دەستبەندەكانی ئەڵماسی ماری ئانتوانت بە 8 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

دەستبەندەكانی ئەڵماسی ماری ئانتوانت بە 8 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

 

 

دوو دەستبەندی ئەڵماس  کە  هی سەردەمی  شاژن ماری ئەنتوانت-ی فەڕەنسا بوو، لە مەزادێک لە سویسرا بە 8 ملیۆن دۆلار فرۆشرا.

هەردوو دەستبەندەكە  لەلایەن کڕیارێکی نەناسراوەوە کڕان کە بە تەلەفۆن بەشداریی لە مەزادەکەدا کردبوو.

ماری ئانتوانت پێش ئەوەی لە  شۆڕشی فەڕەنسا لەگەڵ گیۆتینەوە لەسێدارە بدرێت، ئەو ئەڵماسانەی بە ئەمانەت بۆ شوێنێک نارد بۆ ئەوەی پارێزراو بن.

هەردوو دەستبەندەكە بە قاچاخ بردران بۆ دەرەوەی وڵات و زیاتر لە 200 ساڵ لە دەستی خێزانەکەیدا مابوونەوە.

ئەو دەستبەندانەی، کەبە 112  ئەڵماس نەخشێنرابوون، بۆ یەکەم جار مەزاد کران و زیاتر لە دوو هێندەی ئەو نرخەی چاوەڕێیان دەكرت فرۆشران.

فڕەنسوا کۆریل، بەرپرسی بەشی مەزادەکەی کریستیز گوتی: ئەم دەستبەندانە بیرهێنانەوەن بۆ گێڕانەوەی گرنگترین ماوە لە مێژووی فەڕەنسادا.

ماری ئانتوانت لە ساڵی 1755 لە نەمسا لە دایکبووە و ڕەوانەی فەڕەنسا کراوە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ لویسی شانزدەیەم، پاشای داهاتوو بکات.

ماری ئانتوانت لە ساڵی 1793 وە چەند مانگێک دوای هاوسەرەکەی لەگەڵ گیۆتین لەسێدارەدرا، ئەو ناوبانگ و خۆشەویستیی لەناو فەڕەنسیەکان لە دەست دا، چونکە خەڵکەکە تاوانباریان کرد بە زیادەڕۆیی و کاریگەریی ناتەندروست بەسەر پاشادا.

ماری ئانتوانت کاتێک لە زینداندا بوو نامەیەکی نووسی بوو، کە تێیدا باسی سندوقێکی داری خشڵی کردبوو بۆ پاراستن و شوێنی گەوهەرەكانی.

بەپێی مەزادەکەی کریستیز، کچە ڕزگاربووەکەی ماری- ترێز شارلۆت، لە کاتی گەیشتنی بۆ نەمسا ئەو دەستبەندانەی وەرگرتووەتەوە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top