((ستیڤان لۆڤین لە بیست و شەشەمین لووتكەی كەشوهەوای نێودەوڵەتیدا: شەرمە بۆ وڵاتانی دەوڵەمەند..!

((ستیڤان لۆڤین لە بیست و شەشەمین لووتكەی كەشوهەوای نێودەوڵەتیدا: شەرمە بۆ وڵاتانی دەوڵەمەند..!


پاشنیوەڕۆی دووشەمە لە شاری گلاسكۆی سكۆتلاندە، پرێسكۆنفرانسێك بۆ(ستیڤان لۆڤین)ی سەرۆك وەزیرانی سوید سازدرا، تێیدا لۆڤین ڕایگەیاند كە لەو قەناعەتەیدایە كە هێشتا بۆ ڕێككەوتن لە نێوان دەوڵەتانی هاوبەش لەسەر هاریكاری كردنی یەكتر لە كەمكردنەوەی تێكچوونەكانی كەشوهەوا بوارێك ماوە، هەروەها وتی ((لە پاش تێكچوونی دۆخی كەشوهەواو ژینگە، جیهان ناچارە هەندێك لە بەرژەوەندیە تەسكەكانی خۆی دابەزێت، شەرمە بۆ وڵاتانی دەوڵەمەند ئەگەر لەو پەیمان و بەڵێنانەی خۆیان پەشیمان ببنەوە و لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەرمبوونی كەشوهەوای سەر گۆی زەویدا هاریكاری وڵاتانی هەژار نەكەن. ))
ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی كەشوهەوای سەر گۆی زەوی، بێگومان پێشتر بەم شێوەیەی ئێستا نەبووە، سەردەمانێك پلەی گەرمی لەسەر گۆی زەوی زۆر دابەزیوە و چاخی بەستەڵەك دروست بووە،
كەچی ئێستا بە بەردەوامی پلەی گەرما لە بەرزبوونەوەدایە، تەنانەت چیا بەستەڵەكبووەكان دەتوێنەوە، لە پاش ساڵانی پەنجاكانەوە كە شۆڕشی پیشەسازی لە دنیادا پەرەی سەندووە، ساڵ لە دوای ساڵ زەوی بەرەو خنكانی زیاتر دەچێت، ئەویش بە هۆی پەستان و بەرزبوونەوەی گەرماوە، هەر لەبەر ئەوەشە لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە، ئەم لوتكەی كەشوهەوایە لەسەر ئاستی سەركردەكانی جیهان ساڵانە بۆ وڵاتانی جیهان ساز دەكرێت، بەو ئامانجەی وڵاتانی دنیا پێكەوە ڕووبەڕووی ئەم گۆڕانكارییەی خراپەی كەشوهەوا ببنەوە كە بە هۆی چالاكیەكانی مرۆڤ خۆیەوە دروست دەبێت، نەك بە هۆی بارودۆخە سروشتیەكانی سەر زەوییەوە، ئیتر ساڵانە ئەم لووتكەیە سازدەكرێت.
گەرچی پارساڵ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە دوا خرا، بەڵام ئەمساڵ لە سكۆتلەند بە ئامادە بوونی 120 سەرۆكی دەوڵەتان سازكرایەوە، ئەم كۆنگرەیە چوار ئامانجی سەرەكی هەبوو، یەكەمینیان بە سفركردنی یان كەمكردنەوەی تیشك و گازە زیانبەخشەكانە، دووەمیان پاراستنی سیستمی ژینگەیی ناو كۆمەڵگا مرۆییەكانە ئەویش بە دامەزراندنی ژێرخانێك بۆ ئەگەری ڕوودانی سیناریۆ هەمەجۆرەكانی كە بە هۆی گۆڕانی كەشوهەواوە دروست دەبن، سێیەمینیان چۆنیەتی هاریكاری پێشكەشكردنە بۆ دەوڵەتانی هەژارنشین لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوای سەر گۆی زەویدا، چوارەمینیان بە هەرەوەزی كاركردنی بەردەوامی هەموو دەوڵەتانی دنیایە پێكەوە، چونكە زیانەكانی گۆڕانی كەشوهەوا تەنگ بە هەمووان هەڵدەچنێت، كۆنگرەی ئەمساڵ كە لە گلاسكۆ سازدرا دوێنێ دەستی بە كارەكانی كرد و تا 12ی ئەم مانگە درێژەی دەبێت، ئەویش بە مەبەستی زیاتر جەختكردنەوە لە (ڕێككەوتنامەكەی پاریس) و كۆبنهاگن كە تێیدا ئاماژە درا بوون بە كۆكردنەوەی زیاتر لە ملیارێك دۆلار لە نێوان وڵاتانی دەوڵەمەندا بۆ كەمكردنەوەی ئەو ڕیسك و گرفتانەی بە هۆی گۆڕانی كەشوهەوا دروست دەبن، بەڵام وڵاتان زۆر كەمتریان لەو ڕێژەیە پێ كۆكراوەتەوە، وڵاتی سوید بە پێشەنگی ئەو وڵاتانە دێت كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم كێشە جیهانیە زۆرترین هاوكاری پێشكەش دەكات، هەر بۆیە سەرۆك وەزیرانی سوید فشار بۆ دەوڵەتانی دەوڵەمەند دەهێنێت كە ئەوانیش وەك سوید دەسپێشكەر بن و خاوەنی ئەو بەڵێنانە بن كە لە كۆنگرەكانی ساڵانی پێشوو دابوویان.
ئەوەی دوێنێ جێی نیگەرانی ناو كۆنگرەكە بوو ئامادەنەبوونی دوو دەوڵەتی زلهێزی وەك ڕووسیا و چین بوو كە بە پلەی یەكەم و دووەمی پیسكەرانی ژینگەی جیهانی دادەنرێن

Top