دیاردەی خۆكوشتن و دەرهاوێشتە نەرێنییەكانی

دیاردەی خۆكوشتن و دەرهاوێشتە نەرێنییەكانی

 

دیاردەی خۆكوشتن لە زۆربەی كۆمەڵگەكانی وڵاتە پێشكەوتووەكان و دواكەوتووەكاندا بە ڕێژەی جۆراوجۆر و جیاواز بوونی هەیە، بەپێی تازەترین ئاماری تاوانكاری جیهانی ڕێژەی خۆكوشتنی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان بەردەوام ڕوو لە زیادبوون و هەڵكشانە، هەروەكو دەبینین كۆمەڵگەی كوردیش هیچی كەم نییە لە كۆمەڵگەكانی تری وڵاتان، بەداخەوە لە ئێستادا ڕێژەی خۆكوشتن ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لەزیاد بوون و هەڵكشاندایە و مەترسیدارە، ئەمە لە كاتێكدایە ئەم دیاردەیە نامۆیە بە كلتوری نەتەوایەتی و كوردەواری و كلتوری ئایینداری.

بێگومان كۆمەڵێك هۆكارو فاكتەر هەن وا لە مڕۆڤ دەكەن كە ببێتە هۆی ئەنجامدانی ئەم كارە، چونكە بێ هۆكار هیچ مرۆڤێكی ژیر ناتوانێت بڕیارێكی وا مەترسیدار بدات و ژیانی خۆی بفەوتێنێت، ئەمەش بۆ چەند فاكتەرێك دەگەڕێتەوە كە مرۆڤ وا هەست دەكات خۆكوشتن یان خودكوژی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە تاكە ڕێگە دەزانن، ئەمەش وەكو لاوازبوونی ڕۆحی ئیمان و فەرامۆشكردنی دینداری، كاریگەری نەرێنی، تێكچوونی باری خێزانی و سەرهەڵدانی چەندین كێشەی خێزانی، سەختی و دژواری ژیان و گوزەران و، تێكچونی لایەنی دەروونی تاك یان توشبوونی بە نەخۆشی دەروونی، ئەمانە كاریگەرییان هەیە لەسەر تاك كە هەوڵی خۆكوشتنی بدات.

خۆكوشتن یان خودكوژی بریتییە لەوەی كەوا كەسێك بە مەبەستەوە خۆی بكوژێت، كە ئەم كارەش لە حاڵەتی بێتاقەتی و فشار و هەراسان بوون یان تووڕەیی و هەڵچوون ڕوو دەدات، لە ڕوانگەی دەروونزانییەوە بەهۆی تێكچوونی باری دەروونی و لە دەستدانی هاوسەنگی نێوان خودی خۆی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەری دەبێتە هۆی ئەوەی تاك پەنا بباتە بەر ئەم كارە و ئەنجامی بدات، من لەم بابەتەدا باسی چەند خاڵێكی گرنگ دەكەم كە وا لە تاكەكان دەكات پەنا ببەنە بەر خۆكوشتن:

• تێكچوونی باری دەروونی بە هۆكارێكی سەرەكی دادەندرێت و توشبوون بە نەخۆشییەكانی دەروونی وەكو نەخۆشی خەمۆكی، شیزیۆفرینییا، دڵەڕاوكێ، نائارامی، دڵتەنگی، گۆشەگیری، یان ئاڵوودە بوون بە مادەی هۆشبەر.

• بێ ئومێد بوون و لە دەستدانی شتە بەنرخەكانی ژیان و نەبوونی پشتیوانی خێزان و فەرامۆشكردنی لەلایەن كەسە نزیكەكانی.

• فەرامۆشكردنی ئایین و دینداری و تێكەڵ بوون بە ئایین و ڕەگەز و كەلتوری كەسانی دیكە كە وادەكات كاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر لایەنی دەروونی تاك.

•  تێكچوونی پەیوەندی خێزان و سەرهەڵدانی چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزانی، وێڕای نەبوونی پڕۆگرامێكی پەروەردەیی تەندروستی باش كە كاریگەری لەسەر كەسایەتی تاك هەیە.

