پرۆگرامێك بۆ دروستكردن و راگرتنی كۆدە نهێنییەكان
كۆدی نهێنی كە (پاسۆرد)یشی پێدەگوترێ، ئەو كۆدانەن كە وەك كلیلی كردنەوە و چوونە ژووری دەرگای جیهانی دیجیتالی سەیر دەكرێت. بۆ كردنەوەی ئێمێلەكەت، كردنەوەی ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك فەیسبوك و تویتەر و تۆڕی دیكە.. كردنەوەی هەژمارە بانكییەكان.. ئەوەی لە جیهانی مەجازیدا پێویستی بە داخستن و پاراستنە بە هۆی كۆدە نهێنییەكان ئەنجام دەدرێن. كۆدە نهێنییەكان دەكرێت پێت، ژمارە، كاراكتەر بن. هەندێك پرۆگرام هەن بەمەبەستی دانان و هەڵگرتنی كۆدە نهێنییەكان داندراون، یەكێك لەو پرۆگرامانە، Password Safeە. بەهۆی ئەو پرۆگرامەوە هەم دەتوانی كۆدی نهێنی دروست بكەی، هەم دەتوانی هەڵیبگری بۆ ئەوەی كە لەبیریشت چوووە گرفتێكت بۆ نەیەتە پێش. پرۆگرامەكە یارمەتی بەكارهێنەر دەدا تا كۆدە نهێنییەكان رێك بخا. پرۆگرامەكە بەسە بۆ راگرتنی گشت كۆدە نهێنیەكان. هەركاتێك مەبەستت بێ ئیمێلەكەت یا ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكەت بكەیەوە، پرۆگرامەكە ئۆتۆماتیكی پەسۆردەكەت بۆ دادەنێ.