دكتۆر دلۆڤان محەمەد فاتح  بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بۆ گوڵان:   نیشانەی ئەم ڤایرۆسە تازەیەی كۆرۆنا توندترە لەو شەپۆلانەی پێشتر هەبووە

دكتۆر دلۆڤان محەمەد فاتح   بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بۆ گوڵان:     نیشانەی ئەم ڤایرۆسە تازەیەی كۆرۆنا توندترە لەو شەپۆلانەی پێشتر هەبووە

 

 

دەركەوتنی زنجیرەیەكی تازەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جارێكی دیكە جیهانی تووشی شپرزەیی كردەوە، كە زیاتر لە ئەفریقا بڵاوبووەتەوە و وا چاوەڕوان دەكرێت، كە وەك ڤایرۆسەكانی پێشتر لە هەموو دونیا بڵاو ببێتەوە، ئەگەرچی ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنا توێژینەوەیەكی وای لەسەر نەكراوە، بەڵام بەپێی ئەو كەسانەی كە تووشی ئەم ڤایرۆسە تازەیە بوون، نیشانەكانی تا ڕاددەیەك لەوانەی پێشتر توندترە، هاوكات باس لەوەش دەكرێت كە پێویستە ئەو كۆمپانیایانەی ڤاكسینەكەیان بەرهەم هێناوە، گۆڕانكاری لە ڤاكسینەكەدا بكەن، سەبارەت بەوەی چ ئامادەكارییەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم شەپۆلە نوێیەی كۆرۆنا كراوە و، ئایا بڕی پێویست لە ئۆكسجین و دەرمان و پێداویستیی پزیشكی لە نەخۆشخانەكاندا هەیە، گوڵان بە پێویستی زانی كە دیمانەیەك لەگەڵ دكتۆر دلۆڤان محەمەد فاتح بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ساز بكات.

 

* دەركەوتنی نەوەیەكی تازەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جاریكی دیكە جیهانی تووشی شپرزەیی كردووە و، مەترسییەكە لەوەدایە كە ئەم جۆرەیان توانای بڵابوونەوەی زۆر بەهێزە، زانیاریی نوێ سەبارەت بەم ڤایرۆسە تازەیە چییە؟

- ئەو جۆرە ڤایرۆسە، ڤایرۆسی گۆڕاویان پێ دەگوترێت، لە سەرەتاوە چەندین گۆڕانی بەسەردا هاتووە و، ئەم ڤایرۆسەی ئێستا زیاتر لە ئەفریقا بڵاو بووەتەوە و، چاوەڕوان دەكرێت لە هەموو دونیا و لە هەرێمی كوردستانیش بڵاو ببێتەوە، وای بۆ دەچین نیشانەكانی هەر وەك كۆڤید 19بێت، ئەگەرچی توێژینەوەیەكی وای لەسەر نەكراوە، بەڵام باس لەوە دەكرێت كە بەپێی ئەو كەسانەی تووشی ئەو ڤایرۆسە تازەیە بوون، نیشانەكانی تا ڕاددەیەك لەوانەی پێشوو توندترە، هاوكات شتێكی دیكە لەسەر ئەو ڤایرۆسە تازەیە ئەوەیە كە دڵنیا نین ئەو ڤاكسینەی ئێستا كە هەیە، كاریگەری لەسەری هەبێت و نەهێڵێت تەشەنە بكات، هەر بۆیە باس لەوەش دەكرێت كە پێویستە ئەو كۆمپانیایانەی ڤاكسینەكەیان بەرهەم هێناوە، گۆڕانكاری لە سەری دروست بكەن، بەڵام ئەمەش تا ئێستا پشتڕاست نەكراوەتەوە. ئەو ڤایرۆسە لەوانەی پێش خۆی خێراتر بڵاو دەبێتەوە. بەڵام ڤاكسینیش فاكتەرێكی ئەساسییە و ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگەر دەبینێت بۆ بەهێزكردنی بەرگریی لەش لە دژی ڤایرۆسەكە، چونكە ڤایرۆسەكانی پێشتر ڤاكسینەكە كاریگەریی لەسەریان هەیە و، ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە بە سووكتر تووشی پەتاكە دەبن، لەوەی كە ڤاكسینی وەرنەگرتووە. لەلایەكی دیكەوە ئەو جۆرە تازەیە دیار نییە كە ڤاكسینەكە كاریگەری لەسەری هەیە، یان نا، بەڵام كاتێك ڤاكسینەكە كەم و زۆر كاریگەری لەسەر هەبێت، ئەوە وەك ڤایرۆسە گۆڕاوەكانی دیكە دەبێت، بەڵام بۆی هەیە كەسی تووشبوو نیشانەكانی تێدا توندتر بێت.

