خودا بە كوردی دروست كردووم، كەواتە كورد بوون شانازییە
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ئایەتە پیرۆزە و چەندین دەقی دیكەدا، گرنگیی ئەم بابەتە دەخەمە ژێر دیدی خوێنەرانی ئازیز
(وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ) سورة الروم (22)
واتە : یەكێك لە نیشانە و بەڵگەگانی خودای گەورە دروستكردنی ئاسمانەكان و زەوی و جیاوازیی زوبان وڕەنگە، بۆسەر زوبانی وەكو (كورد و عەرەب و تورك و فارس و ئینگلیز و ئۆردۆ و فەرەنسی و كوری و سینی و.. هتد) ئەمەش بەڵگەونیشانەیە بۆ هەموو خەڵكی جیهان .
وەكو دیارە رۆژانە دەبینین میللەتی كورد لەلایەن گەلانی دیكەوە، بەتایبەت (تورك و عەرەب و فارس) ڕووبەڕووی جۆرەها ئەشكەنجە و ئازاری دەروونی و جەستەیی و ئاوارەیی و كوشتن و لەسێدارەدان و بەندكردن دەبێتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی كوردین قسەكردن و خوێندن و نووسین بەزوبانی دایك قەدەغەیە، لە هەندێك كات و شوێندا پۆشینی جلوبەرگی كوردی قەدەغەیە و ژیان دەخاتە مەترسییەوە و، لە هەندێك وڵات خوێندنەوەی وتاری هەینیش بەزوبانی كوردی قەدەغەیە.
دەبێ ئەوە بزانین كە خودای گەورە مرۆڤی لە دوو ڕەگەزی جیا لە نێرو مێ دروست كردووە، ئینجا بەسەر نەتەوەو عەشیرەتدا دابەشی كردووە، ئەوەش تەنیا بۆ ناسین و لێك تێگەیشتنە، ئەوەی لە لای خودای گەورە ڕێزدارترە، ئەو كەسەیە تەقوای باشتر بێت .
خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێ :
(يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ) [سورة الحجرات:13] .
پێغەمبەر ( د.خ ) دەفەرموێت (لا فرق بین عربی ولا أعجمی و لا أبیض ولا أسود إلا بالتقوی) واتا: هیج جیاوازیەك لە نێوان عەرەب و غەیری عەرەب و سپی پێست و ڕەش پێستدا نییە، تەنیا بە تەقوا نەبێت.
كەواتە ئەم وتە جوانە ڕوو لە مرۆڤایەتی بەگشتی دەكات و گەلی عەرەب بە تایبەتی، (١٤٠٠) ساڵ زیاترە كە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێی لە هەموو جۆرە دەمارگیرییەكی نەتەوەیی و عەشیرەتی و چینایەتی جۆراوجۆر گرتووە، بۆیە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێگەی لە هەموو جۆرە دەمار گیرییەكی ڕەگەز و میللەت و ڕەنگی پێست گرتووە و ڕێگە بەهیج كەس نادرێت خۆی بەسەرخەڵكیدا بە ئاغا بزانێت و، نابێت هیچ كەسێك خاكی خەڵكی كەسانی دیكە داگیر بكات.
ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە هیج شێوەیەك ڕێگەی بە ڕەگەزپەستی نەداوە و، هەروەها ڕێگەی لە ڕكابەریی نێوان ئایین و نەتەوە و مەزهەب و عەشیرەت و ...هتد گرتوە .
خودای گەورە بناغەی پێكەوەژیانی بۆ مرۆڤایەتی داناوە، بۆئەوەی كەس بەسەركەسی دیكەوە خۆی بە گەورەتر و باشتر دانەنێت، كەس لەكەس باشتر و ڕێزدارتر نییە مەگەر بە تەقوا نەبێ، هەروەك لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، فقال تعالی (إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ) سورة الحجرات.
خۆ ئەگەر باس لە جلوبەرگ بكەین، جلوبەرگی پیاو و ژنی كورد لە هەموو جلوبەرگی وڵاتانی دیكە جوانتر و شەرعیتر و داپۆشراوترە، دەگێڕنەوە جارێكیان گابانی كوردی دەڕواتە خزمەتی پێغەمبەر (د.خ) و دەستێك جلی كوردیی پیاوانی پێشكەش دەكات، ئەویش لەبەری دەكات و زۆر دڵخۆش دەبێت و، دەفەرموێت: باشترین و جوانترین جلوبەرگە، بەڵام لەبەر نەریتی كۆمەڵگەی عەرەبی و نامۆیی شێوازی جلوبەرگەكە دایدەنێت، كەواتە پێغەمبەری سەروەر (د.خ) هیج جۆرە جلوبەرگی میللەتانی دیكەی ڕەت نەكردووەتەوەو، هیج كامیانی بەسەر ئەوی دیكەدا پیرۆزتر نەكردووە، بۆیە لەبەركردنی دشداشە هیچ سونەتێكی پێوە نییە، تەنیا ئەوە نەبێت بۆ مزگەوت و نوێژی هەینی دەبێ چلوبەرگت پاك وخاوێن و داپۆشراو بێت.
