بۆچی پێویستە ئافرەتی دووگیان ڤاكسینی كۆڤید وەربگرێت؟

بۆچی پێویستە ئافرەتی دووگیان ڤاكسینی كۆڤید وەربگرێت؟

سەنتەری ئەمریكی بۆ خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان CDC رێنمایی دەكات، كە پێویستە ئافرەتانی دووگیان ڤاكسینی كۆڤید وەربگرن، كە زۆر سەلامەتە و دڵنیاشان دەكاتەوە كە وەرگرتنی ئەم ڤاكسینە هەرگیز ئەگەری لەبارچوون زیاد ناكات. ئافرەتی دووگیان لە ریسكێكی بەرزدایە، چونكە كە دوچاری كۆڤید19 دەبێت، بەتایبەتی گۆڕاوی دێلتا، ئەوا زۆر بە سەختی نەخۆش دەكەوێت و ئەگەری ئاڵۆزییەكان زیاد دەبن، وەك: كۆرسێكی زۆر سەختی كۆرۆنا، گرفتی درێژخایەنی كۆئەندامی هەناسە، زیادبوونی ئەگەری خەواندن لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەدا، هەروەها ئەگەری مردنیش لەئارادایە. گرنگیی وەرگرتنی ڤاكسین لەكاتی دووگیانیدا لەوەدایە كە ئافرەتی دووگیان لە تووشبوون و لە مردن دەپارێزێت، هەروەها لەكاتی تووشبووندا نیشانەكان سووكتر و ئەگەری ئاڵۆزی و مەترسیی تەندروستیی كەمتر دەبێتەوە. بە پێی رێنماییەكان، باشترین جۆری ڤاكسین لەكاتی دووگیانیدا ئەوانەن كە لە بەرهەمهێناندا پشت بە رێگای mRNA دەبەستن، وەك ڤاكسینی فایزەر و مۆدێرنا، ئاماژە بەوەش كراوە كە تا ئێستا بە تەواوی نەزانراوە ئایا ڤاكسینی كۆڤید تا چەند كۆرپە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەپارێزێت، بەڵام لەوانەیە كە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو كۆرپە بپارێزێت، هاوشێوەی ڤاكسینەكانی دیكە كە لەكاتی دووگیانیدا وەردەگیرێن.

 

Top