یۆنان: سزای ئەو بەساڵاچووانە دەدەین كە ڤاكسینی كۆڕۆنا وەرناگرن

یۆنان: سزای ئەو بەساڵاچووانە دەدەین كە ڤاكسینی كۆڕۆنا وەرناگرن

 

 

 

حکومەتی یۆنان ڕایگەیاندووە: ئەگەر هاووڵاتیانی سەرووی تەمەنی 60 ساڵ ڤاکسینی کۆرۆنا وەرنەگرن، مانگانە بڕی ( 100 ) یۆرۆ غەرامە دەکرێن، بڕیارەکەی حکومەتی یۆنان لە كاتێكدایە کە جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنای ئۆمیکرۆن ڕاگەیێندراوە.

سەرۆک وەزیرانی یۆنان کیریاکۆس میتسۆتاکیس ڕایگەیاند: کە لەگەڵ جێ بەجێ کردنی ڕێنماییە نوێیەکە لە 16ی کانوونی دووەمەوە غەرامەی سەرپێچیکاران زیاد دەکرێت بۆ سەر حسابی باجەکانیان.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەكان، ژمارەی مردووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە یۆنان لەم هەفتەیەدا بۆ سەرووی 18 هەزار كەس بەرزبووەتەوە.

ئامارەکان لە یۆنان دەریدەخەن کە نزیکەی چارەکێک لە دانیشتوان لە تەمەنی سەرووی 60 ساڵ لەو وڵاتە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە.

سەرۆك وەزیرانی یۆنان گوتی:  جۆرەکانی ئۆمیکرۆن بۆ ئێمە مایەی نیگەرانییە، بۆیە پێویستە هۆشیارتر بین.

وتیشی:  بەداخەوە لە کۆی 580 هەزار هاووڵاتیی سەرووی تەمەنی 60 ساڵ، تەنیا 60 هەزار کەس لە مانگی تشرینی دووەمدا ڤاكسینی كۆڕۆنایان وەرگرتووە .

هەروەها گوتی:  ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵ زیاترە پێویستیان بە چارەسەری لە نەخۆشخانە هەیە چونكە  لەو تەمەنانە زیاتر گیان لەدەست دەدەن.

 

 

           گوڵان: سەردار خەلیل

Top