سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ شەممە 20 ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ میگێل بێرگەر وەزیری دەولەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و دۆخی کۆچبەران لە سەر سنووری بێلارووس و پۆڵەندا کرا.
وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا ، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو ڕێکارانەی گرتوویەتەبەر لە بەرامبەر ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و ڕێگریکردن لە کۆچکردنی نایاسایی و کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان .
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هەر هاریکاریی و هەماهەنگییەک لە گەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ بەهاناوەچوون و چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی سنووری بێلارووس و پۆڵەندا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی برەودان بە وەبەرهێنان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و بارودخی گشتی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێ کرا.