دكتۆر شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: پێش بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی خۆمان وەك سەرۆكایەتیی پەرلەمان كارەكانی پەرلەمانمان ڕاگرتبوو
شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دیدارێكی تایبەتی گۆڤاری گوڵاندا، باس لە دواگۆڕانكاری و پێشهاتەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنە سەرەكییەكان دەكات، هەستیاریی ڕەوشی كەركووك و چارەسەركردنی كێشەی ئەو پارێزگایەش تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
* ئامادەبوونی 220 ئەندام لە یەكەمین كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ هاوپەیمانییەكی گرنگ لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و هەردوو لایەنی عەزم و تەقدوم و سەدر، هەر ئەم هاوپەیمانییەش لەو كۆبوونەوەیەدا توانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێرێت، ئایا وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمان، ئەم دەستپێكە تازەیە چۆن دەخوێنیتەوە و تاچەند موژدەبەخشە بەوەی ئەم خولە لە خولەكانی دیكەی پەرلەمان جیاواز دەبێت؟
- یەكەم كۆبوونەوەی خۆلی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و دەنگدان بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەنگاوێكی گرنگ بوو؛ هەڵبەتە ڕێككەوتنی سێكوچكەی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەدر و سوننە بە هەردوو لایەنی عەزم و تەقەدوم ئومێدێكی باشی بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتیش دا، بەوەی چیتر پێكهێنانی ئەو حكومەتە دوانەكەوێت، كە زیانمەندی سەرەكیی خەڵكی عێراقە. لەلایەكی دیكەوە هەرچی ئەو پڕۆژانەی پێویستیان بە 50+1 هەیە و ساڵانێكە هەموار كراوە و تێپەڕبوونی لە پەرلەمان ڕاوەستاوە، هەموو ئەم پڕۆژەیانەش لە داهاتوودا دەتوانرێت بەو ڕێژە كورسی و دەنگەی ناو هاوپەیمانێتییەكە تێپەڕێندرێت، هەموو ئەو یاسایانەش لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراق و كوردستانە، هەر بەو هاوپەیمانێتییە دەتوانرێت هەموو بەربەست و ئاستەنگەكانی بەردەم سەقامگیریی سیاسی و بووژانەوەی ئابووری تێپەڕێندرێت، هەر خۆی لە خۆیدا ڕێككەوتنی نێوان پارتی و عەزم و تەقەدوم و سەدر بەرهەمی كۆمەڵێك دانیشتن و گفتوگۆیە و، ڕێككەوتن لەسەر چەند بنەمایەكی بنەڕەتی لە نێوان ئێمە و ئەواندا واژۆ كراوە، بەتایبەتی مەسەلەی ڕێزگرتنە لە دەستوور و جێبەجێكردنی ماددە و بڕگە دەستوورییەكان و لە ناویشیاندا ماددەی 140ی چارەسەركردنی ناوچە كێشە لەسەرەكان و پاراستنی بنەماكانی سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی (تەوافوق و تەوازن و شەراكەت) لە ناو پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانیی عێراقدا.
* دوای ئەوەی هەر دوو پەلەمانتار «مەحموود مەشهەدانی و باسم خەشان» تانەیان لە سەر دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بەرزكردەوە بۆ دادگای فیدڕاڵی، دادگای فیدڕاڵی بە بڕیارێكی وەلائی كارەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی ڕاگرت، لەسەر ئەم پرسە دەپرسین مەبەست لە «بڕیاری وەلائی « چییە؟ ئایا ئەم ڕاگرتن و دواخستنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی تاكەی درێژە دەكێشێت و تاچەند كاروبارەكانی ئێوەی ڕاگرتووە؟ لەمەش زیاتر دەڵێت: ئەم بڕیارە «تەوقیتاتی دەستووری ناگرێتەوە» ئەمەشیان چی دەگرێتەوە؟
- بڕیاری وەلائی بەپێی تەقدیری دادوەرە، كە بۆ هەندێك حاڵەت دەتوانێت بڕیار دەربكات، لە بڕیاری وەلائیدا دادوەر لەسەر داوای داواكار بڕیار دەردەكات، بە بێ گەڕانەوە بۆ داوا لەسەركراو، لێرەدا لە ڕێگەی گۆڤارەكەتانەوە دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بكەم، ئەویش ئەوەیە پێش بڕیاری وەلائی بۆ ڕاگرتنی چالاكییەكانمان، ئێمە خۆمان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیارمان دابوو كە دانیشتن نەكەین، بۆ ئەوەی بوار بە حزبەكان بدرێت، خۆیان ڕێك بكەون، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دیفاعاتی خۆمان پێشكەش كردووە و وەڵاممان دابووەوە، هەر وەكو پێشبینیكراو بوو، دادگاكە بڕیارەكەی دواخست. لە هەموو حاڵەتێكدا هەموو ئەو ڕێكارانەی لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئەنجام درا، بە شێوەیەكی یاسایی و ڕێكوپێك بەڕێوەچووە و هەموو ئەو دیكیۆمێنت و بەڵگانەی پێویستن ڕەوانەی دادگامان كردووە و هەر بڕیارێكیش لە دادگاوە بدرێت، ئێمە ڕێزی لێ دەگرین.
