دكتۆر جەوهەر فەتاح سەعید سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان: سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سنگێكی فراوانەوە گوێی لە داواكاری و كێشەكانی قوتابیانی زانكۆ گرت

دكتۆر جەوهەر فەتاح سەعید  سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:  سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان  بە سنگێكی فراوانەوە گوێی لە داواكاری و كێشەكانی قوتابیانی زانكۆ گرت

 

 

كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا شایستەی ئەوەیە كە هەموو گرنگی و بایەخێكی پێ بدرێت، چونكە ئەگەر بتوانرێت وەك پێویست پەرە بەم بوارە بدرێت، ئەوا ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بەرەوپێشچوونی تێكڕای كۆمەڵگە دەبێت، بایەخدانی حكومەتی هەرێم و خودی سەرۆك وەزیران و بە هاناوەچوونی قووتابیان و چارەسەركردنی كێشەكانیان، لە سۆنگەی لەبەرچاوگرتنی گرنگیی ئەو كەرتەوە سەرچاوە دەگرێت، لەم بارەیەوە گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر جەوهەر فەتاح سەعید سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین ئەنجام دا.

 

* لە ماوەی ڕابردوودا قوتابیانی زانكۆكانی كوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، ئێوە بە یاوەریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەم لەگەڵ قوتابیان كۆبوونەوە، هەمیش سەردانی بەشە ناوخۆییەكانتان كرد، ئایا تا چەند ئەم هەنگاوەی سەرۆكی حكومەت بۆ بەدەنگەوەچوونی داوای قوتابیان كاریگەریی هەبوو؟

- بە شێوەیەكی گشتی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام پاڵپشتیی قوتابیانی كردووە لە هەموو بارێكەوە، هەموو مەبەستەكەشی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستیی قوتابیان و كۆلێژ و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بووە، هەروەها لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە ڕەوش و كێشەكانی قوتابیان، لەگەڵ نوێنەری قوتابییان و خودی قوتابیانیشدا كۆبووەوە و، سەردانی بەشە ناوخۆییەكانی قوتابیانی زانكۆی سەڵاحەدینی كرد، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گوێبیستی داواكاریی قوتابیان بێت و، كێشە و گرفتەكان بەچاوی خۆی ببینێت، تا بتوانێت ئەو كێشە و گرفتانەی كە قوتابیانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان هەیانە، چارەسەریان بكات. ئەوە بوو بڕیار درا لە ڕێگەی لێژنەی تایبەتەوە هەموو كێشە و گرفتەكانی قوتابیان چارەسەر بكرێت، داواكارییەكانیشیان دەستەبەر بكرێت، سەبارەت بە هاوكاریكردنی قوتابیانیش جەنابیان فەرمانی كرد بە پۆلێنكردنی قوتابیان بەپێی پێویستییەكانیان و ئەو بارودۆخە داراییەی هەیانە و، پاشان هاوكارییەكانیان پێ بدرێت.

* دیداری قوتابیان و سەرۆكی حكومەت هەمووی لە تیڤیەكانەوە پەخش كرا و، ئەوەی گازندە و گلەیی قوتابیان بوو، ڕاشكاوانە خرانە ڕوو، سەرۆكی حكومەت ئەو داواكارییانەی بە سنگفراوانییەوە لێ وەرگرتن، ئایا چۆن كار لە سەر داواكاریی قوتابیان دەكەن؟

- هەموو ئەو داواكارییانەی قوتابیان هەیانە، لەلایان ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە هەند وەرگیراوە، بۆ دابینكردنی و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیش لیژنەی تایبەت پێك دەهێنرێت و، داواكارییەكانی قوتابیان و پێداویستی بەشە ناوخۆیەكان لەلایان كۆلێژ و زانكۆكانی هەموو هەرێمی كوردستان ئامادە دەكرێت، پاشان لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆكی حكومەت هەموو داواكارییەكانی قوتابیان جێبەجێ دەكرێت، هەرچی كێشەوگرفتەكانیشیانە بۆیان چارەسەر دەكات، هاوكارییەكانیش بەپێی پۆلێنەكان زیاتر بە قوتابییە هەژار و كەمدەرامەتەكان دەدرێت.

