بێگەرد سەلیم: وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچ لە فیستیڤاڵی شانۆی شەقام لە ڕواندز - سۆران بەرپرسیاریەتی منی زیادكرد
خاتوو هونەرمەند بێگەرد سەلیم یەكێكە لە هونەرمەندانی كوردستان بەشداریی چەندین كاری هونەری شانۆیی وتەلەفزیۆنی كردووە و، یەكێك لە ئەندامانی تیپی شانۆی پیرە مەگروون، لە یەكەمین فیستیڤاڵی شانۆی سەر شەقام (سۆران – رواندز) خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچی وەرگرت، بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین: كامەران حاجی ئەلیاس
* بۆ زیاترناسینیت لای خوێنەران ئەگەر دەكرێت باس لە ژیانی هونەریی خۆت بكەیت؟.
- من بێگەرد حەمە سەلیم، ساڵی 1990 لە شارۆچكەی پیرەمەگروون لە دایكبووم، سەرەتای كاری هونەریم وەك ئەكتەر، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013 لە كورتەفلیمی (هەڵە) كە نوسین و دەرهێنانی هونەرمەند ئومێد كەمال بوو.
* سەرەتای ئاشنا بوونت بە هونەری شانۆ چۆن بوو و كێن ئەوانەی هاوكارت بوون؟
- من لە ساڵی 2008 ـەوە بەردەوام لە كارەكانی تیپی شانۆی پیرەمەگروون ڕۆڵم هەبووە، بەڵام ئەوكات وەك میكیاژ و كاری دیكەی تیپەكە كارم دەكرد، دواتر لە ڕێی هاوڕێیانمەوە لەو تیپەدا و هاندانیان بۆم، دەستم بەهونەری نواندن كرد، لەگەڵ ئەو تیپە جوانەدا تائێستا، بەشداریی ئەم شانۆییانەم كرد بەڕۆڵی سەرەكی(باشترین مرۆڤی كۆمەڵگا، سواڵكەر، ژن و خودا، كوژەر، تۆ نا یەكێكی تر، تابووت ) لە هەمان كاتدا لەم ئەم كورتە فیلمەكانی (هەڵە،درۆزان، ئاكامی هەڵەكان) بەشدار بووم، هەموو ئەندامانی تیپەكەم هاوكارم بوون.
* ئێوە لە بواری هونەری شانۆ و تیڤی كار دەكەن، زیاتر لە كەمەیاندا خۆت دەدۆزیتەوە؟
- لەدوای دروستبوونی بەرنامەی مقۆمقۆ لە كەناڵی سپێدە لەو بەرنامەیە كارم كرد، كە ئەمە ئەزموونێكی نوێ بوو بۆم، لەگەڵ كۆمەڵێك هونەرمەندی بەئەزموون كار بكەم، كە هەموویان پاڵپشتی گەورەو هاندەرم بوون، دواتر هەر لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە بەشداریم لە درامای (ئاسەوار) كرد، بە یەكێك لە ڕۆڵە سەرەكییەكان كە ئەوەش بۆمن قوتابخانەیەك بوو لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە بەگشتی و، بەتایبەت هونەرمەندان م .سەباح عبدالرحمن و كاك زاهیر عبدوڵا زۆرترین بەركەوتنم هەبوو، من لە هەردوو بواری شانۆ وتیڤی ئاسودەم و هەردووكیان هونەرێكی جوانن.
* ئێوە لە كۆمەڵگای پیرەمەگروون كاری هونەری دەكەن، پێشوازیی جەماوەری ناوچەكە بۆ كارە هونەرییەكانت لە چ ئاستێك دایە؟
- پیرەمەگروون یەكەم قوتابخانە بوو بۆ ئێمە، بۆیە ئێمە قەرزداری پێشوازی و پاڵپشتی زۆری ئەو بینەرە جوانەین كە لە پیرەمەگروون بە تامەزرۆییەوە دێن سەیری كارەكانمان دەكەن و دەستخۆشیمان لێ دەكەن.
* ئاستی ئافرەتانی كورد لە بواری شانۆ و دراما چۆن دەبینیت؟
- ئافرەتانی كورد لە بواری هونەری شانۆ و دراما گەر پاڵپشتی و هاندانیان بكرێن، هەمیشە پێشەنگی داهێنان دەبن، لەگەڵ ئەوەش دا لە ئێستادا خانمانی كورد لە ئاستێكی باشدان.
* لەیەكەم فیستیڤاڵی شانۆی سەر شەقام لە سۆران- رواندز خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچ وەرگرت، ئەم خەڵاتە چی پێ بەخشیت؟
- وەرگرتنی خەڵاتی یەكەم ئەكتەری كچ لە فیستیڤاڵی شانۆی شەقام لە ڕواندز –سۆران، بۆمن بەرپرسیارێتی زیادكرد، كە دەبێ هەنگاوی باشتر بنێم بۆ داهاتووم، سوپاس بۆ ڕێكخەرانی فیستیڤاڵ و لیژنەی هەڵسەنگاندن بۆ ئەوانەی منیان بەشایانی ئەم خەڵاتە زانی.
* هونەرمەند (ئومێد كەمال)ی هاوسەرەت تاچەند هاوكار و پاڵپشتتە لە كارە هونەرییەكانت دا؟
- هونەرمەند ئومێد كەمال جگە لە هاوسەر هاوڕێیە، بۆ من مامۆستایەكە كە هەمیشە هانم دەدا بۆ بەردەوام بوونم لە كاری هونەری.
* ئایا پڕۆژەی هونەریی نوێت هەیە؟
- لەگەڵ ناوەندی هونەری زەنێ و كۆمپانیای بابلیۆن (سوپاسیان ئەكەم) بەردەوامین، و لە ئێستادا لە پڕۆگرامی (مقۆمقۆ) بەشدارم، جگە لەوە، لە درامای (سەمەرە) وەك نووسەری چیرۆكەكان كارم كردووە لە سیناریۆی هونەرمەند ئومێد كەمال و دەرهێنانی هونەرمەند جەمیل مەفاخیری، كە وابڕیارە لە مانگی ڕەمەزاندا پەخش بكرێت.