شێروان دووبەردانی  ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:   پارتی دەرگای واڵایە بۆ هەموو هێزە كوردستانییەكان بۆ ئەوەی یەك دەنگ و یەك بڕیار بین

شێروان دووبەردانی   ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:     پارتی دەرگای واڵایە بۆ هەموو هێزە كوردستانییەكان بۆ ئەوەی یەك دەنگ و  یەك بڕیار بین

 

 

هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەردوو جێگرەكەی مشتومڕی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بە تایبەتی كە شیعەكان نەیانتوانی وەك یەك بەرە لە ناو پەرلەماندا دەنگ بدەن، ئەم پرسە و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، بوونە تەوەری سەرەكیی دیدارێكی گوڵان لەگەڵ شێروان دووبەردانی ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 

 

* یەكەمین كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق سوپرایزێكی گەورەی بۆ هەموو لایەك دروست كرد، بە تایبەتی كە توانرا لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی بە سەركەوتوویی دەستنیشان بكرێن، ئایا ئەم وەرچەرخانە چۆن دروست بوو؟

- دوای ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 2021 لەلایان كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و دادگای فیدڕاڵییەوە پەسند كرا، كە فراكسیۆنی سەدر 73 كورسی و هاوپەیمانیی تەقەدوم 37 كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان 31 كورسییان بەدەست هێنا، ئەگەرچی بەداخەوە پارتی 33 كورسی بوو، بەڵام بە ناهەق پارتییان لە دوو كورسی بێبەش كرد، بۆیە هەوڵ دەدەین لە ڕێگای دادگاوە ئەو دوو كورسییەش وەربگرینەوە. ئەو سێ فراكسیۆنە (سەدر و تەقەدوم و پارتی) لە كۆبوونەوەی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا كە لە نۆی كانوونی دووەمی ساڵی 2022ی ئەنجام درا، ئەو كۆبوونەوەیە بە ئیمزای سەرۆك كۆمار لەو ڕۆژەدا دەستنیشان كرا، بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەن سوێندی یاسایی بخۆن، پاشان سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و هەر دوو جێگرەكەی دابنرێن. لەو ماوەیەدا پارتی زۆر هەوڵی دا كە سوننە ببنە یەك، لە ئەنجامدا عەزم و تەقەدوم هاوپەیمانییان پێك هێنا و بوونە 64 ئەندامی سوننە (كە سەرۆكی پەرلەمان بەشی ئەوانە) و دەنگیان دا كە حەلبوسی ببێتەوە بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها بە دڵنیاییەوە جەنابی سەرۆك بارزانی بە ڕاشكاوانە پێی گوتن ئێمە لەگەڵ زۆرینەی سوننەین و ڕێز لە بڕیارتان دەگرین و لە كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی ئامادە دەبن و دەنگ بە بەربژێرتان (حەلبوسی) دەدەین، بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام بە داخەوە شیعە بوون بە دوو بەش كە هەندێكیان نەیانویست دەنگ بە حەلبووسی بدەن، هاوكات ئیتاری تەنسیقیی شیعە و سەدریش نەیانویست هاوپەیمانی دروست بكەن، هەر بۆیە بەم جۆرە ئێمە و كوتلەی سەدری و تەقەدوم و عەزم ماینەوە كە زیاتر لە 228 ئەندام پەرلەمان بووین، لە ئەنجامی دەنگداندا سەرۆكی پەرلەمان بە 200 دەنگ و جێگری یەكەم بە 182 دەنگ و جێگری دووەم كە دكتۆر شاخەوان عەبدوڵا نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستانە لە شاری كەركووك بە 180 دەنگ دەستنیشان كران، ئەو ڕۆژە لە هەقیقەتدا ڕۆژێكی مێژوویی بوو كە توانیمان زۆرینەیەكی سیاسی لە ئەنجامی هەڵبژاردن بێنینەدی.