• كێشەكانی ژیان وەكو سەختی و دژواری ژیان بەڕێكردن و هەژاری و نەخۆشی و ناڕەحەتی و ناعەدالەتی لە كاركردن و جیاوازی نێوان تاكەكان لە كۆمەڵگادا كە بە یەكێك لە هۆكارەكانی خۆكوشتن دادەندرێت.

•  رەشبینی و تێڕوانینی ژیان بە شێوازێكی نەرێنی، بێ هیوابوون و گۆشەگیری، تێكەڵاو نەبوونی لەگەڵ كەسانی نوێدا لە ژیان، نەگونجانی خودی لەگەڵ ڕووداوەكانی دەووروبەری و دڵتەنگ بوون بۆ ماوەی چەندین هەفتە.

• كەم بوونەوەی پەیوەندییە كومەڵاییەتییەكان بەگشتی و كەم بوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری و خۆشەویستی و لێبوردەیی نێوان كەسەكان بە تایبەتی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق و خیانەت و ناپاكی نێوان هاوسەران كاریگەری هەیە لەسەر تاك كە پەنا بباتە بەر خۆ كوشتن.

بەشێوەیێكی گشتی دروستبوونی كێشە كۆمەڵایەتیەكان و نەخۆشی دەروونی گرنگترین هۆكاری سەرەكین بۆ ئەوەی تاك ڕێگای خۆكوشتن بگرێتەبەر.

هەروەها باوترین شێوازی خۆكوشتن كە تاك بەكاریان دێنێت بریتییە لە خۆ لە سێدارەدان و خۆهەڵواسین، بەكارهێنانی چەك، خواردنی دەرمان و ژەهر و مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە، لێكۆڵینەوەكان ئەوەشیان سەلماندووە كە ڕێژەی خۆكوشتن زیاتر لە ناو ڕەگەزی نێر ڕوودەدات نەوەك ڕەگەزی مێ. ئەوكەسانەی كە ڕێگای خۆكوشتن بەكاردێنن و كۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن وادەزانن تاكە ڕێگایە بۆ دەربازبوون لە كێشە و ئازارەكانی ژیانیان، ئەوان دەیانەوێت بەم كارە كۆتایی بە كێشەكانیان بێنن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە ڕاست نییە. چۆن بتوانین چارەسەری ئەم دیاردەیە بكەین و یارمەتی ئەو كەسانە بدەین كە هەوڵی خۆكوشتن ئەدەن یان بیر لە خۆكوشتنن دەكەنەوە، لێرەوە لە چەند خاڵێكدا كۆیان دەكەمەوە:

- چاودێری كردن و بایەخدان بەو كەسانەی كە هەوڵی خۆكوشتن دەدەن یان مەیلی خۆكوژیان لەلا گەڵاڵە بووە، كە پێویستیان بە دروستكردنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری و سۆزو خۆشەویستی و بڕوا بە خۆبوون و هاندانەوە هەیە.

- پێویستە بەدواداچوون بۆ كێشەكانی ئەو جۆرە كەسانە بكرێت كە كاریگەری هەیە لەسەر لایەنی دەروونی تاك وەكو هەژاری، نەخۆشی، بێكاری، نادادپەروەری كۆمەڵگا.

- گرینگیدان بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان و پەیوەندی خێزانی كە هەموو تاكێك پێویستی بە كەشێكی ئارام و ئاسایش و سەقامگیرە بۆ ئەوەی دووربێت لەم جۆرە هەوڵانە.

ماوەتەوە بڵێم: ئێمەی مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەماندا پێویستە بە لێبوردەیی و بە هیوا و بەزەییەوە بژین، بۆ ئەوەی دووربین لە نەخۆشی دەروونی و كێشە كۆمەڵایەتییەكان، هەروەها یارمەتی یەكتری بدەین لەكاتی ناخۆشی و ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەكان، كە ئەمەش كارێكی مرۆڤانەیە.

 

 

 

ئیمان محەمەد شێركاوەیی

 

Top