* وەك ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان هەستی پێ دەكەین، خەڵكی زۆر دژی كەرەنتینە و لۆك داونن، بێگومان لە كوردستانیش خەڵك لە كەرەنتینە بیزارە، ئایا ڕێنمایی پێویست بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتا تازەیە چییە؟

- بە شێوەیەكی گشتی داواكاریی نوێمان لە ژووری ئۆپەراسیۆن پاڵپشت بە بڕیارەكانی لێژنەی باڵای كۆرۆنا، ئەوە بووە كە لە سەرەتای ساڵی تازەوە هەموو فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی حكومەت و ئەوانەی لە شوێنە گشتییەكان و چێشتخانەكان و...هتد كار دەكەن، هاوكات ئەوانەی سەردانی دامودەزگاكانی حكومەتیش دەكەن، پێویستە كارتی ڤاكسینیان هەبێت، كە هەر دوو ژەمی وەرگرتبێت، یان پشكنینی هەفتانەی كۆرۆنایان هەبێت، چونكە تا ئێستا تاكە ڕێگە كە سەڵمێندرابێت بۆ ئەوەی پەتاكە كۆنتڕۆڵ بكات، ئەو ڤاكسینەیە، هەروەها ڕێنماییە تەندروستییەكانیش جێبەجێ بكرێن، بەتایبەتی بەستنی دەمامك و نەچوونە شوێنی قەرەباڵغ تا كەمترین بەریەككەوتن دروست ببێت، ئەگەرچی ئەوەی ئێمە وەك لایەنی پزیشكی جەختی لەسەر دەكەینەوە، ئەوەیە كە خەڵك پێویستە ژەمە ڤاكسینەكان وەربگرن.

* ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە كە ڕێژەیەكی باش لە خەڵكی كوردستان ڤاكسینیان وەرگرتووە، ئەمەش جۆرێك لە بەرگری لە لەشی مرۆڤدا زیاد دەكات، ئێستا پاش وەرگرتنی ژەمی دووەم لە ڤاكسین، چاوەڕوان دەكرێت ژەمی سێیەم دەست پێ بكات، ئایا ئەو بەرگرییەی كە ڤاكسینی كۆڤید دروستی دەكات، كاتییە؟

- لە سەرەتادا بڕیار ئاوا بووە بۆ دروستبوون و بەهێزبوونی بەرگریی لەش لە مرۆڤدا دوو ژەمی ڤاكسین وەربگیرێت و، نێوانی هەر دوو ژەمەكانی زۆربەی ڤاكسینەكان 21 ڕۆژ بێت، بەڵام لە هەندێ وڵاتدا تاقی كرایەوە، پاش شەش مانگ لە وەرگرتنی هەردوو ژەمی ڤاكسینەكان، ژەمێكی دیكە كە ژەمی سێیەمی پێ دەگوترێت، وەربگیردرێت. لەسەر پێشنیاری لێژنەی زانستیی ئێمە و لێژنەی زانستیی بەغدا، كە ئەوانیش چەند ڕۆژە بڕیاریان داوە ژەمی سێیەمی ڤاكسین بە هاووڵاتیان بدرێت، بەڵام تا ئێستا بڕیارەكە بە فەرمی بە دەستمان نەگەیشتووە، بەڵام ئێمە لە بەر بەرژەوەندیی هاووڵاتیانمان و گرنگیی ئەو بابەتە بڕیارمان داوە كە دەست بە پێدانی ژەمی سێیەم بكەین، هەر چەندە تا ئێستا هاووڵاتیان ئاگاداری ئەو بڕیارە نین، بەڵام بە شێوەیەكی زانستی پشتڕاست كراوەتەوە كە پاش شەش مانگ لە وەرگرتنی ژەمی دووەمی ڤاكسین، پێویستە ژەمی سێیەمیش وەربگیرێت. لە سەرەتادا بۆ هەموو خەڵك و لایەك ڕوون بووە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا زوو زوو زانیارییەكانی گۆڕانكاری بەسەردا دەهات و ڤاكسینەكەش بە هەمان شێوەیە، چونكە تا ئێستا توێژینەوەی زۆری لەسەر نەكراوە، بەڵام بەپێی ئەو توێژینەوانەی كراون، پێویستە پاش شەش مانگ ژەمی سێیەم لە ڤاكسین وەربگیرێت، هەروەها پێشبینی دەكرێت كە پاش شەش مانگ لە تێپەڕبوونی ژەمی سێیەمی ڤاكسین، پێویست بكات ژەمێكی دیكەش وەربگیردرێت.

