دكتۆر كەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:   داهاتی باج لە كوردستان بۆ خزمەتگوزارییەكان و مووچە بەكار دەهێندرێتەوە

دكتۆر كەمال تەیب  بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     داهاتی باج لە كوردستان  بۆ خزمەتگوزارییەكان و مووچە  بەكار دەهێندرێتەوە

 

 

كۆكردنەوەی داهاتی باج لە هەرێمی كوردستاندا قسە و باسێكی زۆری لەسەر دەكرێت، وێڕای گرنگیی وەرگرتنی باج، هاوكات پێویستی بە هاوسەنگی و ڕەچاوكردنی بارودۆخی ئابووری و ئاستی بژێویی چین و توێژەكانی ناوكۆمەڵگە هەیە، بۆ ئەوەی لە ئامانجە سەرەكییەكەی خۆی لانەدات و، بارگرانی و جێگای سەرنج و نیگەرانی نەبێت؛ لەم ڕووەوە دكتۆر كەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان لەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵاندا، جەخت لەسەر گرنگترینی ئەو بڕیار و یاسایانە دەكاتەوە، كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێكخستنەوەی باجەكان دەرچووە، لێرەدا دەقی دیمانەكە بڵاودەكەینەوە.

 

* یەكێك لە گرنگترین سەرچاوەكانی داهات وەرگرتنی باجە، ئەم بابەتە هەستیارە لە سەرجەم وڵاتانی دنیا وێڕای ئەوەی بە یاسا ڕێكخراوە، هاوكات بەپێی فەلسەفە و بنەمایەكی ئابووری جێبەجێ دەكرێت، سەرەتا دەمانەوێت بزانین ئایا لە كوردستاندا لە سەر چ فەلسەفە و بنەمایەكی ئابووری سیستمی وەرگرتنی باج ڕێك خراوە و پەیڕەو دەكرێت؟

- لە هەرێمی كوردستان باج بەپێی یاسا ڕێك خراوە و بە سەر كۆمپانیا و پیشە و فرۆشیارییەكاندا سەپێندراوە، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا سیستمی كۆكردنەوەی باج و ڕسوومات لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدا ڕێك خراوەتەوە، بە شێوەیەك كە لە خزمەتی هەژار و كەمدەرامەتدا بێت، باج بە هیچ شێوەیەك لە خاوەن داهاتە نزمەكان وەرناگیرێت، بەپێچەوانەوە داهاتی باجەكە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی مووچە خەرج دەكرێت.

* باسی پرۆسەی چاكسازیتان كرد، ئایا تا چەند ڕێكخستنەوەی وەرگرتنی باجەكان ڕەچاوی دادگەری و ڕێگرتن لە خۆدزینەوەی باج كراوە و، بە شێوەیەك نەسەپێندراوە كە ببێتە هۆی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتیان؟

