مەکتەبی سیاسیی پارتی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینیەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە

مەکتەبی سیاسیی پارتی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینیەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە

ئەمڕۆ هەینی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زایینی، پەیامێكی بڵاوكردەوە و پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆڵەکانی كوردستان كردووە، هەروەها پیرۆزبایی لە کەسوکاری شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی كردووە.

لە پەیامەكەدا هاتووە "هەلومەرجی سیاسیی عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ دەڕوات بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەسەندکردنی ئەنجامەکانی، بۆیە لەو دەرفەتەدا جەخت دەکەینەوە سەر یەکڕیزی و یەکگوتاری حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشداریکردن و کارکردن لەسەر کارنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵی و داھاتووی عێراق، کە ئەجێندایەکی روون و تێروتەسەل لەخۆ بگرێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە و مەسەلە هەڵواسراوە درێژخایەنەکان بەجۆرێک لە خزمەتی خواست و مافە رەواکانی گەلەکەمان بێت لەوانەش جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ـی دەستوور و دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و پێداویستییەکانی ھێزی پێشمەرگە و، چەسپاندنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئیستیحقاقی دەستووری".

هەروەها دەڵێ "بەبۆنەی سەری ساڵی (٢٠٢٢)ی زایینیەوە جارێکی دیکە بەڵێن نوێ دەکەینەوە، کە وەک هەمیشە لە ئاست خواست و ویستی گەلە خۆراگر و سەربەرزەکەمان دابین و سووربین لەسەر پتەوکردنی سەقامگیری و ئاسوودەیی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئاشتەوایی و قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و فرەرەنگی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئەو قەوارەیە و دەسکەوتەکانمان. هیوادارین ساڵی نوێ ساڵی کۆتاییهاتنی کێشە و گیروگرفت و دەردەسەرییەکان بێت.. ساڵێکی بە هات و هیوابەخش بێت بۆ گەلەکەمان و هەموو لایەک لە دەرد و بەڵاو ناخۆشی و پەتای کۆڕۆنا و نەخۆشی و بەدوور بن".

Top