گریگۆری ئەفتاندیلیان پسپۆڕی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق پەرەسەندنێكی ئەرێنی بوو
گریگۆری ئەفتاندیلیان پسپۆڕی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایە، وانەبێژە لە سكووڵی پاردی بۆ دیراساتی جیهانی لە زانكۆی بۆستۆن. بۆ ماوەی پتر لە بیست ساڵ وەك شرۆڤەكاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئیدارەی ئەمریكا كاری كردووە، هەروەها ڕاوێژكاری سیاسەتی دەرەوەی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجومەنی پیران بووە. بۆ تاوتوێكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن، بەتایبەتی لە ئاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئایندەی پەیوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عێراق و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.
* لە ئێستادا ئەوەی لە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە هەوڵدەدات بۆ دووبارە زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، بەڵام ئاشكرایە كە بێ متمانەییەكی زۆریش لە نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریكادا هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ لە ڕێككەوتنەكە كشایە، لەگەڵ ئەوەشدا پێ دەچێت، بایدن سوور بێت لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆكان لەم بارەیەوە، ئایا دەكرێت هیچ هەنگاوێكی دروستكردنەوەی متمانە لە نێوان ئەم ووڵاتەدا بەدی دەكرێت؟
- من لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بكەم بە ئەگەری ئەوەی كە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن دەست بداتە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا بۆ مەبەستی لابردن و هەڵگرتنی هەندێ لەو سزایانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سەردەم و سەروەختی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندی، ئامانجی بایدنیش لەم كارە بریتی دەبێت لە كەمكردنەوەی دوژمنایەتیی نێوان ئەم دوو وڵاتە. هەرچۆنێك بێت، من پێم وانییە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن بیەوێت سەرجەم سزاكان هەڵبگرێت، بەر لەوەی ڕێككەوتنێك لە بارەی پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بێتەئاراوە، چونكە كاركردن بەم شێوازە دەبێتە هۆی ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان هەندێ كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی لە پرۆسەی گفتوگۆكاندا هەبێت.
* ئەگەر باس لە پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتی عێراق بكەین، ئەوا دەپرسین: ئایا بە تێڕوانینی ئێوە چ ئەگەرێك هەیە بۆ ئەوەی ئەم دوو وڵاتە برەو بە پەیوەندییەكی ستراتیژی و درێژخایەن، یان شەراكەتێكی بەهێز بدەن لە نێو خۆیاندا، بەتایبەتی كە دیالۆگی ستراتیژییان ئەنجام داوە، لەلایەكی دیكەوە ئایا باوەڕت وایە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییە لە عێراقدا هیچ كاریگەرییەكی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە هەبێت؟
- ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن، دەیەوێت عێراق ئارامی و ئاسایش بە خۆیەوە ببینێت و ئەم وڵاتە كەمتر تایەفەگەر بێت، لە هەمان كاتدا شەڕی پاشماوەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بكات و، كارێك بكات ئێران ڕۆڵێكی كەمتری لەو وڵاتەدا هەبێت. ئەوەی پەیوەست بێت بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئەم دواییەی عێراقەوە، ئەوا بە تێڕوانینی من ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنانە پەرەسەندنێكی ئەرێنی بوون (سەرەڕای كەمیی ڕێژەی بەشداریكردن)، لەبەر ئەوەی ئەو پارتانەی پەیوەست بوون بەو میلیشیایانەی كە ئێران پشتیوانی لێ دەكرن، ژمارەیەكی زۆری كورسییان لە پەرلەمان لە دەست دا. هەرچۆنێك بێت، دەبێت ئەوەش لە یاد نەكەین، ئابووریی عێراق لە كێشە و گرفتدایە و سەخاوەتمەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش سنووردارە.
* ئەوەی نكۆڵی لێ ناكرێت، ئەوەیە كە كێشە و ناكۆكیی فەلەستین و ئیسرائیل- كە ئێوەش لە یەكێك لە وەڵامەكانتاندا ئاماژەتان پێ كرد- پرسێكی گەورە و درێژخایەنە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تا ئێستاش سەرجەم هەوڵەكان بە ئاراستەی چارەسەركردنی سەركەوتنیان بەدەست نەهێناوە و بگرە نائومێدبوونیشیان لێ كەوتووەتەوە، ئێوە چۆن لە ئایندەی ئەم ناكۆكییە دەڕوانن؟
- لە ڕاستیدا ئەگەر ترووسكایی ئومێدێك مابێت لەم بارەیەوە ئەوەیە كە سەركردایەتییەكی نوێ لە هەر دوو لاوە دروست بێت و بێتەئاراوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلەوە، نەفتالی بێنێت، ئەوا ڕاستە ڕەفتار و هەڵوێستەكانی مایەی دروستكردنی دابەشبوون و دووبەرەكی نین بە چەشنی بنیامین نەتانیاهۆ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كەسێكی سەر بە باڵی ڕاستڕەوەكانە و گومان دەكرێت لەوەی پشتیوانی لەو چارەسەرە بكات كە هێنانەئارای دوو دەوڵەت لە خۆدەگرێت. هەر كاتێك گانتز ببێتە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، ئەوا جۆرێك لە ئومێد دروست دەبێت بۆ ئەوەی بگاتە جۆرێك لە ڕێككەوتن لەگەڵ فەلەستینییەكاندا. ئەوەی پەیوەست بێت بە لایەنی فەلەستینییەوە، ئەوا من باوەڕم وایە كە پێویستە مەحموود عەباس دەست لە كار بكێشێتەوە، بۆ ئەوەی زەمینەخۆش بكات تاوەكو سەركردایەتییەكی نوێ دەسەڵاتی فەلەستینی بگرێتەدەست. كەواتە ئەگەر سەركردایەتیی پراگماتیی جێی مەحموود عەباس بگرێتەوە، ئەوا ڕەنگە ئومێدێك دروست بێت. لەبەر ئەوە ئەگەر بێت و ئەم دوو پەرەسەندنە ڕووبدات، ئەوا بۆی هەیە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن دەست بە هەوڵەكانی بكاتەوە بۆ خستنەوەگەڕی پرۆسەی ئاشتی، كە لە ئێستادا و لە سایەی ئەو بارودۆخەی لە ئارادایە، كارێكی لەم شێوەیە ئەنجام نادات، یان با بڵێین هەنگاوێكی لەم چەشنە هەڵناگرێت.
