مەسرور بارزانی: هیچ مووچەیەك پاشەكەوت نەكراوە لەم كابینەیە

مەسرور بارزانی: هیچ مووچەیەك پاشەكەوت نەكراوە لەم كابینەیە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە لەم کابینەیە هیچ مووچەیەك پاشەكەوت نەكراوە و دەشڵێت: "ئەوەی پێشتریش پاشەكەوت كراوە كەس نەیگوتووە مافی هاووڵاتییان و مووچەخۆران دەخورێت، با واز لە عاتیفە بهێنین".

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە دیداری ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI - مێری) کرد و رایگەیاند: "لە حكوومەتی ئێمە هیچ مووچەیەك پاشەكەوت نەكراوە لەم كابینەیە، ئەوەی پێشتریش پاشەكەوت كراوە كەس نەیگوتووە مافی هاووڵاتییان و مووچەخۆران دەخورێت. با واز لە عاتیفە بهێنین، حكوومەت چەند پارەی هەیە و دەتوانیت چەند پارە بداتەوە؟ هیوادارم لە دەسەڵاتی بەغدا ئەم پرسیارە بكرێت، لە 2014 تا 2017 حكوومەتی عێراق هیچ پارەیەكی بۆ كوردستان نەنارد و حكوومەتی هەرێم ناچار بوو قەرز لەو كۆمپانیایانە بكات كە نەوت لە هەرێمی كوردستان دەكڕن".

گوتیشی: "من داوا دەكەم هەموومان داوای مافی خۆمان لە بەغدا بكەین كە ئەو مووچانەی پاشەكەوت كراون یان نەدراون، حكوومەتی بەغدا ناچار بكرێت ئەو پارەیە بۆ مووچەخۆران بگەڕێنێتەوە. ئەوەی پێمانكراوە كردوومانە. بەهیچ شێوەیەك بەرنامەی حكوومەت نەبووە پارەی مووچەخۆران نەدات".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: "ئێمە ملیۆنێك و نزیكەی 200 هەزار مووچەخۆرمان هەیە، چەند هاووڵاتیمان هەیە؟ شەش بۆ حەوت ملیۆن هاووڵاتی بە ناوچە دابڕێندراوەكانیشەوە هەن، ئایا حكوومەت تەنیا حكوومەتی مووچەخۆرە یان هەموو هاووڵاتییانە؟ ئایا ئەوانەی مووچەخۆر نین مافی ئەوەیان نییە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكانیان بۆ دابین بكرێت؟ ناتوانین پێنج ملیۆن كەس بكەینە قوربانی ملیۆنێك مووچەخۆر؟ لە هەمان كاتدا ئەولەویەتمان بە مووچە داوە، ئەركی حكوومەتە مووچە بدات، بەڵام مافی مووچەخۆران لە لایەن حكوومەتی فیدرالەوە راگیراوە و نەدراوە، لە لایەكی دیكەشەوە كاری حكوومەتە مافی هەموو هاووڵاتییان بدات بە مووچەخۆر و نامووچەخۆریشەوە".

Top