكی بڕاوەی خۆیانی دەزانن، كە ئەمەمان بینی، هەستمان كرد بە ئاراستەیەكی خراپدا دەڕوات، بۆیە پێمان گوتن ئەمجارە سەرۆك كۆمار لای پارتی دیموكراتی كوردستانە و دەكرێت لەسەر پۆستەكانی دیكە لە بەغدا گفتوگۆ بكەین، بەڵام یەكێتی ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەك لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار گفتوگۆ بكرێت.

* دوای ئەمەش پاڤل تاڵەبانی سەردانی سەرۆك بارزانی كرد، ئایا بۆچی لێكتێگەیشتن لەسەر ئەم پرسە دروست نەبوو؟

- راستە ئەو سەردانە كراوە و گفتۆگۆش كراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی من لەو كۆبوونەوەیە نەبووم، نازانم وەك خۆی باسی چی كراوە، بەڵام وەك پێشتر ئاماژەم پێ كرد، مەرج نییە هەتا سەر ئەم پۆستە لای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت، بەلای كەمەوە دەبێت بە گفتوگۆ و ڕازیبوونی لایەنەكان بێت، تەنانەت ئەو لایەنانەش كە بەشداری لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق ناكەن، بەڵام ئەوان گوتیان نەخێر ئەم پۆستە بۆ كوردە و لە ناو كوردیش بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە. بۆیە ئێمەش وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیارمان داوە كاندیدمان هەبێت، كاندیدەكەشمان كەسێكی شارەزا و بەئەزموونی ناو كایەی سیاسی و حوكمڕانییە و ئەو كاندیدەش هەڤاڵ هۆشیار زێباری-یە.

* واتە كاندیدێكی تاكتیكی نییە؟

- نەخێر، كاندیدێكی تاكتیكی نییە و پاڵێوراوە بۆ ئەوەی بچینە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریی عێراق و ئومێدیش دەكەین سەركەوتوو بێت.

* لە دوای ئەم گۆڕانكارییانە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتی و بەیانەكەی كە بڵاویان كردەوە، هەستمان كرد جۆرێك لە هەڵكشان و زبری هەیە، ئەمە بۆچی ڕووی دا؟

- ئێمە هەستمان بەوە كرد، لەو كۆبوونەوەیە دیسان بەو نەفەسە قسە كراوە ئەگەر پارتی كاندیدی هەبێت وەك ئەوەیە كە ئەوان غەدرێكیان لێ كرابێت، جگە لەوەش هەندێك بەلاڕێدابردنی تێدا بوو، كە پێویستە بۆ ئەوان و خەڵكی كوردستان ڕوونی بكەینەوە، هەندێكی دیكەشی بەو شێوەیە نەبوو كە لە بەیاننامەكەدا باس كرابوو. سەبارەت بە بەشدارنەبوونیان لە كۆبوونەوەی پەرلەمان، باسی ئەوەیان نەكردبوو كە ئەوان گوشاریان لەسەر دەبێت و دەبێت ئەو گوشارانە ڕەچاو بكرێن، باسی ئەوەیان نەكردبوو كە ئەوان بە هیچ جۆریك ئامادەنەبوون باسی پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێت، یان ئەگەر باسیش بكرێت، دەبێت بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت.

* باس لەوە دەكەن پارتی ڤیتۆیەكی توندی لەسەر دكتۆر بەرهەم هەیە، ئەم ڤیتۆیە بۆچی هەبێت؟

- ئێمە باس لە شێوازی كاندیدكردن بۆ ئەم پۆستە دەكەین، ئەوجا ئەو كەسە دكتۆر بەرهەم بێت، یان هەر كەسیكی دیكە، جەخت لە سەر ئەوە دەكەینەوە كە نابێت ئەم پۆستە تاپۆ بێت بۆ یەكێتی، یان لانیكەم سەركردایەتیی یەكێتی وا بیربكاتەوە كە دەبێت ئەوان كاندیدی ئەم پۆستە دیاری بكەن. بۆیە دەبێت لەمەدا هەڵوەستەیەك بكرێت و، پرسەكە لەوە جیا بكەینەوە كە كێ دەبێت، یان كێ نابێت. گفتۆگۆكان لەسەر كەسەكان نییە، لە سەر شێوازی كاندیدكردنەكەیە كە دەبێت ڕێككەوتنی لایەنەكانی لەسەر بێت، نەك لایەنێك بە هی خۆی بزانێت.

* ڕۆژی 7ی مانگی داهاتوو، پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆدەبێتەوە، ئایا ئەو هاوكێشەیە وەك خۆی دەمێنێتەوە، یان گۆڕانكاری بە سەردا دێت؟

- مەزندەی من ئەوەیە ئەم پرسە پێویستی بە هەڵچوون نیە لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە، ئەمە پرۆسەیەكە، ئەوان لە سەرەتاوە پێیان باش بوو بە تەنیا بن، ئەوجا مادام ئەوەیان پێ باشە، دەبێت ڕێز لەو كاتانەش بگیردرێت كە دەستوور دایناوە و سەرۆك كۆمار لەو كاتەی بۆی دانراوە، هەڵدەبژێردرێت.