* سەبارەت بە پەیوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، بەتایبەتی وڵاتە عەرەبییەكاندا، ئەوا وەك ئاشكرایە لاتان كە ساڵێك زیاترە ڕێككەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی عەرەبی بە تایبەتی لە ناوچەی كەنداودا واژۆ كراون، كە زۆر كەس پێیان وایە ئەم ڕێككەوتنانە درێژخایەنن و گۆڕانكاری و پەرەسەندنێكی ئەرێنین، تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
- ئەوە ڕاستە كە ئەم ڕێككەوتنانە، یان ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتی ئیسرائیل و هەندێ لە وڵاتە عەرەبییەكان بوونەتە هۆی برەودان و بووژاندنەوەی بازرگانی لە نێوان ئەم وڵاتانەدا، لە هەمان كاتدا و ئەوەی جێی سەرنجە لەم ڕووەوە ئەوەیە كە ئەم ڕێككەوتنانە مامەڵە و كارلێكی لە نێوان گەلەكانیشیاندا دروست كردووە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا پەرەسەندنێكی ئەرێنییە. لەلایەكی دیكەوە ئەم ڕێككەوتننانەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییانە هیچ دەرئەنجامێكی ئەوتۆیان لێ نەكەوتووەتەوە لە پەیوەندی بە چارەسەركردن، یان بەرەوپێشبردنی پرسی فەلەستین-ئیسرائیل.
* كێشە، یان پەرەسەندنێكی دیكە كە لەم دواییەدا هاتەئاراوە، بریتی بوو لەو بارودۆخەی ئەفغانستان، بەتایبەتی لە دوای ئەوەی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی لەو وڵاتەدا دەركرد، ئەم بڕیارەش ڕەخنەیەكی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، دوای تێپەڕبوونی ئەم ماوەیە چۆن لەو بڕیارە دەڕوانیت و ئایا پێت وایە ئەم ئیدارەیە لە هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕە بێكۆتاییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام دەبێت؟
- ئێمە دەبێت ئەو ڕاستییە نادیدە نەگرین، كە خودی جۆ بایدن بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بەرهەڵستی «شەڕە بێكۆتاییەكان» بووە، لەبەر ئەوە بڕیارەكەی لەم ڕووەوە مایەی سەرسوڕمان نییە، بەڵام هەرچۆنێك بێت سەركەوتنی خێرای بزووتنەوەی تاڵیبان و داڕووخانی حكومەت و سوپای ئەفغانی بەو خێراییە مایەی سەرسوڕمان بوو و لە ڕووی سیاسییەوە زیانی بە جۆ بایدن گەیاند.
* لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە لەلایەن تاڵیبانەوە گوزارشت لە نیگەرانییەكی زۆر كرا كە دووبارە ئەو وڵاتە دەبێتەوە مۆڵگەی پێگەیاندن و مەشقكردن بە تیرۆریستان و دەبێتە بنكەیەك بۆ پلاندانان بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتان، بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، واتە ڕێكخراوەكانی وەك داعش و ئەلقاعیدە جارێكی دیكە خۆیان ڕێكدەخەنەوە لەو وڵاتەدا، ئایا تا چەند ئەم نیگەرانییانە لە جێی خۆیاندا بوون؟
- لە ڕاستیدا ئەمانە نیگەرانی ڕەوا بوون كە گوزارشتیان لێ كرا، بەڵام ئەگەر ئێمە بمانەوێت حوكم بدەین لەسەر ئەو ماوەیەی كە بزووتنەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتووەتەدەست، ئەوا پێ دەچێت تاڵیبان بیەوێت ئارامی و ئاسایش لە وڵاتەكەدا بێنێتەئاراوە و دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێت و شەرعیەتی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت. ئەمەش بەو مانایە دێت كە ئەلقاعیدە ناگرێتەخۆی، بەلای كەمەوە لە ئێستادا.
* كەواتە دەكرێت لەم ڕووەوە بڵێین شەڕی ئەفغانستان كۆتایی هاتووە، بە واتایەكی دیكە دەكرێت بڵێین جارێكی دیكە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناچار نابێت دەستێوەردان بكاتەوە لەو وڵاتەدا و دووبارە لە ڕووی سەربازییەوە تێوەبگلێت؟
- ئەم مەسەلەیە پتر بەندە بەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئافرەتان و كەمینەكاندا دەكات و، چۆن ڕێگری لە داعش دەكات. هەرچەندە ڕەنگە ڕێگریكردن لە داعش پەرەسەندنێكی ئەرێنی بێت، بەڵام زەحمەتە بتوانین وێنای ئەوە بكەین كە بزووتنەوەی تاڵیبان مافی یەكسان بە ئافرەتان و كەمینەكان دەدات. لەم ڕووەوە پێ ناچێت بەم زووانە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئەفغانستان گەرموگوڕی تێ بكەوێت.