- وەرگرتنی باج لە هەموو وڵاتانی دنیادا بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بە یاسا پەیڕەو دەكرێت و، سیستم و ئامانجی تایبەتی خۆی هەیە، بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و كەمكردنەوەی جیاوازیی چینایەتی و، بەكارهێنانیەتی لەپێناو بەردەوامیدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و پێشخستنی كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەت، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیدا هاتووە، تایبەتە بە بڕیار و ڕێكاری نوێی پەیوەست بە وەرگرتنی باج لە كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و ئەو پیشەوەرانەی كە داهاتێكی زۆریان دەست دەكەوێت، بۆ نموونە: ئێمە باج لە سەرووی ملیۆنێك دینار وەردەگرین، واتا ئەو داهاتەی وەرگیراوە لە ڕێگەی سەپاندنی باجەوەیە بە سەر كەسانی دەستڕۆیشتووی دەوڵەمەند، هەر بوار و بابەتێك پەیوەندی بە خەڵكی دەوڵەمەندەوە هەبێت و، لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەژار بێت، بە هاوشێوەی وڵاتە پێشكەوتووەكان ئێمەش سەرقاڵی ڕێكخستنەوەی بووین، ناكرێت قاسەی گەنجینەی گشتی بەتاڵ بێت و، قاسەی كەسانێك لەم وڵاتەدا تا دێت دەوڵەمەندتر ببێت. یاساكانی هەرێمی كوردستان لە بواری ئەو ڕێژە باجەی كە وەردەگیرێت، بەراورد بە عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان زۆر كەمە، تەنانەت بە هۆی كەمكردنەوەی ڕێژەكانی باج ناكۆكیمان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بۆ دروست بووە، جار هەبووە بەڵێندەرێك لێرە باجی داوە، كاتێك چووەتە بەغدا جیاوازیی ئەو بڕە باجەیان بەراورد بە بەغدا لێ وەرگرتووەتەوە. ئێمە لە سیستمی باجدا خەمی زیادكردنی داهاتمان نییە لە سەر حیساب و پشتی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت، بەڵكو بە پێچەوانەوە باج بۆ خزمەتی خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت دانراوە، زۆرجاریش ئەو كاڵا و شمەكانەی زۆر پێویست نین، یان نامانەوێت زۆر بهێنرێنە كوردستانەوە، وەكو جگەرە و بابەتە كحولییەكان، باجمان لە سەریان چەند قات زیاد كردووە.

* كۆمپانیاكانی گەیاندن لە شارەكانی دیكەی عێراقدا باجی فرۆشراوەكانیان بە حكومەتی فیدڕاڵی دەدەن، ئایا بۆچی لە هەرێمی كوردستان ئەو باجە وەرناگیرێت؟

- لە شارەكانی دیكەی عێراق كۆمپانیاكانی ئەنتەرنێت و پەیوەندی و گەیاندن باجی فرۆشراوەكانیان دەدەن بە حكومەتی فیدڕاڵی، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەو كۆمپانیانەی لێرە كار دەكەن، ئەو باجەیان نەدەدا بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە داهاتی ئەو باجە مانگانە بە ملیاران دینار دەخەمڵێندرێت و بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت نەدەگەڕایەوە، ڕەوا نییە هاووڵاتیانی كوردستان ڕێژەی لە 20% ی باجی فرۆشتن بدەن، كەچی ئەو باجە بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق بڕوات، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا ئەو باجە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم بگەڕێندرێتەوە، هەرچەندە بەهۆی ناكۆكی و یەكلانەبوونەوەی ئەم بابەتە لەگەڵ بەغدا، تا ئێستا بڕیارەكەمان جێبەجێ نەكردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە گرنگە و گەڕانەوەی تەواوی داهات و مافە زەوتكراوەكانی خەڵكی كوردستان بۆ خەڵكی كوردستان.

* ئایا كۆمپانیاكانی نەوت و غاز و سكیوریتی و خزمەتگوزارییەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، بە هەمان شێوە بڕیاری باج وەرگرتن دەیانگرێتەوە؟

- سەپاندنی باج لەسەر كۆمپانیاكانی نەوت و خزمەتگوزارییەكان و بوارەكانی ژمێریاری و سكیوریتی لە هەرێمی كوردستان، خواست و داواكارییەكی ڕەوای خەڵكی كوردستان بوو، پێشتر بە بیانوو و پاساوی جیاواز خۆیان لە باج دزیوەتەوە و لە زۆربەی گرێبەستەكاندا ئەو باجە نەهاتووە و نەیانداوە، ئێستا بەپێی ئەو بڕیارانەی دەرچوون، كۆمپانیاكانی نەوتمان پابەندكردووە بە پێدانی باج و زۆربەیان باجیان لێ وەرگیراوە و تەنانەت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەكان سەرقاڵی داڕشتنی میكانیزمێكی گونجاوە بۆ وەرگرتنی باج لە تەواویی ئەو كۆمپانییانە. سەبارەت بە كۆمپانیاكانی سكیوریتی كە پێشتر كەمتەرخەمی و خۆدزینەوەیەكی زۆر هەبوو لە پێدانی باج، لە ئێستادا حكومەت سەرقاڵی میكانیزم و ڕێكاری پێویستە بۆ لێپرسینەوە لە سەرجەم ئەو كۆمپانیانەی خۆیان دزیوەتەوە لە باج. پێشتر كۆمەڵێك شوێن و كۆمپانیای گەورە كە لە كوردستان كاریان دەكرد، لێخۆشبوونیان بۆ كراوە، لەم كابینەیەدا تەواوی ئەو لێخۆشبوونانە هەڵوەشێندرایەوە، تەنیا ئەو كۆمپانیانە نەبێت كە بە یاسای وەبەرهێنان، یان پەرەپێدان لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە، ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باج و خانووبەرەی میری، دەسەڵاتی ئەوەمان پێ دراوە كە ئەگەر بێت و كۆمپانیایەك فرتوفێڵی كردبێت، ئەوا نەك تەنیا باجەكەی لێ وەربگیرێتەوە، بەڵكو غەرامە و پێبژاردنی بە زیاتر بۆ بكرێت و، ناویشی دەخرێتە لیستی ڕەشەوە.

* ئەی وەرگرتنی باج لە پیشەوەران و فرۆشتن، چۆن ڕێكخراوەتەوە؟ ئایا مەترسیی ئەوە ناكرێت لەبری ئەو باجە، بارگرانی لە سەر هاووڵاتیان دروست ببێت؟

- وەرگرتنی باج بۆ ئەو پیشەوەرانەیە كە داهاتێكی بەرز و باشیان هەیە، بە تایبەتی پزیشك و ئەندازیار و پارێزەر، لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێكی زۆری ئەو پیشەوەرانە تۆمار نەكرابوون، لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی تۆماركردنی هەموو ئەو پیشەوەرانەیە، كە بە تێكڕا ماوەیەكی زۆرە خۆیان دزیوەتەوە لە باج، سەبارەت بە باجی فرۆشتنیش تەنیا ئەو شوێنە تایبەت و ناوازانە دەگرێتەوە كە كەسانێك تێیدا بەكاربەر و بەكارهێنەرن، كە خاوەنی داهاتێكی بەرزن، وەكو هۆتێلی چوار و پێنچ ئەستێرەیی و چێشتخانە و كافتریا بەناوبانگەكان، مەسەلەی بارگرانییش، ئەوە كێبڕكێی بازاڕە و ئەركی تیمەكانی چاودێری و بەدواداچوون و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانە كە ڕێگە نەدەن بارگرانی لەسەر چین و توێژەكان دروست ببێت، وابزانم باشترین ڕێكاریش كێبڕكێی بازاڕە كە ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت، بۆ دابەزینی نرخ و بەرزكردنەوەی كوالێتی.

* ئایا باج لەسەر زانكۆو قوتابخانە ناحكوومی و نەخۆشخانە ئەهلییەكان دانراوە، بەتایبەتی كە ساڵانێكە زانكۆ و قوتابخانە و نەخۆشخانەی ناحكوومیی زۆر كراونەتەوە و بوونەتە خاوەنی داهاتێكی بەرز؟

- زانكۆ و قوتابخانە و نەخۆشخانە ناحكوومییەكان ناوەندێكی گەورەی كۆكردنەوەی داهاتن، بەتایبەتی نەخۆشخانە ئەهلییەكان، ساڵانێكە پارەیەكی خەیاڵییان كۆكردووەتەوە، بە تایبەتی دوای تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا، پێشتر ساڵانە لە ڕێگای ئەو میزانییەوە كە دادەنرا، باجیان لێ وەردەگیرا، بەڵام هەموو ئەو میزانیانە جێگای باوەڕ نەبوون، بە تایبەتی لە غیابی سیستمی بانكی و گومانكردن لەسەر ئەو كەسانەی ئەو میزانیانەیان ئامادە دەكرد، ئێستا مانگانە باجیان لێ وەردەگیرێت، لە ڕێگەی پسوولەیەكی تایبەت، كە لەلای خۆمان وەكو وەزارەتی دارایی چاپ دەكرێت و، چاودێرییەكی توندیشیان خراوەتە سەر، بۆ ئەوەی لەمەدوا ئەو باجە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان وەربگیردرێت و، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەوانە بگیردرێتەبەر كە خۆیان لە باج دەدزنەوە.

