سكۆتلەندا... بایدن و ئەردۆغان  لە لووتکەی کەشوهەوا كۆدەبنەوە

سكۆتلەندا... بایدن و ئەردۆغان  لە لووتکەی کەشوهەوا كۆدەبنەوە

 

جەیک سولەیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری پەیامنێرو میدیاكاران ڕایگەیاند، پێشبینی دەكرێت لە سەروبەندی لووتکەی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان لە گلاسکۆی سكۆتلەندا هەریەکە لەجۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببنەوە، لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بابەتی دۆسێی فڕۆكەی  F35 بكەن.

لە درێژەی ئەم هەواڵەو زانیاریی زیاتر سەبارەت بە ناوەڕۆك و مژارەكان، مەولوود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕوونی كردەوە، كە ئەردۆغان لەگەڵ جۆ بایدن ئاماژە بەوە دەكات کە حکومەتی ئەمریکا بەڵێنی ساڵی ٢٠١٩ی تایبەت بە دوورکەوتنەوەی گەریلاکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە سنووری تورکیای بە دووریی ٣٠ کیلۆمەتر جێبەجێ نەکردووە.

جێی باسە چاوەڕوان دەكرێت کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ڕۆژی ٣١ی ئەم مانگە لە شاری گلاسکۆی سکۆتلەندا دەست پێ بکات و تا ڕۆژی ١٢ی مانگی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.

Top