نەوال: جارێ بیر لە نواندن ناكەمەوە

نەوال:  جارێ بیر لە نواندن ناكەمەوە

نەوال ئەلزوغبی یەكێكە لە هونەرمەندە سەركەوتووەكانی لوبنان كە چەندین ساڵە بەردەوامە لە گۆرانی گوتن و، بەردەوام هونەرەكەی لە پێشڤەچووندایە و خاوەن جەماوەرێكی زۆریشە.

سەبارەت بە گرنگیی هونەری لە ژیانیدا و، ئایا سوودی هەبووە یان زیان، نەوال زوغبی لە دیمانەیەكدا دەڵێ: «ناتوام بڵێم هونەر ئازادیی منی زەوت كردووە، بەڵام دان بەوەدا دەنێم ئەگەر هونەرمەند نەبووام، لە نێو خەڵكدا نەدەناسرام و ژیانم زۆر ئاسانتر دەبوو لە ئێستا و، وەك هەر مرۆڤێكی دیكە ژیانی ئاسایی و سادەی خۆم بەسەر دەبرد، بۆ هەر شوێنێك حەزم بكردبا دەچووم بەبێ هیچ كۆت و بەندێك، بەڵام خۆشەویستی من بۆ هونەرەكەم هەموو ئەو شتانەم بیر دەباتەوە».

نەوال زوغبی ئاماژە بەوە دەكات كە زۆر جار داوای لێكراوە لە پاڵ گۆرانی ڕوو لە نواندنیش بكات و لەم بارەیەوە دەڵێ: «كاتێك لە قاهیرە بووم چەندین جار لەلایەن زۆر لە كۆمپانیاكانەوە داوام لێ كرا ڕوو لە نواندن بكەم، بەتایبەتی لە بواری سینەما، و بۆ ئەم مەبەستە چاوم بە چەندین دەرهێنەری گەورە كەوت، جگە لەمە چەند دەرهێنەرێكی بیانییش داوایان لێ كردم كاریان لەگەڵدا بكەم لە چەند كارێكی سینەمایی گەورەدا، من سەرەتا زۆر بە جۆشەوە بابەتەكەم وەرگرت و گرنگییەكی زۆریشم بەو بابەتە دا، بەڵام بارودۆخی تایبەتی خۆم وایكرد كە ئەم كارە ئەنجام نەدرێت، ئەوەی ڕاستیش بێت بۆ من زۆر زەحمەت بوو بتوانم لە قاهیرە بمێنمەوە و كارەكەش وای دەخوازت كە چەند مانگێك لەوێ بم».

سەرچاوە: گولولی

Top