سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێگەیشت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێگەیشت

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 23ی نۆڤێمبەر ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مارگریتس شیناس جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا ، دۆخی کۆچبەرانی سەرسنووری بێلارووس و پۆڵەندا تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت داوای کرد، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ، فریاگوزاری و هاوکاری پێویست بگەیەننە کۆچبەران . هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی، بازرگانانی مرۆڤ و تۆڕی نێودەوڵەتی قاچاخچییەکان، کۆچبەران بۆ مەبەستی سیاسی بەکاردەهێنن .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گەڕانەوەی زیاتر لە 400 کۆچبەردا، کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕیارە بەم نزیکانەش، چەندین کۆچبەری دیکە بگەڕێنەوە.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی هەبوونی ستراتیجییەکی درێژخایەن لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا کردەوە، بۆ سنووردانان بۆ کۆچکردنی نایاسایی ، هەروەها داواشی لە جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا کرد، لە ڕێگەی پەرەپێدانی ئالوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەوروپا و هاوکاری دارایی و تەکنیکی، پشتیوانی لە کارنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی دەرفەتی کار بۆ خەڵکی کوردستان ، سەرۆکی حکومەت، هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری زیاتر پێشکەشی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بکات کە لە هەرێمی کوردستانن.
لە پەیوەندییەکەدا ، هەروەها باس لەو ڕێکارانەش کرا کە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالییەوە گیراونەتەبەر سەبارەت بە ڕێگەگرتن لە کۆچکردنی نایاسایی.
سەرۆکی حکومەت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پێشوازیکردن لە تیمێکی تەکنیکی کە لە بروکسلەوە سەردانی هەولێر و بەغدا بکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەردەوامبوونی پەیوەندیی و هەماهەنگیی، بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.

Top