* مەبەست لەو لێپرسینەوە یاسایی و ڕێكارانەی حكومەت چین كە بەرامبەر ئەو كەس و كۆمپانیانە پەیڕەو دەكرێت، كە خۆیان لە پێدانی باج دزیوەتەوە؟

- زیاتر لە كەیسی 150 كۆمپانیا دراوەتە دادگا، كە فرتوفێڵیان كردووە و خۆیان لە پێدانی باج دزیوەتەوە، زیاتر لە هەزار كۆمپانیای جۆراوجۆریش كە زۆربەیان گەورە كۆمپانیاكانن، سزای دارایی كراون و غەرامەی دواكەوتنی باجیان لێ وەرگیراوە، ئەو كۆمپانیانەی كە دراونەتە دادگا سزای مەعنەوییش دراون، ئەمە وێڕای ئەوەی خەڵكانێك لە سەر خۆدزینەوە و فرتوفێڵكردن دەستگیر كراون و ژمارەیەكی زۆریش بڕیاری قەدەغەی گەشتكردنیان بۆ دەرچووە، یان ماڵ و سامانیان دەستی بەسەردا گیراوە، ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەكی گەورە دانراوە بە ناوی بەڕێوەبەرایەتیی باجی كۆمپانیا گەورەكان، بۆ ئەوەی ئەو كۆمپانیانە باج بدەن، بەهۆی ئەم بڕیار و كاری جددییەی حكومەتی هەرێمەوە، بە شێوەیەكی گشتی باجی داهاتی كۆمپانیاكان زۆر زیادی كردووە.

* تاچەند حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی داهاتی باجی خاڵە سنوورییەكان ڕێك بخاتەوە، بەتایبەتی لە دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای سلێمانی كە پێشتر قاچاخچێتی زۆری تێدا دەكرا؟

- پێشتر ئەو میزانییەی كە لەسەر بنەمای باجەكان لە خاڵە سنوورییەكان ڕێك دەخرا، هەمووی ساختە بوون و بەشێكی زۆریان غەرامەیان لێ وەرگیرا، من داوا لەو كۆمپانیانە دەكەم كە پەنا بۆ فروتوفێڵ دەبەن، لەمەودوا دوور بكەونەوە، بەپێچەوانەوە خۆدزینەوە لە باج و فرتوفێڵكردن، بە زیانی كۆمپانیاكە تەواو دەبێت، كۆمپانیا هەبووە ساڵی ڕابردوو ملیۆنێك دینار باجی داوە، لەبەر ئەوەی بۆمان دەركەوتووە فرتوفێڵی كردووە ئەمساڵ باجەكەمان بۆ كردە دوو ملیار دینار، سەبارەت بە داهاتەكانی پارێزگا و ناوچەیەكی دیاریكراویش، ئێمە سەرقاڵی داڕشتنەوەی وەرگرتنی هەموو باجەكانی كوردستانین وەكو یەك و بەبێ جیاوازی، دواتر ئەو داهاتە حكومەت بە سەر هەموو پارێزگا و ناوچەكانی كوردستاندا دابەشی دەكاتەوە، ناكرێت پارێزگایەك لە كۆكردنەوەی داهات كەمتەرخەم بێت و دەرئەنجام داوای پشكی شێری داهاتیش بكات، ئێمە تا سەری ساڵ مۆڵەتمان بەو دەروازە سنوورییانە داوە تاوەكو داهاتەكانیان ڕێك بخەنەوە، بەپێچەوانەوە بە حوكمی یاسا ئێمە ئیجرائات دەكەین.

 

Top