* لەگەڵ ئەوەی توانرا دەنگدان لەسەر سەرۆك و دوو جێگرەكەی لە پەرلەمان بە ئاسانی بكرێت، بەڵام دانانی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێ دەچێت ئاسان نەبێت، بە تایبەتی كە لیستی یەكێتی ئامادەی دەنگدان نەبوو بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، ئایا بۆچی ئەو ئیشكالییەتە ڕووی داوە و بۆچی یەكێتی ئامادەی دانیشتنەكە نەبوو؟

-  شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز هۆشیار زێباری تا ساتی كۆتایی لە گفتوگۆ و دانیشتندا بوون لەگەڵ شاند و برایانی یەكێتی، لە دواكۆبوونەوە كە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی ئامادە بوو، كە بڕیاریان دابوو بە یەكەوە (پارتی و یەكێتی) لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادە بن، بۆ دەنگدان بۆ سەرۆكایەتیی و هەردوو جێگری ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆك كۆمار، بەڵام بەداخەوە كە چووینە ناو هۆڵی پەرلەمان، ئیتاری تەنسیقیی شیعە كشانەوە لە هۆلی پەرلەمان و چوونە دەرەوە، هاوكات برایانی یەكێتیش لەگەڵ ئەوان چوونە دەرەوە و لە دەنگدان بەشدار نەبوون، بەڵام ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ و یەكگرتوو مانەوە. بۆ دەنگدان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریشدا، دەكرێت هەر ئەو 228 ئەندامە ئامادە ببن كە لە دەستنیشانكردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەیدا بەشدار بووین، كە بریتین لە چوار فراكسیۆن، كە دەنگدانەكە هەر لە لایەن ئەو 228 ئەندامە دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بۆ دەستنیشانكردن و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێز هوشیار زێباری بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستانە، من پێم وایە لە گەڕی یەكەمی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، دەبێت 220دەنگ بەدەست بهێنێت، ئەگەر لەو گەڕە نەبێت، ئەوە لە گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ سەرۆك كۆمار بە دڵنیاییەوە بەربژێری پارتی زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت. سەبارەت بەو ئیشكالییەتەی لە ناو یەكێتیدا دروست بوو، من دەیگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی كە برایانی یەكێتی لە ناوخۆیاندا ناكۆكن و كێشەی ناوخۆییان هەر بەردەوامە، ئێمە پێمان ڕاگەیاندن كە وەك پارتی لەگەڵ ئەوان زۆر بە ڕوون و ئاشكرا كار دەكەین و، لە پشتەوەی یەكێتی هیچ ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ هیچ لایەنێكدا ئەنجام نەداوە، هەر لە یەكەم ڕۆژ جەنابی سەرۆك بارزانی تەئكیدی لەوە كردەوە كە ئێمە لە بەغدا لەگەڵ یەكێتی و لایەنە كوردستانییەكانی دیكە، بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان یەكدەنگ و یەكڕێز بین، چونكە پۆست لە بەغدا گرنگ نییە. هەروەها ئێمە لە دوای هەڵبژاردنەكە و بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی، مەكتەبی سیاسی و سكرتێری مەكتەبی سیاسی سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیان كرد، تاوەكو پاش هەڵبژاردن كە دەچینە بەغدا، بە یەكەوە بین و یەكڕیز و یەكدەنگ بین، بەڵام بەداخەوە پاش ئەو هەموو هەوڵەی پارتی لەگەڵ یەكێتی، ئەوان نەهاتنە پێشەوە بۆ ئەوەی لە بەغدا یەكدەنگ بین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هۆكاری دیكە هەبێت، بۆیە نەیانتوانی لەو پرۆسەیە لە بەغدا لەگەڵ پارتی ببنە هاوبەش، بێگومان كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ ئیتاری تەنسیقی شیعە لە هۆلی پەرلەمان چوونە دەرەوە، دیارە ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی ڕێككەوتنیان هەبووە.

* هاوكات لەگەڵ بوونی ئەم ئیشكالییەتە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەڵام شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەردەوامە، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە بایكۆتی یەكێتی لە دانیشتنی پەرلەمان كاریگەریی لە سەر كارەكانی شاندی هاوبەش نابێت؟

- دوای ئەوەی كە یەكێتی بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی نەكرد و دەنگی بۆ سەرۆك پەرلەمان و دوو جێگرەكەی نەدا، هاوبەشی لە نێوان پارتی و یەكێتی لە بەغدا كۆتایی هات، ئێمە حەزمان دەكرد، یەكێتی چ تێبینی و قسەیەكی لەسەر ئێمە هەبوو، بە ڕوون و ڕاشكاوانە قسەی بكردایە، چونكە ئێمە وەك پارتی پێمان خۆش بوو، زۆر گفتوگۆشی لەسەر كرابوو كە لەگەڵ یەكێتی یەكدەنگ و هاوبەش بین لە هەموو پرۆسەكە لە بەغدا، ئەگەرچی ئێستاش دەرگای پارتی بۆ یەكێتی و هەموو لایەنەكانی دیكەی كوردستانی كراوەیە و، دەمانەوێت هەموومان لە بەغدا لە پێناو كوردستاندا هاوبەش و یەكدەنگ بین.

