د. شاخەوان عەبدوڵا بەربژێری دەرچووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووك بۆ گوڵان: سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكان بۆ متمانەی بەهێزی كوردستانیان و كەركووكییەكان بە سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە
د. شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لێژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و بەربژێری دەرچووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، سەبارەت بە پرسی سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق و، چەند بابەتێكی پەیوەندار بە پرسی كەركووك، لەم دیمانەیەدا وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
* لەم هەڵبژاردنەدا پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد، ئایا تاچەند ئەم سەركەوتنە ئەرك و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان زیاتر دەكات؟
-پارتی دیموكراتی كوردستان جگە لەوەی پارتێكی سیاسییە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، هاوكات خاوەن قەزییەكی نەتەوەیی و نیشتمانییشە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە دروستبوونیەوە لە ساڵی 1946 بەو ئامانجە دروست بووە، كە تەواوی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كوردستانیان كە پێشێل كراون بەدەستیان بهێنێتەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی بە درێژایی تەمەنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی كوردستان بە ڕابەرایەتیی سیمبولی نەتەوەیی مەلا مستەفا بارزانی، پارتی قوربانییەكی زۆری داوە لە پێناو پاراستنی ژیانێكی شایستە و پڕ كەرامەت و شكۆی كورد و كوردستانییان، پارتی ڕەمزی موقاوەمەیە و بەرگریكارێكی سەرسەختی قەزییەی كوردی بووە، لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش خاوەنی دیپلۆماسییەت و پێگەیەكی سیاسیی بەهێزە، ئەو پێگە بەهێزەشی لە پێناو نەتەوەكەیدا بەكار هێناوە، هەر كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێز بووبێت، دەستكەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان بەدەستهاتووە و، بەهێزبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێزیی گەلی كوردیش بووە، بۆیە هیچ كاتێك پارتی و جەماوەرە نیشتمانپەروەر و دڵسۆزەكەی، لە گۆڕەپانی سیاسیدا لێك جیا ناكرێنەوە، لە ڕۆژە سەختەكانیشدا بەرپرسیارێتیی مێژوویی هەبووە و، بەرامبەر قەزییەی میللەتەكەی سازشی نەكردووە، لەم پێناوەدا دەریایەك لە خوێن و قوربانی پێشكەش كردووە.
سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا، بەتایبەتی لە كەركووك و شنگال و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سەلمێنەری ئەوەن كە گەلی كوردستان متمانەیەكی زۆریان بە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، هەرچەندە من پێم وایە ئەم دەنگانەش دەنگی ڕاستەقینەی پارتی دیموكراتی كوردستان نەبووە و، دەكرا پارتی دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت، چونكە ئێمە تەنیا لەماوەی یەك مانگدا بەبێ بوونی بارەگا و كادیرەكانمان، ئەو بانگەشەیەمان دەست پێ كرد و تەنانەت لە هەندێك ناوچە ڕێگایان نەدا بانگەشەی هەڵبژاردنیش بكەین، كادیر و ئەندامانمان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبوونەوە، لەم تێڕوانینەوە خەڵكی دەنگی بە سەرۆك بارزانی و بەربژێرەكانی ئەو داوە، دەنگدانی زۆری خەڵكی كەركووك بە پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتی دەخاتە بەردەم ئەرك و بەرپرسیارێتییەكی گەورەتر و مێژووییەوە، خەڵكی كوردستان ئەو ڕاستییە باش دەزانن كە پەرلەمانتار و نوێنەرەكانی سەرۆك بارزانی و پارتی لە پەرلەمانی عێراق، تا چەند پابەندن بە دیسپلینی كاری نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، لە دوای هەڵبژاردنەكانیش سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا جەختی لەسەر ڕۆڵ و هەڵوێستی خۆڕاگرانە و دڵسۆزانەی كەركووكییەكان و ناوچە كوردستانییەكان كردەوە و، ڕێزدار مسرور بارزانی ڕاستەوخۆ لە دوای هەڵبژاردنەكە پیرۆزبایی لە خەڵكی كەركووك كرد، تەنانەت پێش هەڵبژاردن ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی و ڕێزدار مسرور بارزانی بەردەوام لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی كەركووك بوون و، پرسی كەركووك لای ئەوان قەزییە بووە و، بۆ یەك ڕۆژیش لە هزری ئەواندا كەركووك لەیاد نەچووە و، لە نزیكەوە خۆیان بە بەرگریكار و دڵسۆزی كەركووكییەكان زانیوە، لەهەوڵیشدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، ئومێدەوارم ئەم هەڵبژاردنە ببێتە خێر و خۆشی و بەرهەمی باشی بۆ كوردستانیان بەگشتی و كەركووكییەكان بەتایبەتی هەبێت.
* پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پرسی كەركووك هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی هەبووە و نەچووەتە ژێر باری هیچ فشار و هەڕەشەیەكیشەوە، هاوكات كاری بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك كردووە، ئایا لە دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگێكی زۆری لەو پارێزگایە بەدەست هێنا، ئومێد هەیە بارودۆخی شارەكە ئاسایی ببێتەوە؟
- چەندە پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان دوور بێت، ئەوەندە ئەو ناوچانە زیاتر دەكەونە بەر هەڕەشەو نائارامیی زیاتر، جەنابی مەلا مستەفا بارزانی لەپێناو كەركووك و مافی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستانیان قوربانییەكی زۆری دا و ئامادە نەبوو سازش لەسەر كوردستانییەتی ئەم شارە بكات و، مێژووی دوورونزیكی پارتی شایەتی ئەم هەقیقەتەن، ئەم دڵسۆزییەی مەلا مستەفا بارزانی و جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ كەركووك لای كەركووكییەكان بەرز و پیرۆزە و، خەڵك پێزانینی بۆ ئەم هەڵوێستە مێژووییە نەگۆڕە هەیە. پارتی دیموكراتی كوردستان لای دۆست و دوژمن ڕوونە، كە چۆن ڕووبەڕووی هەڕەشەكانی تەعریب و پرۆسەی ڕاگواستن و سڕینەوەی ناسنامەی كوردستانییانەی شاری كەركووك و هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتەوە.
* لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر كەركووك كەوتووەتە ژێر بارودۆخێكی ناسرووشتی و نائاساییەوە و چەندین گرووپی چەكدار لەم پارێزگایە و لە تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دیكە هەن، ئایا وەك ئەندامێكی لێژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك چۆن دەڕوانیتە بارودۆخی شارەكە؟
- لە كوێ پارتی دیموكراتی كوردستان هەبێت، ئارامی و ئاسایش هەیە، ئەم ڕاستییە لە ئێستادا لای هەموو كوردستانییەكی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی ماددەی 140ی دەستوور ڕوون و ئاشكرایە، بەپێچەوانەوە لە غیابی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ژیان و سەروماڵی خەڵكی دەكەوێتە دەست قەدەرێكی نادیار و ئەگەرێكی پڕ مەترسییەوە، ئەوەتا لەو سەردەمەی پارتی دیموكراتی كوردستان و بارەگاكانی و پێشمەرگەكانی بارزانی لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان دوورن، بزانە چەند خێزانی كورد كۆچیان كردووە، بە دەیان گەنج و خەڵكی سڤیلی ئەم ناوچانە بوونەتە قوربانیی كاری تیرۆریستی، بارزانی و پارتی ئەو هێزەیە كە دەتوانێت باڵانسی زۆر شت ڕابگرێت و ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بگەڕێنێتەوە.