* ئێمە ئێستا لە وەرزی سەرماداین و لەم وەرزەشدا بڵاوبوونەوەی هەڵامەت زۆر فراوان دەبێت، كە ئێستا بە هەموو هەڵامەتێك دەگوترێت كۆرۆنا، ئایا تا چەند توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایەمان هەیە، ئەگەر خوانەخواستە شەپۆلێك ڕوو لە كوردستان بكات؟

- جیاكردنەوەی ئەنفلۆنزا لەگەڵ پەتای كۆرۆنا دەستنیشان دەكرێت لە ڕێگای پشكنینی(PCR) بۆ دیاریكردنی پەتای كۆرۆنا، یان دەكرێت پشكنینی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا ئەنجام بدرێت و ئەو هەڵامەت و ئەنفلۆنزایانەی ئێستا هەیە، بەتایبەتی لەم وەرزەدا ئەوە 100% كۆرۆنا نییە و لە كاتێكدا كە پەتای كۆرۆنا هەیە، ئەوە مەرج نییە ڤایرۆسەكانی دیكە وەك ئەنفلۆنزا بن، بەڵكو نەخۆشییەكانی دیكەش هەن، بەڵام لە بەر ئەوەی نیشانەكانیان لێك نزیكە، ئەوە باشترین ڕێگا چارەسەر ئەوەیە كە پشكنینی(PCR) بۆ كۆرۆنا ئەنجام بدرێت، بۆ دڵنیابوون لە حاڵەتی نەخۆشییەكە و لە هەردوو حاڵەتدا پێویست دەكات سەردانی پزیشكی پسپۆڕ و تایبەتمەند بكرێت. هەرچەندە نیشانەكانیان لێك نزیكە، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر بۆڕیی هەناسە دروست دەكات و كەسی تووشبوو تەنگەنەفەس دەبێت، سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوە بۆ ئەو شەپۆل و جۆری تازەیەی كۆرۆنا، ئێمە تواناكانمان سنووردارە و ئەوەندە قەرەوێلەیەی هەمانە، زیاتركردنی زۆر زەحمەت و ئەستەمە، بەڵام گشت پێداویستی و ئامادەكارییەكان فەراهەم و بەردەستە وەك چۆن لە شەپۆلەكانی دیكەی كۆرۆنا هەر هەموو ئامادەكارییەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان هەبوو، بەردەوامیش بەدواداچوون بۆ نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا دەكرێت و تەئكید لەسەر ئەوە دەكرێتەوە كە بڕی پێویست لە ئۆكسجین و دەرمان و پێداویستیی پزیشكی لە گشت نەخۆشخانەكان فەراهەم بكرێت و لە ئامادەكاریدا بن لە كاتی ئەوەی كە تووشبوو بەو ڤایرۆسە زیاتر بێت و لە ماوەی شەپۆلەكانی دیكەی ڕابردوو بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی تەندروستی هەر نەخۆشخانەیەكی كەرتی تایبەت دوو قەرەوێڵە دابین دەكات، یان تایبەت دەكات بۆ ئەو پەتایە لە كاتێكدا لە نەخۆشخانەكانی حكومەت جێگا نەمابێت.

