هاووڵاتیان لە گرانیی نرخی چارەسەرییەكانی نەخۆشخانە ئەهلییەكان نیگەرانن

هاووڵاتیان لە گرانیی نرخی چارەسەرییەكانی نەخۆشخانە ئەهلییەكان نیگەرانن

 

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەی نەخۆشخانە ئەهلییەكان لە هەرێمی كوردستان بە ڕێژیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بەشێكی هاووڵاتیانی جەخت لەوە دەكەنەوە، نەخۆشخانە حكوومییەكان باشترن و ئەو نەخۆشخانە تایبەتانە بە بێ سانسۆر و چاودێری كار دەكەن. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان زیاتر ئەو بابەتە تاوتوێ دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«پێشتر زۆرم لە بارەی گرانیی نرخی پشكنین و دەرمان لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان گوێ لێ ببوو، بەڵام زۆر كاریگەر نەبوو لام، تا ئەو كاتەی براكەم گرێیەك لە سەری پەیدا بوو، دكتۆر داوای چەند فەحسێكی كرد، چووینە خەستەخانەی حكوومی، گوتیان ئەو فەحسانە تەنیا لە نەخۆشخانەی رزگاری دەكرێت و پێویستە سڕەی بۆ دابنرێت، ئێمەش لەبەر ئەوەی دكتۆرەكە پێی ڕاگەیاندبووین كە ئەو گرێیە گومانی پیسبوونی لێ دەكرێت، بە پەلە چووین بۆ نەخۆشخانەیەكی ئەهلیـ دوای یەكەم فەحس هەر لەوی گوتیان دەبێ ئەشیعەی رەنین و كومەڵێ فەحس و زەرعی بە پەلەی بۆ بكەن، ئەوانیشمان هەر لەوێ كرد، ئەمجارە چەندین فەحسی دیكەیان پێ كردینەوە، جگە لە پارەی زەرع، پارەی دكتۆرەكە بە جیا وەردەگیرا كە مۆخەكەی دەردەهێنا، پارەی موختەبەریش بە جیا، خوا ئاگادارە نزیكەی دوو هەفتە لەم نەخۆشخانەیە ئەم سەر و ئەو سەریان پێ كردین، دەرەقەتی ئەو هەموو قەرزە نەهاتین، براكەم ئوتۆمبیلەكەی نارد، بۆیان فرۆشت، ئاخیر جار كە هیچ فەحسێك نەما بیكەن، گوتیان نەخۆشییەكەی عایدی ئێمە نییە، عایدی نەخۆشخانەی نانەكەلییە و بیبەن بۆ ئەوێ، لە كاتێكدا ئەوان دەیانزانی كە براكەم چەند دەستكورت و نەدارە، ئەوان هەر زوو دەیانزانی ئەو دەردەیەتی و عایدی ئەوان نییە، كە چووینەوە نانەكەلی هەموو فەحسەكانیان دووبارە كردەوە، تەنانەت زەرعی مۆخیشیان بۆ كردەوە بەڵام هەمووی بە خۆڕایی.» ئەوە وتەكانی ژیان فەتحوڵا بوو كە مامۆستایە لە پەروەردەی دەشتی هەولێر، وەك دواوتەشی گوتی: «داواكارم وەزارەتی تەندروستی سنوورێك بۆ ئەو نەخۆشخانە ئەهلییانە دابنێت، چونكە پاراستنی گیانی نەخۆش لە ئەستۆی ئەواندایە».

هاووڵاتی سمكۆ عەونی، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «بەداخەوە كەرتی گشتی تەندروستی شكستی هیناوە و كەرتی تایبەتیش لەم نێوەندەدا سوودی وەرگرتووە، بۆیە گرنگ و پێویستە حكومەت و وەزارەتی تەندروستی هەوڵ بۆ پێشخستنی كەرتی گشتی بدەن و چاودێری زیاتری كەرتی تایبەت بكەن، من خەڵك دەناسم بۆ چارەسەركردنی نەخۆشەكانیان خانوویان فرۆشتووە، یان قەرزی زۆریان كردووە و كەوتوونەتە سەر ساجی عەلی، لەم كوردستانە بیمەی تەندروستی نییە، وەزعی تەندروستی باش نییە، لێرە ئەوەی نەخۆشێكی هەبێت، تووشی ماڵوێرانی دەبێت، جگە لەوەی گرانیی چارەسەرییەكان كاریگەریی خراپ لە سەر دەروونی نەخۆش دروست دەكات و پاشەكشە بە چاكبوونەوەی دەكات. چارەسەر و مانەوەی تەنیا یەك شەو لەم نەخۆشخانانە لە داهاتی یەك مانگی زۆرینەی خەڵك زیاترە».