* ئایا ئەمە كاریگەریی نەرێنی لە سەر پرۆسەی سیاسیی كوردستان نابێت؟

- بۆ دەبێت پرسەكە بەو جۆرە لێكبدرێتەوە كە كاریگەریی نەرێنی دەبێت، یان لە بەر ئەوەی شتیك لەوێ بە دڵی ئەوان نەبووە، لێرە بە جۆرێكی دیكە ڕەفتار بكرێت، لە كاتێكدا ئەم دوو پرۆسەیە پێكەوە گرێ نادرێت. لە كوردستان لەسەر بنەمای ڕێككەوتنێكی سیاسی و ڕێككەوتنێكی كارگێڕی كابینەی نۆیەممان پێكهێناوە، هەتا ئێستا هیچ لایەكمان لێی پاشگەز نەبووینەتەوە، بۆیە مەزندەی ئیمە ئەوەیە ئەگەر ئەوەی بكرێت، زیاتر بیانوو دۆزینەوەیە.

* دوایین تەوەرمان دوو حاڵەتی جیاوازە، یەكەمیان كاردانەوەی هەندێك گرووپی چەكدارە بە هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان و بارەگای عەزم و تەقدەوم لە بەغدا، هەروەها هاوكات تیرۆریستانی داعشیش دەستیان كردووە بە جووڵەیەكی سەیر، وەك ئەوەی لە شكاندنی بەندیخانەكەی ڕۆژئاوا بینیمان، ئەمانە چۆن پێكەوە كۆدەكرێنەوە؟

- سەبارەت بە هێرشەكان بۆ سەر بارەگاكانی ئێمە و لایەنەكانی سوننە، ئەمەیان خوێندنەوەیەكی باشی بۆ ناكرێت، لەبەر ئەوەی ئەو تەفسیرەی بۆ دەكرێت ئەگەر شتێك بە دڵی لایەك نەبوو، دەبێت كێشە و ئاژاوە و ناسەقامگیری دروست بكات، ئەمەش بەو مانایەی هەندێك لایەن كە تا ئێستا دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵییان بە دەستەوە بووە و، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردن كورسیی پێویستیان نەهێناوە، ئێستا ئامادە نین بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات بە شێوەیەكی ئاشتییانە و پەنا بۆ هێز و كودەتا دەبەن، بۆ ئەمەش دەبێت باش ئەو راستیە بزانن كە بە چاوسووركردنەوە و هەڕەشە و هەڵكوتانە سەر ئەم بارەگا و ئەوی دیكە ناتوانن هیچ هاوسەنگییەك بگۆرن. زۆر هەوڵیان دا بە درۆن و كاتیوشا واقیعەكە بگۆڕن، بەڵام شكستیان هێنا. لەو ماوەی دواییدا یەكێك لەو سەركردانەی شیعە هاتبووە كوردستان دەیگوت چەند ساڵە دەمەوێت بێمە كوردستان، بەڵام شەرمەزار بووم بێم و باسی ئەوە بكەم درۆنەكان و كاتیۆشاكان چۆن خەڵكی كوردستانیان شەهید و بریندار كردووە، ڕۆژێك دێت ئەوانیش هەست دەكەن چەند شەرمەزارن كە پەنا بۆ ئەو كارانەی ئێستایان دەبەن.

بەشی دووەمی پرسیارەكەتان تایبەتە بە جووڵەكانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش. لەسەر ئەم پرسە ئیمە زۆر دەمێكە گوتوومانە تیرۆریستانی داعش كۆتاییان نەهاتووە، ڕاستە داعش وەك لایەنی سەربازی لە هەندێك شوێن دەستیان كورت كراوەتەوە، بەڵام فیكری داعش و پەروەردەی داعشی هەتا ئێستاش نەشونما دەكات و زۆریش بووە. ئەوەتا دەبینین زۆر بە ڕێكخراوەییتر هێرش دەكەن و شەڕی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەكەن، هەر بۆیە كاتێك دەبینین لایەنێك دەڵێت ئێمە هێزەكانی خۆمان لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش دەكشێنینەوە، وەك ئەوەی ئەگەر ئەوان نەبن، داعش دەتوانێت زۆر شت بكات، ئەمە مانای ئەوەیە تیرۆریستانی داعش وەك مەترسی بوونیان هەیە و پێشوازی دەكرێن و ترسی ئەوەش هەیە بەكار بهێندرێن بۆ ئەوەی ناهاوسەنگی لە ناو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دروست بكەن، هەروەها لە هێرشەكەشیان بۆ سەر بەندیخانەكەی ڕۆژئاوا، دەسەڵاتی ئەوێ بەیاننامەیەكیان بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەیان بە شتێكی لەو جۆرە كردووە، بەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشە لەناو عێراق و سووریاوە پشتیوانی كراون، ئەگەر ئەمە وابێت، ئەگەری ئەوە هەیە ئەوانەی كە بڕوایان بە دیموكراتی نییە، پەنا بۆ هەموو شتێك بەرن.

Top