پێغەمبەر (د.خ) قەدەغەی كردووە لە جەنگدا ژن و منداڵ بكوژرێن

پێغەمبەر (د.خ) قەدەغەی كردووە لە جەنگدا ژن و منداڵ بكوژرێن

 

پێغەمبەر (د.خ) لە چەند غەزوەیەك بینی لە نێو كوژراوانی بەرامبەر ژنی كوژراو هەیە، لەبەر ئەوە قەدەغەی كرد لە جەنگ ژن و منداڵ بكوژرێن. هەر بۆیە قێزەوەنترین تاوانی جەنگ كوشتنی ژن و منداڵ و خەڵكی سڤیلە، پێش هاتنی ئایینی ئیسلام لە جەنگ دەستیان لە هیج شتێك نەدەپاراست، پیاو و ژن ومنداڵیان دەكوشت، ئەوەی بكەوتایە دەستیان دەیان كردن بە بەندە و كۆیلە و جاریە و كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكردن و، ماڵەكانیان دەڕووخاندن و دەیانسووتاند و، سەروەت و سامانیان بە تاڵان دەبردن، دوای هاتنی ئایینی ئیسلام، ڕێگری لە شەڕ و جەنگ كرا، مەگەر بۆ پارێزگاریكردن لە خۆیان و مافە زەوت كراوەكانیان وەربگرنەوە. قال تعالی قال تعالی (وَقَاتِلُوا فِـي سَبِـيلِ اللَّهِ الَّذِينَ يُقَاتِلُونَكُمْ ولا تعتدوا إن الله لا يحب المعتدين) (البقرة -190)، واتە: بجەنگن لە پێناو خودا لەگەل ئەو كەسانەی لەگەڵتان دەجەنگن (كاتێك ئەوان دەستپێشخەرن) و ستەم مەكەن، خودای گەورە ستەمكارانی خۆش ناوێ. هەروەها ئەوەشمان پێ دەڵێ كە نابێ شەڕ لەگەل كەس بكەین، مەگەر ئەو كەسانەی شەڕمان لەگەڵ دەكەن.عَنِ ابْنِ عُمَرَ -رَضِيَ اللهُ عَنْهُمَا- قَالَ: «وُجِدَتِ امْرَأَةٌ مَقْتُولَةٌ فِي بَعْضِ مَغَازِي رَسُولِ اللهِ ﷺ، فَنَهَي رَسُولُ اللهِ ص عَنْ قَتْلِ النِّسَاءِ وَالصِّبْيَانِ». مُتَّفَقٌ عَليهِ. واتە: پێغەمبەر (د.خ) لە چەند غەزوەیەك بینی كە ژنی كوژراو هەیە لە نێو كوژراوانی بەرامبەر، پێغەمبەر (د.خ) نەهی لێ كرد و قەدەغەی كردن، كە لە جەنگدا ژن و منداڵ بكوژرێن. چەند یاسایەك هەیە لە جەنگ كە دەبێ موسڵمانان خۆیانی لێ بپارێزن و ئێستە بووەتە یاسای پاراستنی مافی مرۆڤ لە كاتی جەنگ (ژن، منداڵ، كەسانی بەتەمەن، دیل، كەسانی بێ چەك، ئەهلی زیمە، ئەمانە بە هیچ شێوەیەك نابێ بكوژرێن، هەوەها نابێ خانوو بڕووخێندرێت و بسووتێنرێت، نابێ دار ببڕدرێت و بسووتێنرێت، نابێ ڕێگاوبان تێك بدرێت، نابێ كانیاو و ڕووبارەكان تێك بدرێن و ژەهراوی بكرێن، نابێ ئاژەڵ بكوژرێت، جگە لەم خاڵانە بە هیج شێوەیەك نابێ ئاژەڵ و مرۆڤ، نە بە زیندوویی و نە بە مردوویی بسووتێنرێن). بەداخەوە ئەوانەمان هەمووی بینیوە كە بە سەر كوردی ستەمدیدە هاتوون، بەڵكو لەمانەش زیاترمان بەسەر هاتووە. زیندووترین نموونە لە شەوی هەینی (٢٠٢١/١٢/٢) تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر هاووڵاتیانی سڤیل لە گوندی (خدر جیجە) لە بناری چیای قەرەچوغ و سێ هاووڵاتی سڤیلیان شەهید كرد، كە یەكێكیان منداڵە و تەمەنی یازدە ساڵانە و دوو براكەی تریان مەڕدار و كاسبن، ئەو تاوانانەی تیرۆریستانی داعش ئەنجامی دەدەن، دژی بنەماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و یاساكانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤە، هەروەها لە پێشووتریش كورد تووشی جۆرەها شەڕ بووە، وەكو كۆمەڵكوژی و كیمیاباران و زیندەبەچال و ئەنفال و ڕاگواستنەوە و ئاوارەیی و ئەشكەنجەدان و داگیركردنی خاك و ماڵ بەتالان بردن و، كوشتنی ژن و منداڵ و بەتەمەن و، بەكەنیزەكردنی كچ و ژنانمان و فرۆشتنیان بە وڵاتە عەرەبییەكان، دیسان دەڵێم: بەداخەوە كە دوژمنانی كورد لەو جۆرە كردەوە قێزەونانەیان بەردەوامن، بەڵام میللەتی كورد قەد ژێردەستەییان قبووڵ نەكردووە و ناشی كەن .