خودای گەورە خاكی كوردستانی بە پیرۆز داناوە، ئەو كاتەی پێغەمبەر نوح (د.خ) لە كەشتییەكەیدا بوو، ولافاوە گەورەكە هەڵسا و، لەكاتی نیشتنەوەی كەشتییەكەیاندا دوعای كرد كە خودای گەورە لە پیرۆزترین شوێن بیانگیرسێنێتەوە، وەكو لەدەقی ئایەتەكەهاتوە: (رَّبِّ أَنزِلْنِي مُنزَلًا مُّبَارَكًا وَأَنتَ خَيْرُ الْمُنزِلِينَ )سورە المؤمینون /۲۹ .
ڕێگریكردن لە هەركەس ونەتەوەو خەڵكێكی ڕەسەن كە بە زوبانی دایك قسە بكات، تاوانێكی گەورەیەو خودای باڵادەست سزای قورسی بۆ ئامادە كردووە، بەدرێژایی مێژووی كورد كە بەردەوام میللەتی كورد بۆ ئازادی قوربانیی زۆری داوە و ڕێگریی گەورەی لەبەرامبەر كراوە، بۆنمونە: لەیلا قاسم لەسەر كوردبوونی لەسێدارە درا، لەیلازانا تەنیا لەبەر ئەوەی خودای گەورە بە كورد خەلقی كردووە و بەزوبانی دایك داوای مافی نەتەوەكەیی كردووە، بێدەنگیان كرد و زیندانیان كرد، مامۆستا زارای بوێر تەنیا تاوانی ئەوەیە كە منداڵە چاوگەشەكانی میللەتەكەیی فێری نووسین و خوێندنەوەی زوبانی دایك كردووە و...، چەندین نموونەی دیكەش هەن.
تاكۆ ئێستەش لە وڵاتی ئێران نابێ بەكوردی بخوێنن و بنووسن، هەروەها لە وڵاتی توركیاو سووریاش بە هەمان شێوە، تەنانەت لێنەگەڕاون وتاری هەینی و نزاكانیشیان بەكوردی بێت، كەخودای گەورە ڕێگەی پێ داون و بەو شێوەیە دروست كراون، خودای گەورە نەهی لە ڕەگەزپەرستی كردووە و، پێغەمبەرمان محەمەد (د.خ) زۆر توڕەبووە لەو كەسانەی كە دەماری ڕەگەز پەرستییان هەبووە، ئەگەر تەماشا بكەین لەگەڵ ئیمامی عومەر و خالید و حەمزە و گابانی كوردی و سەلمانی فارسی و سوهەیبی ڕۆمی وەك برا بوون.
نەتەوەی كورد بەهیج نەتەوە و گەلێكی دیكە ناسڕدرێتەوە و كۆتایی پێ نایەت، هەرجەندە كیمیاباران بكرێن و ئەنفال و زیندەبەچاڵ و ڕاگواستنی بەسەردا بهێنرێت و، هەرچەندە هەوڵی گۆڕینی ناسنامەی میللەتەكەمان بدەن بۆ (عەرەب و تورك و فارس) بەڵام ناتوانن خۆشەویستیی دڵی تاك تاكی كورد بگۆڕن، ئەوەتا دەبینین هەموو هەوڵەكانیان بە درێژای زەمان پوچەڵ بووەتەوە، ئەگەر لەیلایەك لەسێدارە بدرێت، هەزارەها لەیلای دیكەمان ماوە، ئەگەر لەیلایەك دەمكوت بكرێت لە پەرلەمان، هەزارەها لەیلای دیكەمان ماوە كە بۆ مافی نەتەوەكەی هاواربكات، ئەگەر زارایەك زیندانی بكرێت هەزارەها زارا ی بوێرمان ماوە تا منداڵەكان فێری خوێندن و نووسینی زوبانی دایك بكات.
هیوادارم میللەتی كورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمندا یەكڕیز و یەكدەنگ بن و، ناكۆكییەكان وەلا بنێن و، دەست لە ناو دەست بنێن بۆ فەراهەمكردنی مافی نەتەوەكەمان.
پێویستە لە قوتابخانەكەنماندا منداڵەكانمان ئاشنا بكرێن بە قوربانیدان و لەخۆبردوویی ئەم هەموو ژن و پیاوە قارەمانانەی خەباتیان بۆ گەلەكەمان كردووە، بۆ نموونە( شێخ عەبدولسەلام بارزانی، مەرحووم مەلا مستەفای بارزانی، قازی محەمەد، شێخ مەحمود، شێخ سەعیدی پیران، لەیلا قاسم و لەیلا زانا و مامۆستا زارا).
مەلا رەعد نووری ئۆمەربلی
كارگێڕ و وتەبێژی لقی هەولێری یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان