دەرهێنەری زنجیرە درامای باب ئەلحارە كۆچی دوایی كرد

دەرهێنەری زنجیرە درامای باب ئەلحارە كۆچی دوایی كرد

دەرهێنەری زنجیرە درامای(باب ئەلحارە) و ئەستێرەی دیاری شاشەی سووری(بەسام موللا) لەتەمەنی 66 ساڵیدا لە دیمەشق كۆچی دوایی كرد .

ئەمڕۆ شەممە بەرواری 22/1/2022 لە ڕۆژنامە و میدیا عەرەبییەكان هەواڵی مردنی دەرهێنەر (بەسام موللا) بە جەڵتەی دڵ بڵاوبوویەوە كە خۆشی نەخۆشی سوكەری هەبوو, بەسام لە بنەماڵەیەكی هونەردۆست پەروەردە بووە و (ئەدهەم موللا)ی باوكی یەكێكە لە ئەكتەرە بە ئەزموونەكان و دوو برای وەكو دەرهێنەر دەركەوتوون, هەروەها دوو منداڵی ئەم دەرهێنەرە لە زنجیرە درامای باب ئەلحارە ڕۆڵیان گێڕا .

دەستپێكی كاری هونەری بەسام مولا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەرەتای نەوەدەكان و لەدواییدا وەكو دەرهێنەر كار لەسەر ژمارەیەك زنجیرە دراما دەكات, هەروەها دیارترین كاری ئەم هونەرمەندە بریتی بوو لە زنجیرە درامای باب ئەلحارە كە كاری لەسەر دەرهێنانی پێنج بەشی ئەم زنجیرە درامایە كرد ئەویش لە ساڵەكانی 2006-2007-2008-2009- هەروەها لە ساڵی 2010 بە هاوكاری (مؤمن موللا)ی برای بوو بە چاودێری گشتی لەسەر زنجیرە دراماكە, هەروەها لە پاڵ كاری تەلەفەزیۆنی و چەند پڕۆگرامێكی ڕۆشنبیری و كەلتووری, دوایین كاری بەسام موللا بریتی بوو لە زنجیرە درامای (سوق ئەلحەریر) كە ساڵی 2020 هات و ژمارەیەك ئەكتەری بە ئەزموونی سووری تێیدا بەشداربوون .

ئاسۆ كاكەیی

Top