لەلایەكی دیكەوە ئەوەی لە سەر خاك و وڵات و ماڵ و نامووسی بكوژرێت، شەهیدە. خودای گەورە جەنگ و كوشتن و ستەمی حەرام كردووە، لە بەرامبەردا بەرگریكردنی بە واجب داناوە، جا بە كێ دەگوترێت شەهید، ئەوەی لە پێناو خودای گەورە دەجەنگێ لە دژی ستەمكار و خوێنڕێژ، هەروەها ئەوانەی لە پێناو خاك و وڵات و ماڵ و سامان و نامووس و پاراستنی ئایین و زمان و نەتەوەكەیان دەكوژرێن، خودای گەورەش بە شەهیدیان حیساب دەكات، جیاوازیشی نییە بەرامبەرەكەیان كافر و بێ باوەڕن، یان مورتەد و هەڵگەڕاوەن، یان موسڵمانن، ئەگەر لە نێوان دوو تاخم موسڵمان شەڕ و پێكدادان دروست بوو، ئەو لایەنەی بەرگری لە خۆیان و نامووس و خاك و ماڵ و سامانیان دەكەن شەهیدن و ئەوەیتر بە شەڕفرۆش و خوێنڕێژ و ستەمكار و داگیركەر لە قەلەم دەدرێت،قال تعالی (وَمَن يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُّتَعَمِّدًا فَجَزَآؤُهُۥ جَهَنَّمُ خَٰلِدًا فِيهَا وَغَضِبَ ٱللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُۥ وَأَعَدَّ لَهُۥ عَذَابًا عَظِيمًا) سورة النساء ٩٣ واتە: هەر كەسێك (جا موسڵمان بێ، یان غەیری موسڵمان)، بە ئەنقەست بڕوادارێك بكوژێت، جەزایەكەی ئاگری دۆزەخە و بەردەوام تیایدا دەمێنێتەوە و، خودای گەورە غەزەبی لێ دەگرێت و، نەفرەتی لێ دەكات و، لە ڕۆژی دواییش قورسترین سزا دەدرێت.قال تعالی (مَن قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا) سورة المائدة ۳۲ واتە: ئەگەر كەسێك كەسێك بكوژێت، كە كەسەكە كەسی نەكوشتووە، یان كارێكی خراپ لەسەر زەوی ئەنجام بدات، تاوانەكەی وەكو ئەوە وایە كە هەموو خەڵكی سەر زەوی كوشتبێ.. ان رسُول اللَّهِ ﷺ يقولُ: منْ قُتِل دُونَ مالِهِ فهُو شَهيدٌ، ومنْ قُتلَ دُونَ دمِهِ فهُو شهيدٌ، وَمَنْ قُتِل دُونَ دِينِهِ فَهو شهيدٌ، ومنْ قُتِل دُونَ أهْلِهِ فهُو شهيدٌ. رواه أَبو داود، والترمذي واتە: هەر كەسێك لەسەر ماڵ و سامانی كوژرا، یان لەسەر بەرگریكردن لە نەفس و خوێنی خۆی كوژرا ئەوە شەهیدە، هەر كەسێك لە بەر ئایینەكەی و لە بەر بەرگریكردن لە خزم و كەسوكاری كوژرا ئەوە شەهیدە. كەواتە ئەوانەی لە خدرجیجە و هەموو ناوچەكانی كوردستان و سەرجەم برا پێشمەرگەكانمان لەبەر ئەم هۆكارانەیە كە شەهید دەكرێن. وعَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رضي الله عنه، قالَ: جاء رجُلٌ إِلَي رَسُول اللَّه ﷺ فَقَال: يَا رسولَ اللَّه أَرأَيت إنْ جاءَ رَجُلٌ يُرِيدُ أَخْذَ مَالِي؟ قَالَ: فَلا تُعْطِهِ مالكَ قَالَ: أَرأَيْتَ إنْ قَاتلني؟ قَالَ: قَاتِلْهُ. قَالَ: أَرأَيت إنْ قَتلَني؟ قَالَ: فَأنْت شَهيدٌ قَالَ: أَرأَيْتَ إنْ قَتَلْتُهُ؟ قَالَ: هُوَ فِي النَّارِ رواهُ مسلمٌ. واتە، ئەبوو هەریرە دەڵێت: پیاوێك هاتە خزمەت ((رَسُول اللَّه ﷺ)) و گوتی: ئەگەر كەسێك هاتە سەرم و ویستی ماڵم لێ بستێنێ، چی بكەم؟ فەرمووی: ماڵەكەتی مەدەرێ. گوتی: ئەی ئەگەر شەڕی لەگەڵ كردم؟ فەرمووی شەڕی لەگەڵ بكە. گوتی: ئەی ئەگەر ئەو منی كوشت؟ فەرمووی تۆ شەهیدی. گوتی: ئەی ئەگەر من ئەوم كوشت؟ فەرمووی ئەو بۆ ناو ئاگری دۆزەخە. بەڵام ئەوەی جێگای داخە هەندێك لە ژێر ناوی ئیسلامیبوون، یان ڕەوتی ئیسلامیخواز و هەندێك جاش سیاسییەكانی خۆمان بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە ئەو هەموو شەهیدەی داومانە، شەهید نین، لەبەر ئەوەی بە بەرنامە و ئەجێندای حزبەكەی ئەوان كار ناكات. بەڵام پێغەمبەر (د.خ) هەڕەشەی دۆزەخی لەو كەسانە كردووە كە درۆ بە ناوی ئەوەوە دەكەن: : قَالَ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّي اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ (مَنْ كَذَبَ عَلَيَّ مُتَعَمِّدًا فَلْيَتَبَوَّأْ مَقْعَدَەُ مِنَ النَّارِ) رَوَاهُ مُسْلِمٌ وَالْبُخَارِيُّ. واتە: هەر كەسێك بە ئەنقەست بە ناوی من قسەیەكی كرد و قسەكەش درۆ بوو، ئەوە با شوێنێك لە دۆزەخ (جهنم) بۆ خۆی هەڵبژێرێت، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێ كە ئەوان كۆمەڵێك درۆیان بە دەمی پێغەمبەرەوە كردووە، بۆ حەڵاڵكردنی كوشتنی ئێمە.

لە كۆتاییدا دروود و سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی سەربەرزی ڕێگای ئازادیخوازیی گەلەكەمان و دوعای سەبر و ئارامییش بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانمان دەكەم. خودای گەورە خاك و وڵات و نیشتمانمان بپارێزێت.

 

 

 

مەلا رەعد نووری ئۆمەربلی

 

Top