سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا پێگەیشت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا پێگەیشت


ئێوارە پێنجشەممە 18ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ماتێیۆش مۆراڤیتسکی سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا دۆخی کۆچبەرانی سەرسنووری بێلارووس و پۆڵەندا تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربارەی رەوشی ناهەمواری ئەو کۆچبەرانەی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لەنێویاندا منداڵیش هە ن و لە سەر سنووری بێلارووس و پۆڵەندان و لە بارودۆخێکی سەختدان.
سەرۆکی حکومەت، هەموو ئامادەییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهاناوەچوونی ئەو کۆچبەرانە وباشترکردنی بارودۆخیان و سەلامەتییان دووپاتکردەوە. سەرۆکی حکومەت گوتیشی بەداخەوە ئەو کۆچبەرانە، بووونەتە قوربانی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و ناکۆکی نێوان بێلارووس و یەکێتیی ئەوروپا. ئاماژەی بەوەشدا کە هەرێمی کوردستان، ئێستا پەناگەیەکی ئارامە بۆ نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر.
سەرۆکی حکومەت و سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ، گفتوگۆیان دەربارەی ڕێگەکانی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کۆچبەرانە کرد. هەردوولا هاوڕابوون کە کۆچبەران، لە لایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێنراون و بوونەتە قوربانی تاوانێکی ڕێکخراو. سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، ستایشی ئەو ڕێکارانەی کرد کە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی، بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن ، هەروەها گرتنەبەری پشکنین و ڕێکاری توند وپێویست لە فرۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەو کارە نایاساییانە ئەنجام دەدەن. هەروەها گفتوگۆ دەربارەی هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و هاوبەشەکانی دیکە کرا، بۆ پێشکەشکردنی کارئاسانیی لە پێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران کە بڕیارە ئەمڕۆ لە یەکەم گەشتدا بگەنەوە بەغدا و هەولێر.

سەرۆکی حکومەت، خۆشحاڵی خۆی بۆ پێکهێنانی تیمێکی تەکنیکی هاوبەش دەربڕی بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ڕێکارانەی پێویستن بۆ ڕێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە بێلارووس و پۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا، ئەرک و پابەندبوونی نێودەوڵەتیی خۆیان لە ڕێگەدان بە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور بۆ گەیاندنی هاوکاری بەپەلە و بەهاناوەچوونی کۆچبەران جێبەجێ بکەن.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندیی و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.

Top