* لە ناو خۆپیشاندانەكاندا هەست دەكرا سیاسەتیش تێكەڵی ئەم داوا ڕەوایانەی قوتابیان دەكرا، مەبەستمان ئەوەیە هەندێك لایەنی سیاسی بۆ مەبەستی حزبیی خۆیان دەیانویست خۆپیشاندانەكە بە لاڕێدا ببەن، پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی لە ناو زانكۆدا بوار بە تێكەڵكردنی زانكۆ و سیاسەت دەدەن؟

- لەو دیدارەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ قوتابیانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا، كە نوێنەری 14 زانكۆی هەرێمی كوردستان و نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەكان لە قوتابیان تێیدا بەشدار بوون، لەلایەن جەنابیانەوە ڕاوبۆچوون و داواكاریی هەموو قوتابیەكان كە 28 قوتابی بوون وەرگیرا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕاشكاوانە گوێی لە هەموو داواكارییەكانیان گرت و، بڕیاری دا كە هەموو داواكارییەكانیان بۆ جێبەجێ بكات، واتە لە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ جیاوازییەك لە نێوان هیچ چین و توێژێك بەتایبەتی لە نێوان قوتابیانی هەرێمی كوردستاندا نییە.

* بڕە پارەیەك بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاد كراوە، بۆ ئەوەی پێداویستیی قوتابیانی پێ دەستەبەر بكرێت، ئایا تاچەند ئەو بڕە پارەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی قوتابیان هاریكار دەبێت؟

- ئەو بابەتە تا ئێستا لە دیراسەتكردندایە و لێژنەی بۆ پێكهێنراوە، تا ئەو لێژنەیە بتوانێت هاوكاریی قوتابیانی زانكۆكان جێبەجێ بكات، بەپێی ئەو بڕە پارەی كە دەستنیشان دەكرێت.

* ئەوەی لە قوتابیانەوە گوێبیستی بووین، كێشەی بەشە ناوخۆییەكان بوو، بەتایبەتیش بەشە ناوخۆیی كچان، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، تاچەند لە زانكۆی سەڵاحەدین ئەم كێشەیە بەرچاوە و، تاچەند بەرنامەتان بۆ داناوە كێشەكانیان چارەسەر بكەن؟

- هەموو زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كێشەی بەشە ناوخۆییان هەیە، لەبەر ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا قەیرانی دارایی هەبوو، هەر بۆیە نەتوانراوە بەپێی پێویست ساڵانە پێداویستی بۆ بەشە ناوخۆییەكان دابین بكرێت، كێشەكانیش لە زانكۆیەك بۆ زانكۆیەك و لە بەشە ناوخۆییەك بۆ بەشە ناوخۆییەكی دیكە جیاوازە، بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سەڵاحەدینیش وەك هەر زانكۆیەكی دیكە كەموكووڕیی هەیە، هەندێك پێداویستیمان لە بەشە ناوخۆییەكانمان هەیە، جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم سەردانەیدا بەڵێنی دا، كە هەموو كەموكووڕی و كێشەكانی بەشە ناوخۆییەكانی كوڕان و كچانی زانكۆی سەڵاحەدین و هەموو زانكۆكانی دیكەی هەرێم چارەسەر بكات.

* قوتابیان بە شێوەیەكی گشتی گازندەی ئەوە لە زانكۆكان دەكەن كە پاش دەرچوونیان هەلی كاریان دەست ناكەوێت، یان لە حكومەت دانامەزرێن، پرسیاری ئیمە ئەوەیە: بۆچی بیر لەوە نەكراوەتەوە پڕۆگرامی خوێندنی زانكۆ لەگەڵ پێداویستیی بازاڕ بگونجێنن؟

- دوو سێ ساڵ پێش ئێستا لەم بارەوە هەنگاو نراوە، سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییش ئەوەیە كە ئەو كۆلێژ و بەشانە لە زانكۆكان پاڵپشتی و هان بدرێت، كە ڕاستەوخۆ دەتوانن هەلی كاریان لە بازاڕ دەست بكەوێت، ئێستاكە و لەمەودواش زیاتر كار بۆ ئەوە دەكرێت كە كادیر و شارەزای ئەوتۆ لە زانكۆ و كۆلێژەكان ئامادە بكرێن، بە شێوەیەك كە بازاڕ و بزنێسی هەرێمی كوردستان پێویستی پێیەتی و، كار لەسەر ئەوەش دەكرێت كە ئەو كۆلێژ و بەشانە زیاتر گەشە بكەن، كە دەتوانن لە دوای دەرچوونیان كاریان لە بازاڕ و لە كەرتی تایبەتدا دەست بكەوێت.

Top