یەڵدا عەباسی بۆ گوڵان: هەوڵ دەدەم لە ڕێگای هونەرەكەمەوە مۆسیقای دەڤەرەكەم بپارێزم

یەڵدا عەباسی بۆ گوڵان: هەوڵ دەدەم لە ڕێگای هونەرەكەمەوە مۆسیقای دەڤەرەكەم بپارێزم

هونەرمەندی بەتوانای نێو كوردانی خوراسان، یەڵدا عەباسی لە دایكبووی شاری شێروان قوچانی خوراسانە و، هەر لەمنداڵییەوە دەنگێكی خۆشی هەبووە، لەسەردەمی خوێندندا لە زانكۆ، بە دەنگە خۆشەكەی هەمووانی سەرسام كردبوو، تا دوای تەواوكردنی خوێندنەكەشی كە بەشی ئای تی تەواو كردووە، هاتووەتە ناو دنیای میوزیكەوە. یەڵدا لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بەشداریی لە نواندندا كردووە، دایكشی لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن كاری كردووە، هەرچەندە خوێندنی یەڵدا تا ڕاددەیەك لە هونەرەوە دوورە، بەڵام ئەو توانیویەتی پەرە بە هونەرەكەی بدات و بە هاوكاریی دایكی، ببێت بە یەكێك لە هونەرمەندە ناسراوەكان لە نێو كوردانی خوراساندا، كە جگە لە گۆرانیگوتن و ژەنیاری، لە نواندنیشدا جێدەستی دیارە.

یەڵدا عەباسی بۆ گوڵان: هەوڵ دەدەم لە ڕێگای هونەرەكەمەوە مۆسیقای دەڤەرەكەم بپارێزم

یەڵدا عەباسی سەبارەت بە سەرەتای دەستپێكردنی كاری هونەری دەڵێت: «یەكەم ئەزموونی هونەریم لە تەمەنی پێنج ساڵی بوو ئەویش فیلمێكی مۆسیقی بوو لە دەرهێنانی دایكم، دواتر لە تەمەنی یازدە ساڵیدا و لەسەر دەستی چەند مامۆستایەكی بە توانا وەك ماجد ئەحمەد و هەردوو برا ڕەمەزان و مامۆستا فەرید ڕووم لە ژەنینی ئامێری دووتار كرد، ئێستا بەردەوامم لە ژەنینی ئەم ئامێرە و سوپاس بۆ خودا كە تێیدا سەركەوتووم، لەمەشدا ڕۆڵی سەرەكی بۆ دایكم دەگەڕێتەوە، كە ڕێگەی پێنیشاندام و هاوكاریی كردم، تا ئێستاش بەردەوامە لە هاوكاریكردنم، هەروەها ناكرێ ڕۆڵی باوكیشم لە یاد بكەم».

سەبارەت بە هەڵبژاردنی بواری مۆسیقا یەڵدا دەڵێت: «مۆسیقای كۆن و ڕەسەن لە خوێنمدایە و من لەگەڵی ژیاوم، بۆیە لە نێو چەندین بواری دیكەدا بواری مۆسیقام هەڵبژارد، هەروەها هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی هونەرەكەمەوە مۆسیقای دەڤەرەكەم بپارێزم و پەرەی پێ بدەم، چونكە جەماوەری ئەم مۆسیقایە زۆرە لە نێو كوردانی خوراساندا و هونەرمەندانیش هەن كە خەبات دەكەن لەم پێناوەدا، هەروەها وەك كچێك سەرەڕای ئاستەنگەكان دەمەوێت ئەوە بسەلمێنم كە ئافرەتی كورد لە بواری هونەردا دەتوانن داهێنان بكەن و، بە سەر ئاستەنگەكاندا زاڵ ببن و لەگەڵ هونەرمەندە مەزنەكاندا گۆرانی بڵێن، دەبێ ئەوەش باس بكەین كە زۆر لە ئافرەتان توانیویانە لەگەڵ گرووپە هونەرییەكاندا شان بە شانی پیاوان كاری مۆسیقا بە باشی ئەنجام بدەن و شوێن پەنجەیان دیارە».

Top