چوارباخ لە نێوان دەستاڕی ژیان و بێباكیی هاوژینەكەی دەنگی ئازادی هەڵدەبڕێت
چوارباخ خانمێكی گەنمڕەنگی باڵا مامناوەندە، ئەو بە ئەسڵ خەڵكی شاری كۆیەیە و تەنیا 30 بەهاری تەمەنە، كەچی بۆ هۆی ستەمی ڕۆژگار و بێباكیی مرۆڤە بێویژدانەكان پیری بە ڕوخساریەوە دیارە. هاوڕێیەكی پارێزەر چەند ڕۆژێك لەمەوبەر چوارباخی بە گوڵان ناساند و، باسی ئاریشە و مەینەتەكانی ئەو خاتوونەی كرد، گوڵانیش بە پێویستی زانی بە سەری بكاتەوە و لەسەر زاری خۆیەوە وێنای ژیانی بكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
چوارباخ دایكی چوار منداڵە و گەورەكەیان تەمەنی تەنیا 11 ساڵە، وەك خۆی باسی كرد، لە هاوسەرەكەی جیا بووەتەوە و، هەر خۆیشی ئەركی بەخێوكردنی منداڵەكانی لە ئەستۆ گرتووە. ئەو خاتوونە بەم جۆرە باسی چیرۆكی ژیانی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات: «كاتێك كچ بووم و لە ماڵی باوكم بووم، بەو هیوایە بووم، دوای پێكهێنانی هێلانەی ژیانی هاوسەری، لانەیەكی ئارام و گەرم و گوڕم هەبێت و، لە سایەیدا بە ئاسوودەیی ژیان بكەم، دەیان خەونی ڕەنگاوڕەنگم هەبوو، كەچی كاتێك هاوسەرگیریم كرد، دوچاری گرفت و ناخۆشیی زۆر بووم، ڕووبەڕووی خیانەتی هاوسەری بوومەوە، سەرەڕای ئەوەش بەشم هەر لێدان و تێهەڵدان و جنێو و سووكایەتیكردنی بێ حیساب بوو، سەرباری هەموو ئەوانە هاوسەرەكەم زۆر تەمبەڵ و تەوەزەل بوو، كاسبی نەدەكرد و دواجار لەسەر دزی گیرا، منیش ئەو دەرفەتەم بە هەلێكی باش زانی بۆ جیابوونەوە بە ئاسانی، چەند مانگێكە بە شێوەی تەفریق لێی جیابوومەتەوە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خەڵك بەتایبەت كەسوكاری خۆم بە چاوی سووك سەیرم دەكەن و پێم دەڵێن ژن بمرێ باشترە لەوەی تەڵاق بدرێ، بەڵام من هەمیشە لە خۆمم پرسیوە: چوارباخ ئایا تۆ هەڵەی؟ نەخێر، هەڵە نیم، كە هەڵە نەبم گوێ بە هیچ كەس نادەم و ڕێگە بە كەسیش نادەم بڕیار لەسەر ژیانم بدات، پێویستە ئافرەتی ژیر و سەلار كەرامەتی لە سەرووی هەموو شتێكەوە دابنێت».
چوارباخ زیاتر باسی ژیانی خۆی دەكات و ئەوەش ناشارێتەوە كە لە خزمانی خۆی و هاوسەرەكەشی كەس هاوكاری نەكردووە و یارمەتییان نەداوە، بۆیە ناچار بووە، شان بداتە ژێر كاری دەرەوەی ماڵ و هەر لەو بارەیەوە گوتی: «لە پێناو ژیانێكی شەرەفمەندانە و لە بەر خاتری چاوی منداڵەكانم لەگەڵ دەستەخوشكێكم دووكانێكمان بە كرێ گرتووە و كاری نەخش و دروومان دەكەین، بە داهاتی كارەكەم منداڵەكانم بەخێو دەكەم و، هەرگیز نەمهێشتووە موحتاجی دەستی كەس بن. سوپاس بۆ خوا دوای ئەو هەموو ناخۆشییە ئەمڕۆ ڕۆژی ئازادی و ڕزگاربوون لە ستەمم لێ هەڵهات».