چەند بەلەمێکی گەشتیاری كەوتنە ژێر داڕمانی تاتەبەردێكی گەورە

چەند بەلەمێکی گەشتیاری كەوتنە ژێر داڕمانی تاتەبەردێكی گەورە

 

 

 

داڕمانی تاتەبەردێكی گەورە لەسەر چەند بەلەمێکی گەشتیاری بەلایەنی کەمەوە 10 کەسی كردە قوربانی، ڕووداوەکە لە دەریاچەی فێرناسی بەرازیل ڕوویدا، دوای ئەوەی پارچە بەردێكی گەورە لە لێواری دەریاچەکە بە شێوەیەکی سەیر لێی جیابووەوە و کەوتە سەر بەلەمەكانی گەشتیاران.

تیمەكانی فریاكەوتن پێیان وایە هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە بارانبارینی زۆر بووە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە باشووری ڕۆژئاوای بەرازیل ، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسانکردنی دیاردەی "لێشاوی بەرد" لە دەریاچەی گەشتیاریدا ئەو وێنانەی کە گەشتیاران و بەلەمەکانی دیكە لە چەند ساتێک پێش ڕووداوەکە و دوای ڕووداوەکە گیراون ئەوە نیشان دەدەن کە چۆن خۆشی گەشتکردن لەسەر ئەم دەریاچە سەرنجڕاكێشە لە چەند چركەیەكدا دەبێتە کابوسی کوشندە.

سەرنشینانی بەلەمە زیان لێکەوتووەکان لە ژێر تەختەی بەردەکە گیانیان لە دەست دا و هاووەڵەکانی دیکەیان دیمەنی "ترسناکترین" ڕووداو ژیانی خۆیان  تاقی كردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان سەرجەم قوربانییەکان بەرازیلی بوون و تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 68 ساڵ بووە، لەو ڕووداوە كوشندەیەدا زیاتر لە 30 کەس بریندار بوون و ژمارەیەکیش بێسەروشوێنن، نۆ كەس لە بریندارەکان هێشتا لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.

ژائیربۆلسۆنارۆ سەرۆکی بەرازیلی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیگەرانیی خۆی بۆ ئەو كارەساتە دڵتەزێنە دەربڕی و ستایشی هەوڵەکانی تیمەكانی فریاكەوتنی کرد.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

 

Top