د. فازڵ نەبی: تا كۆتایی ئەمساڵ 200 ملیار دینارەكەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت
ئابووریی هەرێمی كوردستان بە دامەزراندنی كارگە و پڕۆژە كشتوكاڵییەكان دەبووژێتەوە، تەنانەت لە بواری پیشەسازیی نەوت و بەرهەمهێنانی سووتەمەنییەكانی وەكو نەوتی سپی و بەنزین و غازدا بە خاڵی گرنگی بەهێزبوونی ئابووریی كوردستان دادەنرێت، ئەمە قسەی دكتۆر فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق و شارەزا و پسپۆڕی دارایی و ئابوورییە كە لە میانی دیدارێكی لەگەڵ هەفتەنامەی(گوڵان)دا جەختی لەوەش كردەوە، كە پرسەكانی كۆكردنەوەی داهات و چۆنیەتیی كۆنتڕۆڵكردنی بابەتێكی زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەهەدەردانی داهات بكرێت، خۆشبەختانە حكومەت لە پرۆسەی چاكسازیدا كاری لەسەر كۆنتڕۆڵكردنی داهاتەكان كردووە، واتە دوای دەرچوونی یاسای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان حكومەت لەسەر زۆر ڕووی خەرجییەكانەوە چاكسازی ئەنجام داوە
سەبارەت بە و بڕە پارەیەی كە مانگانە بەغدا بۆ هەولێری دەنێرێت،دكتۆر فازڵ نەبی ئاماژەی بەوە كرد كە حكومەتی هەرێم تەنیا ئیشكالیاتی لەگەڵ بەردەوامیی ئەو 200 ملیار دینارە دەبێت كە بە داخەوە مافێكی زۆر زۆر كەمی هەرێمی كوردستانە، لەمەشدا من پێم وایە تا كۆتایی ئەمساڵ 100% ئەو 200 ملیار دینارەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان دێت و تا پێكهێنانی حكومەتی عێراقیش بەردەوام دەبێت، ئەمەش لەبەر یەك هۆكاری سەرەكی، چونكە لایەنە سیاسییەكانی بەغدا نایانەوێت كێشە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروست بێت و، هەموویان چاویان لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە هاوپەیمانێتییان لەگەڵ بكەن