سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دیالە دەکات.
شەوی سێشەممە 26-10-2021، ژمارەیەک چەکداری داعش تەقەیان لە خەڵکی گوندی رەشاد لە شارۆچکەی میقدادیە لە پارێزگای دیالە کرد و بەهۆیەوە بەپێی دوایین زانیاری، 14 هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و 15ـی دیکە بریندار بوون.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە: هێشتا داعش هەڕەشەیە لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیان لە ناوچەکە.
مەسرور بارزانی وێڕای ”بە توندی“ سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە تیرۆریستییە، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان کردووە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها جەختی لە پێویستیی وەڵامێکی بە کۆمەڵ و هەرێمی بۆ هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش کردووەتەوە.