د. لانە ڕەفیق ئەحمەد: جوانی پێوەر نییە بەڵام پێویستە خانمان بڕوایان بە خۆیان هەبێت و گرنگی بە خۆیان بدەن
د. لانە ڕەفیق ئەحمەد پزیشكی شارەزا لە بواری نەشتەرگەریی جوانكاری و ڕێككاری M.B.Ch.B لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە جۆری ئەو خزمەتگوزارییانە دەكات كە لە نۆرینگە پزیشكییەكەی پێشكەشی خانمانی دەكات، جەختیش لەوە دەكاتەوە كەوا نەشتەرگەریی جوانكاری و ڕێككاری لە نەشتەرگەرییە هەرە زەحمەتەكانە لە هەموو شوێنێكی جیهان، لە بەر ئەوەی وردەكارییەكی زۆری دەوێت و كاتێكی زۆر دەخایەنێت، هاوكات ئامۆژگاری خانمان بەوە دەكات كە هەمیشە بڕوایان بە خۆیان هەبێت و گرنگی بە خۆیان بدەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* ئەو خزمەتانە چین كە پێشكەشی خانمانی دەكەن و ئایا تەنیا جوانكارییە یان خـــزمەتــگــوزاریی تەندروستیشی لەگەڵدایە؟
- لە نۆرینگەكەمان زیاتر چارەسەری گرفتەكان و نەخۆشییەكانی پێست دەكرێت، وەك: پەڵەی ڕەش و زیبكە و ئاسەواری زیبكە و لابردنی چرچ و لۆچی پێست و دانان و پركردنەوەی ڕوخسار بە چەوری، یان ماددەی فیللەر. چارەسەركردنی كێشەی قەڵەوی و چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی پێستی سەر وەكو ڕووتانەوەی سەر و كەچەڵبوون و وەرینی قژ، چەندین جوانكاریی تری دەم و چاو و لەش پێشكەش دەكرێت، لەوانە: پاقژكردنەوەی دەم و چاو بە شێوەیەكی زانستی و تەندروستییانە بە ئامێری پێشكەوتوو لەلایەن پزیشكی شارەزا دەكرێت، واتە لەكاتی پاقژ كردنەوەكە جۆرەها چارەسەر بەكار دەهێندرێت
بەپێی جۆری پێستەكە، ئەوەش لەسەر بڕیاری پزیشك دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر پێستەكە وشك بێت، چارەسەری پێست وشكی بۆ دەكرێت و، ئەگەر پێستەكە چەور بێت، یان زیبكەی هەبێت، چارەسەری تایبەت بە خۆیان بۆ دەكرێت. لە نۆرینگەكەمان هەموو جۆرە چارەسەرێكی نەخۆشییەكانی پێست و هەروەها لابردنی مووی لەش بە لەیزەر و ئامێری پێشكەوتوو هەیە. بۆیە دەتوانم بڵێم خزمەتگوزارییەكانمان زیاتر تەندروستین، دەمەوێ ئاماژە بەوەش بكەم خزمەتگوزاریەكانمان بە هەر دوو ڕەگەزی نێر و مێ پێشكەش دەكرێن.
* ئایا هۆی چییە نرخی نەشتەرگەری و ڕێككاری بە شێوەیەكی گشتی گرانە؟
- لە ڕاستیدا ئەم بیرۆكەیە هەڵەیە لەناو كۆمەڵگەكەمان كە نەخی گران بێت، چونكە نەشتەرگەریی جوانكاری و ڕێككاری لە هەرە نەشتەرگەرییە زەحمەتەكانە لەهوموو شوێنێكی جیهان لەبەر ئەوەی وردەكارییەكی زۆری دەوێت و كاتێكی زۆر دەخایەنێت و كەل و پەلی بەكارهاتووش لەم جۆرە نەشتەرگەرییانە نرخیان ئێجگار گرانە كە لە كوردستان ڕۆشنبیریی ئەم زانیارییانە كەمە و لەبەرچاو ناگیرێت، ئەگەر بەراود بكرێت لەگەل هەمان نەشتەرگەریی جوانكاری كە لە وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدرێت، نرخی نەشتەرگەریی جوانكاری لە كوردستان زۆر هەرزانە و ئەگەر بەراوردیش بكرێت لەگەڵ نەشتەرگەریی چاو و دڵ و شكان و...هتد نرخی نەشتەرگەریی جوانكاری گران نییە.
* ئایا ئەوانەی سەردانتان دەكەن لە كام چینی كۆمەڵگەن؟ زیاتر كەسانی دەوڵەمەندن، یان كەسانی نەداریش سەردانتان دەكەن؟
- بێگومان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئافرەتان زیاتر گرنگی بە خۆیان دەدەن و زیاتر هۆشیارن، هەردوو چینەكەش سەردانمان دەكەن، هەر كەسێك گرفت و نەخۆشیی پێستی هەبێت، پێویستیەتی سەردانی سەنتەرەكانی جوانكاری بكات. كەل و پەل و ماددەی بەكارهاتوو لە جوانكاری نرخی جیاوازی هەیە بە پێی دەرامەتی نەخۆشەكە ماددەكەی بۆ بەكار دەهێنین، بە جۆرێك سوودی لێ ببینێت و زیانی پێ نەبەخشێت. هیوادارم هاوپیشەكانم دەرامەتی نەخۆش لەبەر چاو بگرن و خەڵكیش ماندووبوون و شەونخوونی پزیشك و گرانیی نرخی كەل و پەلی جوانكاری لەبەر چاو بگرن.
* ئایا خانمان لە چ تەمەنێك پێویست دەكات نەشتەرگەری و ڕێككاری بۆ ڕوخساریان بكەن؟
- چ ئافرەت و چ پیاو دەكرێت لە هەموو تەمەنێك نەشتەرگەریی ڕێككاری ئەنجام بدەن، پاش بینینیان و پشكنینیان لەلایەن پزیشكی جوانكاری و بڕیاردانی پزیشكەكە لەوانەیە تەمەنی كەمتر لە ساڵێكە پێویستی بە هەندێ ڕێككاری هەبێت بە هۆی هەندێ نەخۆشییەوە، بەڵام جوانكاری باشتر وایە دوای تەمەنی ١٦ بۆ ١٨ ساڵی ئەنجام بدرێت.
* ئامۆژگاریت بۆ خانمان لە ڕووی گرنگیدان بە خۆیان و بە ڕوخسار و جەستەیان چییە؟
- ئامۆژگاریم بۆ خانمان ئەوەیە كە هەمیشە بڕوایان بە خۆیان بێت و گرنگی بە خۆیان بدەن و گرنگیدان بە خۆیان خۆیان پشتگوێ نەخەن لە بەر سەرقاڵبوونی ڕۆژانەیان، لە كۆتاییدا دەمەوێت بڵێم جوانی پێوەری نییە و هیچ كەسێك بە هیچ پێوەرێك جوانییەكەی ناپێون و پێویستە ئافرەتان متمانەیان بە خۆیان بێت و بزانن كە وا هەموو ئافرەتێك جوانە.