رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: راپۆرتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بە گرنگییەوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەڕوانێت و بە سەرکەوتوو وەسفی دەکات
لە میانەی هەوڵەکانی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بۆ هاوکاری کردنی عێراق (یۆنامی) لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنتۆنیۆ گۆتیریسی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن. هاوکات رۆژی سێشەممە رێکەوتی30/11/2021کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند دوای وردبوونەوە لەو تانانەی کە لایەنە نارازییەکان پێشکەشیان کردبوو.
د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی راپۆرتەکە رایگەیاند: نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان و یەکێتی ئەوروپا رۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە چاودێری پرۆسەکە و یارمەتیی تەکنیکییان پێشکەش بە لایەنی عێراقی کردووە. یۆنامی پشتگیریی خۆیان بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەربڕییوە لە هەمان کاتدا پرۆسەکەیان بە سەرکەوتوو و شەفاف وەسف کردووە ئەمەش دانپێنانێکی گرنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە بە پرۆسەکە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بە رۆڵی یۆنامی و چاودێرانی نێودەوڵەتی لە پرۆسەکە وتی: نەتەوە یەکگرتووەکان بە وردی چاودێری پرۆسەکەی کردووە و پرۆسەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتووی وەسف کراوە، بە گوێرەی راپۆرتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان (١٨٩١) چاودێری نێودەوڵەتی کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە پەسەند کرابوون، لەگەڵ (160148) چاودێری نیشتمانی و (495733) نوێنەری حزب و لایەنە بەشداربووەکان چاودێری پرۆسەکەیان کردووە، هەروەها چاودێرانی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی (٧٩) بنکەی هەڵبژاردنیان کردووە و سەرپێچیی گەورەیان تۆمار نەکردووە کە شایەنی باس کردن بێت.
سەبارەت بە هاوکارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێگای نێردەی خۆی بۆ هاوکاری کردنی عێراق (یۆنامی) پرۆژەیەکی ئەنجامداوە بە ناوی (پرۆژەی پاڵپشتی کردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان عێراق)، ئەم پرۆژەیە لە دوو قۆناغ پێکهاتبوو، لە قۆناغی یەکەمدا گرنگی بە بونیادنانی تواناکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دراوە و لە قۆناغی دووەمی پاڵپشتی لۆجستی پێشکەش بە لایەنی عێراقی کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، تێچووی پرۆژەکە زیاتر لە (32) ملیۆن دۆلار بوو و لەلایەن (١١) وڵاتی کۆمەک بەخشەوە پێشکەش کرابوو.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێم جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە نوێنەرانی کوردستان کاربکەن لە پێناو داکۆکیکردن لە شایستە و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لە پەرلەمانی عێراق، بە هەموو جیاوازیی وڕەنگەکانەوە، بۆ درێژەدان بە کارکردن و هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، بە ئامانجی دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان .
جێی ئاماژەیە، هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دیاریی کردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو.