دایكانی منداڵی خاوەن پێداویستیی تایبەت داوادەكەن سیستەمی پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانەكان كارا بكرێت

دایكانی منداڵی خاوەن پێداویستیی تایبەت داوادەكەن سیستەمی پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانەكان كارا بكرێت

 

بەشی پەروەردەی تایبەت بۆ خزمەتی چینی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە و، دەرچووانی ئەو بەشە لە قوتابخانەكان وەكو مامۆستای پەروەردەی تایبەت وانە بە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەڵێنەوە، ئەم بەشە لە زانكۆكانی سەلاحەدین و سلێمانی و مووسل و دهۆك و چەرمۆ كراوەتەوە، بەڵام وەكو بەخێوكارانی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت باسی دەكەن، گرفتی زۆر لە پەروەردە و فێركردنی منداڵەكانیان لە ئارادایە، بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان شڕۆڤەی زیاتری بابەتەكە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

زیاتر لە ملیارێك كەس لە جیهاندا بەشێوەیەك لە شێوەكان خاوەن پێداویستیی تایبەتن كە 15%ی دانیشتووانی جیهان پێكدەهێنن. 110-190 ملیۆن كەسیشیان لە كاركردندا ئاستەنگی گەورەیان دێتەبەردەم.

منداڵانی ئەو توێژە شیمانەی نەچوونە قوتابخانەیان زیاترە لە منداڵانی ئاسایی. لە هەموو ژینگە جۆراوجۆرەكان و لەسەرجەم تەمەنەكانیشدا ئەو توێژە كەموكورتی و كەلێنی فێركاریی گەورەیان هەیە، بەڵام لە دەوڵەتە زۆر هەژارەكان كەموكورتییەكانیان زیاترن، لەو دەوڵەتانەش كە منداڵە ئاساییەكان هەموویان دەچنە قوتابخانە، هەموو منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ئەوەیان بۆ مەیسەر نابێت. بۆ نموونە لە پۆلیڤیا نزیكەی 98%ی منداڵانی ئاسایی دەچنە قوتابخانە، بەڵام كەمتر لە 40%ی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەچنە بەر خوێندن. لە ئەندونوسیا 80%ی منداڵانی ئاسایی دەچنە بەر خوێندن، كەچی 25%ی منداڵانی خاوەن پێویستیی تایبەت دەچنە قوتابخانە.

«من وەك دایكێك، ماوی هەشت ساڵە لەگەڵ منداڵە ئۆتیزمەكەمدا ژیان دەگوزەرێنم، بێگومان ئەو خانەوادەی كە منداڵی ئۆتیزمی تیادا بێت، لە گرفت و موعانات بەدەر نییە، بۆیە زۆرێك لە خانەوادەكان كێشەوگرفتیان هەیە لە ڕووی پەروەردەكردن و ڕاهێنان و بەدەمەوەچوونی كەموكورتیی منداڵەكەیان، یەكێك لەو گرفتانەش نەبوونی سەنتەری ڕاهێنانی حكوومی، یان پەیمانگای پیشەییە بۆ مێرمنداڵی ئۆتیزم، چونكە لە سەنتەرەكاندا تا تەمەنی 12ساڵی وەردەگیردرێن».

ئەوە وتەكانی نەجیبە محەمەد فەرەج بوو. ئەو خانمە وەك دایكی منداڵێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت داواكارییەكانی لە چەند خاڵدا دەخاتەڕوو:

1 - كردنەوەی سەنتەری حكوومی لە هەموو شار و شارۆچكەیەك .

2 - چارەسەركردنی گیروگرفتی وەرگرتنی منداڵانی ئۆتیزم لە دایەنگە و باخچە و قوتابخانەكاندا.

3 - دامەزراندنی دەرچووانی پەروەردەی تایبەت لە ناوەندەكانی خوێندندا.

4 - هاوكاریكردنی ماددیی خێزانی ئۆتیزم، چونكە منداڵی ئۆتیزم كێشەی تەندروستی زۆرە و هەندێكیان گەشكە، یان كێشەی دیكەیان هەیە كە پێویستیان بە دەرمانە .»

سەروین شاكر وەك خۆی باسی دەكات دایكی كوڕێكی تووشبووی ئۆتیزمە و لە بارەی ئاریشە و گرفتەكانی ژیانی خۆی و منداڵەكی دەڵێت: «دوای چەندین لێژنە بۆ كوڕەكەم، دكتۆرەكان پێیان گوتین: تایبەتمەندییەكانی ئەم منداڵانە ئەوەیە كە ئاستی فێربوونیان دیاریكراوە و لە پرۆگرامی ئاسایی قوتابخانە تووشی كێشە دەبنەوە، لەو پڕۆگرامانەش كە بۆ منداڵی دواكەوتووی ژیریی دادەنرێن سوودمەند نابن، بۆیە دەكرێ لە ناو پۆلدا لەگەڵ منداڵانی ئاسایی دابندرێن و مامۆستای پەروەردەی تایبەتی بۆ تەرخان بكرێت، بەڵام سەردانی چەندین قوتابخانەمان كرد، كەچی بەداخەوە بە هۆی نەبوونی مامۆستای پەروەردەی تایبەت، كوڕەكەم لە قوتابخانە وەرنەگیرا، داواكارم لە وەزارەتی پەروەردە ئاوڕێكی جددی و بەپەلە لەو منداڵانە بداتەوە.»

ڕەحمان عەلی پسپۆڕ و شارەزا لە ئۆتیزم و گرفتە ژیرییەكان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «پەروەردەی تایبەت بریتییە لە پەروەردە و فێركردنی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ناو قوتابخانەی ئاسایی و لە ناو منداڵی ئاسایی، یان لە سەنتەر و پەیمانگەی تایبەت بە خۆیان، واتا پەروەردەكردنی منداڵانی نائاسایی وەكو منداڵانی ئاسایی كە چۆن مافی خوێندنیان هەیە، سیستەمی پەروەردەی تایبەت سیستەمێكە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا جێبەجێ دەكرێت، ئەویش بە مەبەستی تێكەڵكردنی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەگەڵ منداڵانی ئاساییە كە بە چەند شێوازن، یان ئەوەتە مامۆستای پەروەردەی تایبەتی لەگەڵدا دەبێت، یان منداڵەكە لە ژوورێكدا دەبێت كە پێی دەگوترێت ژووری سەرچاوە، دواتر لە هەندێك وانە و هەندێك بابەتی كۆمەڵایەتی وەكو هونەر و وەرزش و مۆسیقا تێكەڵ دەكرێن، هەروەها لە كاتی پشووەكانیش بە هەمان شێوە تێكەڵ دەكرێن، ئەم سیستەمە لە كوردستاندا لە ساڵی 2004ـەوە هەیە، بەڵام بە هۆی ئەوەی ڕێژەی منداڵی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە زیادبووندایە و هاوكات بەشی پەروەردەی تایبەت لە زانكۆكان بەشێكی تازەیە كە بە خۆشحاڵییەوە لە زۆربەی زانكۆكانی كوردستان ئەو بەشە هەیە، بەڵام دەرچووانی ئەو بەشە زۆربەیان دانەمەزراون، بەداخەوە لەبەر ئەوەی دامەزراندن نییە و لەبەر ئەوەی مامۆستای پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانەكاندا بوونیان نییە و، بەهۆی ئەوەی ڕێژەی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بە هەموو جۆرەكانیەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیاد بووندایە، دەتوانم بڵێم ئەو منداڵانە لە ئێستادا لە قەیرانێكی زۆر گەورەدا دەژین، خێزانەكانیشیان ڕووبەڕووی گرفتی گەورەی دەروونی و ئابووری دەبنەوە، ئەوانەش كە تا ئاستێك دۆخی ژیرییان باشە، بە هۆی نەبوونی مامۆستای تایبەت و بە هۆی بێ جێگەیی لە قوتابخانەكان وەرنەگیراون، تەنانەت لە سەنتەرەكانی تایبەت بە ئۆتیزمیش وەرناگیرێن، چونكە ڕێژەی تووشبوونەكەیان كەمە و دۆخیان خراپ نییە، ئەوەش وای كردووە خێزان زۆر جار پەنا بباتە بەر ئەوەی خۆی مامۆستایەك بۆ منداڵەكەی بگرێت.»

ئەو پسپۆڕ و شارەزایە لە ئۆتیزم و گرفتە ژیرییەكان، بە پێویستی دەزانێت: «مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانەكان دابمەزرێنرێن. ئەگەر ئەوە نەكرێت منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و خێزانەكانیان باجی قورس دەدەن. هاوكات دەڵێت: «سیستەمی پەروەردەی تایبەت لە هەموو وڵاتانی دونیا پەیڕەو دەكرێت و بایەخی پێ دراوە، چونكە ئەوانیش وەكو منداڵانی ئاسایی مافی خوێندن و فێربوونیان هەیە، هەرچەندە لە كوردستان لە وەزارەتی پەروەردە بەشێكمان هەیە بە ناوی پەروەردەی تایبەت، بەڵام بەداخەوە ئەو بەشە پشتگوێ خراوە و ساڵانە هیچ توێژینەوەیەك ناكەن، منداڵی خاوەن پێداویستیی تایبەت چەندین لێژنە دەیبینێت، بێ ئەوەی هیچی بۆ بكرێت.»

وەكو چارەسەر ئەو پسپۆڕەی بواری پەروەردەی تایبەت گوتی: «پێویستە مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت دابمەزرێندرێن، چ بە هەمیشەیی، یان گرێبەست، یان بە وانەبێژ، پێویستیتیش دەكات كە سەرەتا خولی پراكتیكی ببینن، هاوكات بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی تایبەت لە ناو وەزارەتی پەروەردە پێویستە چالاك بكرێن و ئاسانكارییان بۆ بكرێت، تاوەكو بتوانن لەناو قوتابخانەكان هاوكاریی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و هەروەها هاوكاریی مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت بكەن.»

 

Top