نارین فەقە وەك یەكەم هونەرمەندی كورد بەشداریی لە (Voice of Change)دا كرد

نارین فەقە وەك یەكەم هونەرمەندی كورد بەشداریی لە (Voice of Change)دا كرد

نارین فەقە، لە ساڵی 1980 لە شاری دێرك لە ڕۆژئاوای كوردستان لە بنەماڵەیەكی هونەری لەدایكبووە و، باوك و باپیریشی هونەرمەند بوون، دیوەخانی ماڵباتەكەشیان هەمیشە شوێنی كۆبوونەوەی هونەرمەندە بەناوبانگەكان بووە، كە كاریگەریی زۆریان لەسەر نارین دروستكردووە، نارین فەقە لە ساڵی 1991 وە لە سوێد نیشتەجێیە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەری مافناسیی ئەوروپییە، جگە لە كرمانجی، بە شێوەزاری سۆرانییش گۆرانیی گوتووە و، خاوەنی چوار ئەلبوومی گۆرانییە.

نارین بەر لە بیست ساڵ یەكەم هەنگاوی لە بواری هونەری كوردیدا هاوێشت، ئەوهەر لە منداڵییەوە لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕووی لە وڵاتی سوید كرد و، بە دەنگ و ئەدا و گۆرانییە ڕەسەنەكانی توانیی سەرنجی هەوادارانی هونەری ڕەسەنی كوردی بۆ خۆی ڕابكێشێت و، لە گشت بوارەكاندا بوونی خۆیی بەهێزەوە سەلماندووە، لە گۆرانیی نیشتمانی و پاراستن و بەرگریكردن لە ئافرەتی كورد، پاراستنی زمانی كوردی و گۆرانییە ئەویندارییەكان وەك (هێڤی، زمانێ داێی، ژن ژیانە) و دەیان گۆرانیی دیكە، بە شێوەزاری كرمانجی و سۆرانی گۆرانیی گوتووە، ئەمەش وایكرد لە هەر چوارپارچەی كوردستاندا خاوەن جەماوەرێكی زۆر بێت، بەبێ جیاوازی.

 بەشداریكردنی نارین لە بەرنامەی (Voice of Change)

نارین فەقە وەك یەكەم هونەرمەندی كورد بەشداریی لە (Voice of Change)دا كرد

نارین فەقە لە ساڵی 2021 وەك یەكەم هونەرمەندی كورد بە چوار گۆرانی (ئاخ كوردستان، گەر بیریا تە بكەم، ئەز سەربانا، خومێ خومێ) بەشداریی لە (Voice of Change) دا كرد، لەم بارەوە نارین بە گوڵانی راگەیاند:(Voice Change) كۆنسێرتێكە لەلایەن شانۆی نەتەوەیی حكومەتی سویدەوە ڕێك دەخرێت، زیاتر لە پەنجا ژەنیاری ئۆركێسترای نەتەوەیی سوید تێیدا بەشدارن، كۆنسێرتەكە لە ئاستێكی زۆر بەرزی هونەریدایە و، ئامادەكارییەكی زۆری بۆ كراوە، تا رۆژی 20\1\2022 لە سەر ماڵپەڕی تایبەتی شانۆی نەتەوەیی سویدی نمایش دەكرێت، لە ماڵپەڕەكەدا دیمانەیەكی من هەیە، تیایدا باس لە ستایل و ئامانجەكانی هونەریی خۆم دەكەم، لەم كۆنسێرتەدا هونەرمەندانی سووری، فارس، بەلوج و چەندین وڵاتی دیكە تێیدا بەشدارن، بەتایبەتی ئەو هونەرمەندانەی كە ناتوانن بە ئازادی بە زمانی خۆیان گوزارشت لە هونەری نەتەوەكەیان بكەن و، كارەكانیان بۆ پاراستنی ئازادی و مافەكانی مرۆڤە، ئەم كۆنسێرتە لە بەشی فارسیی كەناڵی دەنگی ئەمریكا نمایش دەكرێت».

سەبارەت بە هەڵبژاردنی گۆرانییەكانی لەم كۆنسێرتەدا، نارین فەقە دەڵێت: «هەوڵمدا ئەو گۆرانییانە پێشكەش بكەم كە بەشێوەیەكی بەربڵاو نەگوتراون، بەتایبەتی گۆرانیی (ئاخ كوردستان) كە هونەرمەندی نەمر (هۆزان سەرهات)ـە، حەزم كرد ئەم گۆرانییە پێشكەش بە گیانی پیرۆزی بكەم و، بەشێوەی ئۆركێسترالی پێشكەش بكەم، لە دڵی من و هەر هونەرمەندێكدا هزری كوردستانێكی بەهێز و سەربەخۆ هەیە، كە هەموومان بەسەربەرزی تێیدا بژین، بۆیە ئەو گۆرانییەم لەو ئاستە بەرزەدا پێشكەش كرد، هەروەها گۆرانییەكانی دیكەش لە گشت ڕوویەكەوە لە ئاستێكی بەرزی هونەریدان».

 پێشمەرگە و شنگال

نارین تیشك دەخاتە سەر رۆڵی هونەر لە بابەتە نەتەوەییەكاندا و لەوبارەشەوە دەڵێت: «لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بارودۆخی كوردستان لە زۆر رووەوە ئاڵۆز بوو، بواری هونەرییش بە گشت لقەكانییەوە و، بەتایبەتی گۆرانی و موزیك، بێبەش نەبوو لەو كاریگەرییە، ئەمەش لە هەموو لایەكمان دەخوازێت كە بە هەموو هێز و توانایەكمانەوە، هەوڵ بدەین هونەری كوردی دووبارە بگەڕێنینەوە ئاستی جارانی و، زیاتریش پێشی بخەین و لە كاریگەرییەكانی دۆخی نەخوازراوی كوردستان دووری بخەینەوە و، هەوڵی دووبارە زیندووكردنەوەی بدەین، هونەرمەندانی كورد رۆڵی خۆیان بینیوە لەو شەڕەدا و درێغییان نەكرد و نەوەستان لە كارە هونەرییەكانیان دەربارەی كوردستان، وەك پێشمەرگە، شەهید ئەمەش مایەی دەستخۆشییە، بەڵام دواتر تێبینم كرد كە هەندێك فلتەر نەما و هەر هونەرمەندێك بە ستایلێكی تایبەتی خۆیەوە كاری هونەریی پێشكەش كرد، لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە دوو لە بەرهەمە هەر گەورەكان كە لەم سەردەمەدا پێشكەش كران دژ بە تیرۆر و تیرۆریستان و هەموو دوژمنانی كورد و كوردستان، هەردوو بەرهەمی (پێشمەرگە و شنگال) بوون كە شوێنی خۆیان لە نێو هونەری كوردیدا كردووە و بوونە دوو بەرهەمی دەوڵەمەندی نێو مێژووی هونەری كلاسیكی كوردی، من خۆشحاڵ و سەربڵندم كە وەك هونەرمەندێكی رۆژئاوای كوردستان لە سیمفۆنیای شنگالدا بەشداریم كرد، بە شێوەیەكی گشتی هەر هەموو بەرهەمەكان خزمەتیان بە كوردستان و پێشمەرگە و كێشەی نەتەوایەتیی كورد كرد و، پشتیوانییان لەو دۆزە رەوایە كرد و، بوونە هۆكارێك بۆ بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە و میللەتی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان.

Top