* ئەوەی لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان وەك سوپرایزێك ڕووی دا، ئامادەنەبوونی فراكسیۆنی یەكێتی بوو بۆ دەنگدان بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە شاندی هاوبەشی یەكێتی لە بەغدا بوو، ئەم سوپرایزە بۆ ڕووی دا؟ ئایا وەك فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لێكدابڕاون، یان پەیوەندیتان پێكەوە ماوە؟
- من دەرچوونی فراكسیۆنی یەكێتی لە دەنگدان بە كارێكی باش دانانێم، ئەوان ئیعازیان بۆ هاتبوو كە لە هۆڵەكە دەربچن، لەگەڵ ئەمەشدا من ئومێدم زۆرە كورد بۆ سەرجەم پۆستەكانی دیكە لە بەغدا یەكدەنگ بێت و بۆ سەرۆك كۆماریش بە هەمان شێوە یەك بەربژێری هەبێت، چونكە دووبەرەكی و پەرتبوونی دەنگی كورد زیانی گەورەی بۆ كورد دەبێت و لە بەغداش دوچاری شكستی گەورە دەبین، من ئەم بابەتەی دەنگنەدانی فراكسیۆنی یەكێتی بە من بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، وەكو هەڵوێست وەرم نەگرتووە، چونكە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پۆستی كوردە و دەبێت بۆ هەموو كورد كار بكەم. سەبارەت بە تەوەری دووەمی پرسیارەكەشتان ؛ پارتی دەرگای گفتوگۆی لەگەڵ هیچ لایەن و كەسایەتیەك دانەخستووە، لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقیشدا سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر یەكڕیزی و تەبایی نێوان كورد دەكردەوە و، داوای دەكرد بە یەك بەربژێر بچینە ناو پەرلەمان، ئەم حاڵەتە بۆ سەرۆك كۆماریش وایە، ناكرێت پۆستێك ئیستحقاقی كورد بێت، لایەنێكی دیكە كەسێك بنێرێت بێ ئەوەی حیساب بۆ حزبێك بكات كە لە ناو پەرلەمان كورسییەكی زۆری هەیە.
* هەست دەكرێت جۆرێك لە كرانەوە لە نێوان تەیاری سەدر و ئیتاری تەنسیقی شیعەدا دروست بووە، هەروەها هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی دووبارە دانوستانەكانی ئیتاری تەنسیقی شیعە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دەست پێ بكاتەوە، بەتایبەتی كە لە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوودا هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح، وەك نوێنەری ئیتاری تەنسیقی سەردانی سەرۆك بارزانی كرد، ئایا ئەم كرانەوەیە چۆن دەبینن؟
- وەكو ئاماژەم پێ كرد، پارتی دەرگای لەگەڵ ئیتاری تەنسیقی و، لەگەڵ هیچ لایەنێكی دیكەش دانەخستووە، سەرۆك بارزانی زۆر هەوڵی دا ئەوانیش بەشێك بن لەو پرۆسەیە، بەڵام لایەنی سەدر كە زۆرینەی پەرلەمانییە و بەپێی دەستوور ئەو دەسەڵاتەی هەیە حكومەت پێك بهێنێت و، دواجار ئەو خاوەنی بڕیاری یەكەمە لەو پرسەدا، سەدریش ڤیتۆی لەسەر چەند لایەن و كەسایەتییەك هەیە و هەوڵ دراوە ئەو ڤیتۆیانە هەڵبگیرێت، تا ئێستاش ڤیتۆیەكانی موقتەدا سەدر بەتایبەتی لەسەر مالیكی نەشكاوە، تەنانەت ڤیتۆی سەدر لەسەر ئەم لایەن و كەسایەتییانە وای كردووە كە ئێران نوێنەری خۆی بنێرێت بۆ نزیكبوونەوەی هاوپەیمانێتییان و، هەوڵ هەیە هەر هیچ نەبێت بەشێك لەو هێزانە بنێردرێنە ناو هاوپەیمانێتییەكە. هەر خۆی لەخۆیدا سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی گەورەی لەناو ئەم پرۆسەیە هەیە و هەوڵی ئەوە دەدات هەموو پێكهاتەكان لە ناوخۆیاندا كورد و سوننە و شیعە و لەگەڵ یەكتردا ڕێكبكەون. سەرۆك بارزانی تەنیا وەكو مەرجەعێكی كورد سەیری ناكرێت، بەڵكو ئەوە كەسایەتیی سەرۆك بارزانی بوو كە سوننەكانی لە ناو بەرەیەكدا كۆ كردەوە و، لە ناو شیعەكانیشدا بە هەمان شێوە ڕێزی خۆی هەیە، ئەمەش هەر لەخۆڕا نییە، مێژووی پڕ سەروەریی و دەستكەوت و قوربانیدانی وای كردووە كە هەموو لایەك بە چاوی ڕێزەوە سەیری هەڵوێستەكانی و بڕیارەكانی سەرۆك بارزانی بكەن، هەر بڕیارێك لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بدرێت، سەرەتا بە گرنگییەوە لە ڕاوبۆچوونی سەرۆك بارزانی دەڕوانن.
* پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، بەڵام یەكێتی نیشتمانی بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت، لە بەرامبەردا پارتی دیموكراتی كوردستانیش هۆشیار زێباریی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە، ئایا وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێتوایە كێشەی پۆستی سەرۆك كۆمار چۆن لە نێوان پارتی و یەكێتیدا چارەسەر دەبێت؟ ئایا هەمان سیناریۆی 2018 دووبارە دەبێتەوە، یان پێش ئەوە ئەوە ڕوو بدات، سەرۆك بارزانی یەكلای دەكاتەوە؟
- وەكو ئاماژەت پێ دا، پۆستی سەرۆك كۆمار ئیستحقاقی كوردە و بۆ هیچ لایەنێك نییە قۆرخی ئەو پۆستە بۆ خۆی بكات، ئەسڵەن بۆ دانانی سەرۆك كۆمار هیچ گرفتێك نییە، گرفتەكە حزب دروستی دەكات، خۆ ناكرێت لە ناو كورددا بێ پرسی پارتی حزبێكی دیكە ئەو بابەتە بەڕێوە ببات، خۆ ئەگەر گریمان ئەو حزبە بەربژێرێكی هەبێت، خۆ دەبێت دواجار پارتی لەسەری ڕازی بێت، پارتی لە ناو دەنگی كورددا زۆرینەی پەرلەمانی هەیە، سەرەتا دەبێت پارتی ڕای خۆی بدات بەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری دەوێت، یان نایەوێت، خۆ ئەگەر نایەوێت، دەبێت بزانین دەیدەین بە كێ، لەم حاڵەتەشدا دەبێت پارتی بزانێت ئەو كەسەی كە پۆستی سەرۆك كۆماری پێ دەدەین، كاری باش بكات و كوردێكی باش بێت، لە ئێستادا شاندی دانوستانكار سەرقاڵی ئەم بابەتەن.
* دیارە لەگەڵ باسكردنی پۆستی سەرۆك كۆمار، باس لە دانانی پارێزگارێكی كوردیش بۆ كەركووك دەكرێت، لەسەر ئەمەش دیسان لە نێوان پارتی و یەكێتی كێشە هەیە، یەكێتی پارێزگاری كەركووكیش بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت. پەیوەندیی نێوان پۆستی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركووك چییە؟ ئایا مەزندە دەكرێت هەردووكیان پێكەوە چارەسەر بكرێن؟
- هەرچەندە پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستی پارێزگاری كەركووك یەك دەگرنەوە و، پەیوەندییەكی باشیان پێكەوە هەیە، بەڵام من یەكلاكردنەوەی ئەم دوو پۆستە بۆ شاندی دانوستانكار بەجێ دەهێڵم، پێم خۆش بوو ئەم پرسیارەت كرد، بەڵام جگە لە پۆستی پارێزگاری كەركووك مەسەلەی وێرانبوون و لەدەستدانی كەركووك پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە و پێویستی بە هەڵوێستی بەپەلە هەیە، من چەندین جار باسی ئەوەم كردووە كە ڕەوشی ئارامی و ئەمنییەت و ئاسایشی كەركووك لە مەترسیدایە، ئەو هێرشە تیرۆریستییەی كە كرایە سەر نووسینگەی من لە كەركووك، بەڵگەیەكی ڕوونی ئەم بابەتەیە، هەرچەندە ئەم كارە تیرۆریستییە زیاتر ورەی ئەرك و كاری نیشتمانیم بەرز دەكاتەوە و بەردەوام دەبین لە كارەكانمان لەژێر چەتری پەرلەماندا، بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی بەشمەینەتی ئەم پارێزگایە.
* كەركووكییەكان جگە لەوەی دەنگێكی زۆریان پێ دایت بۆ پەرلەمانی عێراق، ئومێدێكی زۆریشیان هەیە خزمەتی ئەو شارە بكەیت، دەكرێت بزانین بەرنامەی كاری جێگری سەرۆك پەلەمانی عێراق بۆ كەركووكییەكان چییە؟
- جیا لە كارەكەم وەكو جێگری سەرۆك پەرلەمان، بەشێكی تەواوی ئەركەكەم بۆ خزمەتكردنی كەركووك تەرخان دەكەم، هەندێك یاسا هەیە كە دەبێت لە پەرلەمان دەربچێت و، كار دەكەین بۆ دەركردنی، هاوكات ئەكتیڤكردنی ماددەی 140 كە ماوەی دوو خولی پەرلەمانە نەماوە، هەروەها چالاككردنەوەی لێژنەی ماددەی 140ی حكومەتیشە لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای موڵكدارێتییە وەكو بەشێك لە ماددەی140ی دەستوور.