ئۆلاف شۆڵتز وەك ڕاوێژكاری نوێی ئەڵمانیا  دەست بە كار بوو

ئۆلاف شۆڵتز وەك ڕاوێژكاری نوێی ئەڵمانیا  دەست بە كار بوو

 

دوێنێ (چوارشەممە) پەرلەمانی ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵتزی وەکو نۆيەم ڕاوێژکاری ئەو وڵاتە لە پاش كۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی هەڵبژارد، شۆڵتز بە پشتگیریی 395 پەرلەمانتار هەڵبژێردرا، ئەو هاوپەیمانییەی ئەو، کە پێکهاتووە لە سێ پارتی سیاسی، خاوەنی 416 کورسین لەو ئەنجومەنی نوێنەرانەی کە لە 736  کورسی پێکهاتووە، ناوبراو هەر دوێنێ سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە ڕاوێژکاری نوێی ئەڵمانیا.

 

حکومەتەکەی شۆلتز بە هیوایەکی زۆرەوە دەست بەکار دەکات بۆ نوێکردنەوەی ئەڵمانیا و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا، بەڵام دەستبەجێ ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان دەبێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەختترین قۆناغی کە وڵاتەکە پێیدا تێدەپەڕێت ئەویش پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

 

وا چاوەڕوان دەكرێت كە ئەو ڕاوێژکارە نوێیەی ئەڵمانیا یەکەم سەردانی فەرمی ڕۆژی هەینی بۆ پاریس بکات و لەوێ لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کۆببێتەوە بەر لەوەی بڕوات بۆ بروکسڵ.

 

هەروەها بڕیارە ناوبراو لە برۆکسلیش لەگەڵ کۆمسیاری یەکێتیی ئەوروپا ئورسولا ڤۆن دێر لێین و سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا چارلس مشێل كۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی لووتکەی هەفتەی داهاتووی یەکێتیی ئەوروپا.

 

شایانی باسە بە دەست بەكاربوونی ئەو ڕاوێژكارە سەردەمێکی نوێی گەورەترین وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا لە ڕووی ڕێژەی دانیشتوانەوە دەست پێ دەکات لە پاش دەسەڵاتی 16 ساڵەی ئەنگێلا مێرکل.

Top