لەسەر ڕێگای بەفراوی باکووری پاکستان: 21 کەس لە ئۆتۆمبێلەکانیان بوونە قوربانی

لەسەر ڕێگای بەفراوی باکووری پاکستان: 21 کەس لە ئۆتۆمبێلەکانیان بوونە قوربانی

 بەرپرسانی پاکستان ڕایانگەیاند، کە بەلایەنی کەمەوە 21 کەس بەهۆی بارینی بەفرەوە لە باکووری وڵات لە ئۆتۆمبێلەكانیان گیریان خواردووە.

سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکان لە نزیک شارۆچكەی مورای سەر بە پارێزگای پەنجاب لە بەربەستی قورسدا گیریان خوارد. ئەفسەرێکی پۆلیس و ژنەکەی و شەش منداڵەکەی لە ناو قوربانییەکاندان.

شێخ ڕەشید ئەحمەد وەزیری ناوخۆی پاکستان ڕایگەیاند: کە سوپای ئەو وڵاتە کاردەکات بە پاككردنەوەی بەفری ڕێگاكان بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی کە هێشتا لەسەر ڕێگا بەفربارینەكان گیریان خواردووە.

وەزیری ناوخۆی پاکستان ئەوەشی گوت: داوام لە دانیشتوانی ناوچەکە کردووە کە یارمەتی گەشتیاران بدەن و خواردن و بەتانییان بۆ دابین بكەن.

 شاری مورای دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوییەوە بە بەرزیی 2300 مەتر لە ئاستی دەریاوە، نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە شاری ئیسلام ئاباد پایتەختی پاکستانەوە دوورە.  

سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتدارانی پاکستان، زۆربەی دانیشتوانی ئیسلام ئاباد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویان لەو شارە کردبوو، بۆسەیرکردنی بارینی بەفرێکی زۆر لە مۆرای. . 

وتەبێژی پۆلیسی مورای گوتی: لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 100  هەزار ئۆتۆمبێل چووەتە ناو شارەكەوە ئەوەش بوەتە هۆی بەربەستی قورسی ڕێگاکان.

پۆلیسی پاکستان ڕایگەیاندووە، کە هەشت لە قوربانییەکان لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا سڕ بوون بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا قوربانییەکانی دیكە لە سەرما مردوون یان هەڵمژینی گازی دوانە ئۆكسیدی كاربۆنی ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لە دەستداوە.

عیمران خان سەرۆک وەزیرانی پاکستان هاوخەمیی خۆی لە مردنی ژمارەیەک لە گەشتیاران دەربڕی و گوتی:  ڕێنماییەکی توند پەیڕەو دەكەین بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکە.

بەرپرسانی ویلایەتی پەنجاب، شارە شاخاوییەکەی موراییان بە کارەساتی سروشتی ناوچەکەیان بە "زیانلێكەوتوو" ڕاگەیاند: و داوایان لە هاووڵاتیان کرد، کە بەرەو شارەکە نەڕۆن، ئەو وێنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە كە لەسەر ڕێگای چیاکان گیریان خواردووە  كە مەترێك  بەفر یان لەسەر نیشتووە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top