وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕاستەوخۆ بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵییەكان دەگوازێتەوە
ئاژانسی فەرمیی دەنگوباسی عێراقی لە زاری وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق حەمید نایف بڵاوی كردەوە كە بە ئامانجی تەواوکاریی ئابووریی نێوان پارێزگاکانی عێراق، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق کار دەکات لەسەر گواستنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵییەكان لە نێوان پارێزگاکان بەجۆرێک بەرهەمەكانی هەولێر بگەنە پارێزگاکانی دیکە و بە هەمان شێوەش بۆ نموونە بەرهەمی بەسرە بگاتە هەرێمی كوردستان.
حەمید نایف ئەوەشی دووپات كردەوە كە هەرێمی کوردستان خاوەنی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی خۆیەتی و لە درێژەی قسەكانیشیدا گوتی: بە مەبەستی رێگریکردن لە بردنە دەرەوەی بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و پارێزگاکانی دیکەش، بڕیاردراوە ڕاستەوخۆ خۆی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی كوردستان بۆ پارێزگاکانی دیکە بگوازێتەوە نەک بەلایەن بازرگانەکانەوە.
شایانی باسە بە بەشداریی زیاتر لە ٥٠ کۆمپانیا لە سەرتاسەری عێراقو بەسەر پەرشتیی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پێشانگای ناوخۆیی لە هەولێر بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکانی هەرێم كرایەوە كە جگە لە بەرهەمە گشتییەكان هێلکە و گۆشتی مریشکیشی گرتەوە.