كۆمەڵەی حەوت بۆ گفتوگۆكانی ناوكیی ئێران و كێشەی ڕووسیاو ئۆكرانیا كۆبوونەوە

كۆمەڵەی حەوت بۆ گفتوگۆكانی ناوكیی ئێران و كێشەی ڕووسیاو ئۆكرانیا كۆبوونەوە

 

 

بەریتانیا میوانداریی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهانی لە شاری لیڤەرپولی باکووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا كرد كە دوو ڕۆژی خایاند، لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی حەوتدا ئاماژە بەوە كرا كە کات بۆ ئێران بەسەردەچێت بۆ ڕازیبوون بە ڕێکكەوتنێک بۆ ڕاگرتنی خواستە ناوکییەکانی و هۆشداریشی بە ڕووسیا دا دەربارەی دەرهاویشتەكان ئەگەر بێتوو پەلاماری ئۆكرانیا بدات. هاوكات ئامادەبووان هەوڵیان دا بەرەیەکی بەهێز و یەکگرتوو لە دژی هەڕەشە جیهانییەکان پێكبهێنن.

 

ئەوەی پەیوەستیش بێت بە ئێران ڕاگەیاندرا کە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە ڤیەننا دوایین دەرفەتی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ ئەوەی بە چارەسەرێکی ڕاستەقینەوە ئامادەی گفتوگۆكان بێت.

 

لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لیز تڕەس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە كردەوە كە  هێشتا کاتی ئەوە ماوە کە ئێران بێتە ئەو ڕێککەوتنە و ڕازی بێت.

 

لە ڕووی هەڵوێستی ئەمریكاش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونی كردەوە كە ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە و بەرپرسانی ئێرانیش گوتویانە بەردەوامن لە پابەندبوون بە گفتوگۆکانەوە.

 

 بەگوتەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ژمارەیەکی زۆر لەوڵاتانی دیموکراسی ئامادەبوون بچنە پاڵ وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتەوە (بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن و ئەمریکا) و هەڵوێست وەبگرن.

Top