ڤلادیمێر چیژۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا بۆ یەکێتیی ئەوروپا: مۆسكۆ ویستوویەتی یارمەتی ئەو هاووڵاتیانە بدات کە بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن

ڤلادیمێر چیژۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا بۆ یەکێتیی ئەوروپا:  مۆسكۆ ویستوویەتی یارمەتی ئەو هاووڵاتیانە بدات کە بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە هەواڵێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە باڵیۆزی ڕووسیا بۆ یەکێتیی ئەوروپا دووپاتی كردووەتەوە كە وڵاتەكەی هیچ ئامادەکارییەك ناکات بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا، ئەمە دووپاتكردنەوەیەش دوای ئەوە دێت كە ڕووسیا وڵاتانی ڕۆژئاوای نیگەران کرد بەهۆی زیادکردنی هێزەکانیەوە لەسەر سنووری ئۆکرانیا.

 

ڤلادیمێر چیژۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا بۆ یەکێتیی ئەوروپا لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی دای وێڵتی ئەڵمانی  ڕایگەیاند كە مۆسكۆ ویستوویەتی یارمەتی ئەو هاووڵاتیانە بدات کە بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن و ئەو هاووڵاتیانەشی کە لە وڵاتێکی دیکە دەژین، جەختی لەوەش كردەوە كە  وڵاتەكەی هەرگیز نەیویستووە ئامڕازی سەربازیی بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت.

ڕۆژنامەکە لە زاری چیژۆڤەوە بڵاویکردەوە " ڕوسیا پلانی هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی نیە. دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە هیچ هێزێکی ڕوسی لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا ناکات."

 

شایانی باسە بەر لە چەند ڕۆژێك سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن گوتبووی كە مۆسكۆ هیچ هەلێکی نییە بۆ کشانەوە لە ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا سەبارەت بە ئۆکرانیا، باسی لەوەش كردبوو كە ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا  واز لە هەڕەشەكانیان بەرانبەر وڵاتەكەی ڕانەگرن، ئەو كاتە مۆسکۆ ناچار دەبێت بە توندی وەڵامیان بداتەوە.

 

 

Top