هاوژینی سەڵاح دەمیرتاش بە دوو ساڵ و نیو زیندانی كرا

هاوژینی سەڵاح دەمیرتاش بە دوو ساڵ و نیو زیندانی كرا

لە ژمارەی ڕۆژی شەممەی رۆژنامەی جمهوریەتی تورکیا هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە بە تۆمەتی ساختەکاری لە ڕاپۆرتی پزیشکیدا سزای زیندانی بە دوو ساڵ و نیو بەسەر باشاک دەمیرتاش هاوژینی سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە سەپێندراوە.

لەلای خۆیانەوە پارێزەرەکانی باشاک دەمیرتاشی تەمەن (44) ساڵ ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەو سزایە بەهۆی هەڵەوە بووە لە ڕاپۆرتێکی پزیشکیدا کە لە ساڵی 2015 لەلایەن پزیشکێکی شاری دیاربەکرەوە نووسراوە.

ناچۆ سانچێز ئامۆر نوێنەری پەرلەمانی ئەوروپا لە ڕێی تویتەروە دەڵێت: سزادانەکە بەهۆی هەڵەیەکی ڕاپۆرتی پزیشکییەوە بووە و مەبەستێکی سیاسی لەپشتەوەیە و ڕوونیشی كردەوە كە زیندانیکردنی بۆ دوو ساڵ و نیو بەهۆی هەڵەیەکی نووسینەوە لە ڕاپۆرتێکی پزیشکیدا شتێکی مەترسیدارە، ئەمە بابەتێکی سیاسییە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش یەکێکە لە سیاسەتمەدارە هەرە بەناوبانگەکانی تورکیا کە نزیکەی پێنج  ساڵە بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە تیرۆرەوە زیندانی كراوە.

 

Top