* ئێستا كێشەی سەرەكیی بۆ پێكهێنانی حكومەت، شپرزەیی و دابەشبوونی نێوماڵی شیعەیە، بە تایبەتی كە سەدر ڕاشكاوانە داوا دەكات مالیكی لە پرۆسە سیاسییەكە دوور بخرێتەوە، ئایا ئاراستەی پێكهێنانی حكومەت بە دیدی ئێوە چۆن دەبێت؟

- لە دوای دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار ماوەی دوو مانگ كات بۆ فراكسیۆنی گەورە دەمێنێتەوە، بۆ پێكهێنانی حكومەت، كە لە لایان سەرۆك كۆمارەوە بۆ پێكهێنانی كابینەكە ڕادەسپێردرێت، لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا ئەگەر ئیتاری تەنیسق و سەدر نەبوونە هاوبەش، ئەوە پرۆسەكە بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران هەر وەك ئەو ڕۆژە دەبێت كە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك پەرلەمان و دوو جێگرەكەی بەڕێوە چوو.

* باس لە كاریگەریی و ڕۆڵی وڵاتانی ئیقلیمی دەكرێت بۆ ڕێكخستنەوەی نێوماڵی شیعە، بە تایبەتیش ڕۆڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایا تا چەند هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامی لەم ئاراستەیەدا سەركەوتوو دەبێت؟

- لە ڕاستیدا ئەوان بەردەوام گوشار لە سەدر دەكەن، كە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیتاری تەنسیقی و لایەنی دیكەی شیعە دروست بكات، بەڵام سەدریش بڕیاری خۆی هەیە و قبووڵی نییە كە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیتاری تەنسیقی بكات، ئیتاری تەنسیقی هەڕەشە لە سەدر دەكەن كە هاوپەیمانیی لەگەڵ ماڵی سوننە و كورد ئەنجام داوە، بەڵام پەیامی سەدر بۆ ئیتاری تەنسیقی زۆر ڕوون و ئاشكرا بوو، كە ڕایگەیاند ئێمە لەگەڵ ماڵی سوننە و كورد دەڕۆین بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسی و، هیچ هەڕەشەیەك قبووڵ ناكەین، كە بكرێتە سەر هاوبەشەكانمان، كە مەبەستی بۆ سەر لایەنی كوردی و سوننە بوو.

* پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوئیای ڕۆشنە بۆ چۆنیەتیی بەشداربوونی لە كابینەی داهاتووی حكومەتی عێراقدا، ئایا ئەو هێڵە گشتییانە چین كە سەرۆك بارزانی پێداگری لەسەر دەكات؟

-  جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو كات تەئكید لە جێبەجێكردنی دەستوور دەكاتەوە، ئێستاش لەگەڵ لایەنی سوننە و شیعە بە ڕوون و ئاشكرا پێی ڕاگەیاندوون كە كاركردنەكە لە پێناو ئاساییكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان و، جێگیركردنی بودجە و مووچەی كوردستان لە میزانییەی عێراق و تێپەڕاندنی یاسایی نەوت و غاز. ئەوەی سەرۆك بارزانی لە عێراقی داوا دەكات، شتێكی شاراوە نییە كە یەكێتی و لایەنی دیكەی كوردستان نەیانەوێت، چونكە ئەوەی پارتی داوای دەكات، مافە یاسایی و دەستوورییەكانی گەلی كورد و كوردستانە و شتێك نییە كە تەنیا لە بەرژەوەندیی پارتی بێت و، بەردەوام شەڕ و ململانێی پارتی لە سەر بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و مافەكانی خەڵكی كوردستانە و، ئەو داواكارییانەی ئێمە ئەوانەن كە داواكاریی گشتی و ئاسایی خەڵكی كوردستانن، كە ماف و هەقێكی دەستوورییە لە سەر عێراقی فیدڕاڵ، كە دەبێتە خاڵی سەرەكی لە گفتوگۆی نێوان ئێمە و لایەنی سەدری و سوننە لە حكومەتی ئەمجارەی عێراقدا و، دەمانەوێت ئەو كێشانە بە تەواوی چارەسەر بكرێن و نەگەنە بنبەست و، هەموو ساڵێك دووبارە نەبنەوە و، كێشە بۆ هەرێم و گەلی كوردستان دروست نەبێت.

Top