* خەڵك زۆر گازندە لە گرانیی نرخەكانی نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەكەن و دەڵێن بازرگانی پێوە دەكەن و بارگرانیی ماددی بۆ هاووڵاتی دروست دەكەن. پرسیار ئەوەیە وەكو حكومەت چۆن ڕێوشوێنی پێویست لەگەڵ ئەو نەخۆشخانانە دەگرنەبەر بۆ ئەوەی خەڵك لە كاتی پێویست بتوانێت بچێتە ئەو نەخۆشخانانە؟

- بە شێوەیەكی گشتی ئێمە پێمان خۆشە ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە نەخۆشخانە دەبێت، ڕوو لە نەخۆشخانە حكوومییەكان بكەن، چونكە لە نەخۆشخانەكان زۆربەی داودەرمان و پێداویستیی پزیشكی و تەندروستییەكانیان بۆ دابین كراوە و بەپێی پێویستیش شوێن هەیە، بەڵام لە كاتێكدا لە نەخۆشخانە حكوومییەكان شوێن نەما، یان نەخۆش بە ئارەزووی خۆی ڕوو لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەكەن، ئەوە بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی نرخەكان دیاری كراون، بەتایبەتی بۆ نەخۆشانی كۆرۆنا و لە كاتێكدا سەرنجیان هەبوو كە نرخەكان بە دەر لە ڕەزامەندیی وەزارەتە، یان نرخەكان گرانترە لەوەی وەزارەت دیاری كردووە، ئەوە لە وەزارەت لێژنەی بەدواداچوون بۆ نرخەكان هەیە و لە ناو هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی هەولێر بەشی پشكنین و دڵنیایی جۆریمان هەیە، كە ئەو بەشە ڕۆژانە سەردانی سەنتەر و بنكە و نەخۆشخانە تایبەتەكان دەكەن، بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی كە ئەو پێداویستییانەی دابینی دەكەن و، لەناویشیاندا نرخەكان بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بێت.

* لایەنێكی دیكە كە پەیوەستە بە نەخۆشییەكان مەسەلەی نرخی گرانیی دەرمان و شێوازی جۆراوجۆری دەرمانە، بۆ نموونە هەر براندێك بە نرخێكە لە هەمان دەرمان. ئایا هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی نرخی دەرمانەكان لە هەموو دەرمانخانەكان هاوشێوە بن، یان هەر دەرمانخانەیەك خۆی و ویژدانی خۆی؟

- نرخەكان لە رێگای سەندیكا تایبەتمەندەكانەوە دیاری دەكرێت و نرخی دەرمانیش لەلایەن سەندیكای دەرمانسازانەوە لەگەڵ ئەو لێژنانەی ئاماژەمان پێ دان، وەك لێژنەی بەدواداچوون كە لە وەزارەت هەیە، بەردەوام سەردانی دەرمانخانەكان دەكەن، بەڵام ئەگەر جیاوازی لە نرخ زۆر بێت، لەو كاتەی لێژنەكانمان سەردانی دەرمانخانەكان دەكەن، سزایان داون، یان ڕێنمایی پێویستیان پێ دراوە، تاوەكو ئەو كارانە چاك بكەنەوە، هەروەها لە كاتێكدا كە نرخەكان لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە جیاوازی هەبێت، بۆ هەمان جۆری دەرمان، ئەوە بە هۆكاری ئەوە بێت كە خاوەن دەرمانخانەكان وەك خۆیان باسی دەكەن، كە شوێنەكەیان كرێی گرانە و ژمارەی كارمەندەكانیان زۆرە، بەڵام لەو حاڵەتانەشدا پێویستە ڕێژەی نرخ و گرانیی دەرمانەكە بە شێوەیەك نەبێت كاریگەری لەسەر خەڵك دروست بكات. ئێمە چەندین جار ئەو حاڵەتانەمان هاتووەتە پێش كە دەرمانێك نرخەكەی لە دەرمانخانەیەك بۆ دەرمانخانەیەكی دیكە دوو هەندەیە، ئەوە سەرپێچی هەژمار دەكرێت و ڕێكاری یاسایی بەرانبەر ئەو شوێن و دەرمانخانەیە گیراوەتەبەر. 

 

Top