د. رێبین شێخ عەزیز بەرزنجی پزیشكی ددان وبەڕێوبەری بەشی كاروباری هونەری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «تاوەكو ئێستا نەبوونی چاودێری بە سەر نەخۆشخانە ئەهلییەكان بووەتە سەرچاوەی كێشە بۆ ئەو كەسانەی كاریان دەكەوێتە نەخۆشخانە ئەهلییەكان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ڕۆڵی چاودێریی پێویست لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و لاوازیی كاری سەندیكا پەیوەندیدارەكان بە بواری پزیشكی و تەندروستی.» هاوكات گوتی: «یەكێك لە كێشە گەورەكان تاوەكو ئێستا بریتییە لە نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە نەخۆشخانە تایبەتەكان و كەرتی تایبەت. لە حاڵەتی نەبوونی یاسایەكی لەوجۆرە دەبوایە وەزارەتی تەندروستی و دام و دەزگاكانی كاریان بە یاسا فیدڕاڵییەكانی تایبەت بە نەخۆشخانە ئەهلییەكان كردبا، بەتایبەت یاسای ژمارە ٢٥ ی نەخۆشخانە ئەهلییەكانی ساڵی ١٩٨٤، كە بەرژەوەندی و مافی نەخۆشی تێدا پارێزراوە. لەلایەكی دیكەشەوە تەواوی سەندیكاكان لاوازن بە هۆی كۆنیی یاساكانیان و دانانی خەڵكانێك بە دامەزراندن بە بێ پرۆسەی هەڵبژاردن و بەستنی كۆنگرە و ڕێكخستنەوەی یاساكانیان، سەرباری هەبوونی ململانێی سیاسیی حزبەكان لەناو سەندیكاكاندا كە وای كردووە، ئاوڕێك لە پاراستنی مافەكانی نەخۆش نەدەنەوە و پشتگوێی بخەن.» گوتیشی: «ئومێدمان وایە لە كابینەی نۆیەمی حكومەت ئەم بابەتە بە جددی هەوڵی چارەسەری بۆ بدرێت و سنوورێك بۆ ئەم هەموو پێشێلكارییانە دابنرێت دەرهەق بە مافی نەخۆش، ئەویش بە دانانی یاسایەكی شیاو بۆ كاری نەخۆشخانە ئەهلییەكان و كاراكردنەوەی سەندیكا پزیشكییەكان بە هەڵبژاردن و بەستنی كۆنگرەكانیان و هەمواركردنەوەی یاساكانیان بە ئاراستەی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و پاراستنی مافی نەخۆش».

د. دلۆڤان محەمەد فاتح بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر سەبارەت بە نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەكان و بەدواداچوونەكانیان دەڵێت: «لەو بارەیەوە ئەو زانیارییانەی لای من هەبێت، ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی لیژنەی تایبەتمان لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان هەیە، هەروەها بەشی پشكنین و بەدواداچوونمان هەیە، هاوكات تیممان هەیە سەردانی ئەو نەخۆشخانانە دەكەن بۆ چاودێریی نرخەكان و بەدواداچوونی هەر سكاڵایەك دەكەن كە نەخۆش پێشكەشی بكات، هەروەها لە وەزارەتی تەندروستیش لیژنەیەكی باڵا هەیە بۆ پێداچوونەوە و بەدواداچوونەكان لە سكاڵای نەخۆش لەبارەی نرخەكان بێت یان خزمەتگوزارییەكانی نەخۆشخانە ئەهلییەكان، لیژنەیەكی دیكەمان لە وەزارەتی تەندروستی هەیە، بۆ پێداچوونەوە بە یاسایەك بە مەبەستی ئامادەكردنی یاسایەك بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەكان كە نرخیان بۆ دیاری بكرێت، هەروەها چۆنیەتی كاركردنی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی لەو نەخۆشخانە ئەهلییانە، دەتوانین بڵێین بەشێك لە نەخۆشخانە تایبەتەكان پابەندن بە ڕێنماییەكان، ئێمەش لە بەدواداچوونەكانمان بەردەوام دەبین و لیژنەكان لێپێچینەوە لەو نەخۆشخانانە دەكەن كە خزمەتگوزارییان باش نییە، یان نرخی چارەسەرییان جێگیر نییە.

 

Top