لەساڵڕۆژی تەندروستیی دەروونیدا هۆشداریی لە هەڵكشانی ڕێژەی تووشبوونی خانمان دەدرێت
ڕۆژی 10ی ئۆكتۆبەر بە ڕۆژی جیهانیی تەندروستیی دەروونی دیاری كراوە و، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ساڵانە ئەو یادە دەكاتەوە، وەك دەرفەتێك بۆ هۆشیاربوونەوەی تاك لە پاراستنی تەندروستیی دەروونی، پێگەی ئەلیكترۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان هێما بۆ ئەوە دەكات كە نزیكەی یەك ملیار كەس لە سەرانسەری جیهاندا بە جۆرێك لە جۆرەكان گیرۆدەی پەشێوی عەقڵی دەبن و، لە هەر 40 چركەیەك كەسێك بە هۆی پەنابردن بۆ خۆكوشتن گیان لە دەست دەدات، هاوكات خەمۆكیی بە هۆكاری سەرەكیی تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەكان ناو دەبات، هەڵكشانی ڕێژەی تووشبوونی خانمانیش بە نەخۆشییەكانی دەروونی بووەتە باسی سەرباسان و لەم ڕاپۆرتەی گوڤاری (گوڵان) پتر تاونوێی ئەو پرسە دەكەین.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سەرەتا دكتۆر ئازاد مەنتك پزیشكی پسپۆڕیی هەناو، باسی ئەوە دەكات كە: «لە ئێستادا بە هۆی بوونی پەتا و نەخۆشیی كۆرۆنا هەم ژمارەی نەخۆشییە دەروونییەكان ڕوو لە زیادبوون بووە، هەم بەدواداچوونی نەخۆشییە دەروونییەكان وەكو پێویست نەبووە.»
وەك ئەو كەسایەتییە ئەكادیمییە باسی كرد، «ئێستا لە جیهاندا هەر كەس و لە هەر جێگایەك بێت، ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشیی دەروونی هەیە.» گوتیشی: «نزیكەی (٥٪)ی خەڵكی باڵغ و پێگەیشتوو نەخۆشیی خەمۆكی هەیە، لە نێوانە تەمەنی (١٠ - ١٩) ساڵی (١/٧)یان نەخۆشییەكی دەروونییان هەیە، ئەوانەی نەخۆشیی (شكستە خۆیی = شیزۆفرینیا)یان هەیە، ئەوانەی تەمەنیان بە (10 - 20)ساڵ لە كەسێكی هاوكووفی خۆیان كەمترە. لە هەر 100 مردن یەكێكیان بە هۆی خۆكوژی و بە هۆی خراپیی (باری دەروونی) دەبێت، بەجۆرێك لە گەنجان (١٥ - ٢٩) ساڵی چوارەم هۆكاری مردن خۆكوژییە بە هۆی نەخۆشییە دەروونییەكان.»
دكتۆر ئازاد مەنتك، ئەوەش دەخاتەڕوو كە: «گرفتی نەخۆشیی دەروونی ئەوەیە كە تێچوونی یەكجار زۆرە.»لە هەموو وڵاتان بڕێكی كەمی بودجە واتە تەنیا (٢٪)ی بۆ تەندروستیی دەروونی تەرخان كراوە، ڕەنگ بێت لە لای خۆمان لەو ڕێژەیە كەمتریش بێت، هەرچەندە خەڵك و عەوام و دەسەڵات دەركییان بە گرنگیی تەندروستیی دەروونی و ئاڵوودەبوون بە دەرمان كردووە، بەڵام هێشتا وەكو پێویست نییە. لە ئەمریكا هەردوو نەخۆشیی (ڕاڕایی و خەمۆكی) هۆكار دەبێت لەوەی ساڵانە یەك تریلیۆن دۆلار زیان لە وەبەرهێنان و داهاتی ئەم وڵاتە بدەن، هەموو ئەگەر ئەو ڕاستییە بزانن، كە: ئەگەر دەوڵەت بڕی یەك دۆلار لە بواری تەندروستیی دەروونی وەبەرهێنان بكات، ئەوا بڕی پێنج دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە. هەروەها ئەگەر بڕی یەك دۆلار لە بواری نەهێشتنی ئاڵوودەبوون سەرف بكات، ئەوا بڕی حەفت دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە. «وەك ئەو پزیشكە باسی كرد، لە ڕۆژی جیهانیی تەندروستیی دەروونی كارەكان بۆ ئەوەیە، كە «ئاگاداری خۆت و خەڵكان بیت، هەتا دەوروبەرێكی تەندروست بۆ هەمووان فەراهەم بێت.» گوتیشی: «ئافرەتان لە پیاوان زیاتر تووشی پشێوی و نەخۆشییە دەروونییەكان دەبن، هەرچەندە لە لای خۆمان ئامار و داتای تەواومان نییە، بەڵام پیاوان زۆرتر ئەگەر و مەترسیی خۆكوژییان هەیە بەراورد بە ئافرەتان، چونكە پیاوان كەمتر دەری دەبڕن، هەتا كەمتریش بەدوای چارەسەرییەوەن.»
پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەكان دكتۆر ئومێد قادر، سەرەتا ئاماژە بەوە دەكات كە «نەخۆشیی خەمۆكی، یەكێكە لە نەخۆشییە دەروونییەكانی سەردەم كە زۆر بەربڵاوە، ڕێژەكەی لە زۆربەی زۆری نەخۆشییەكانی دیكە زیاترە، خەمۆكی بریتییە لە حاڵەتێك بە كۆمەڵێك نیشانە دەناسرێتەوە، دیارترین نیشانەكان لەزەتی ژیان لای كەسی تووشبوو زۆر كەم دەبێتەوە و، حەزی ئیش و كاری نامێنێت و، سیستەمی خەو و خواردنی تێك دەچێت، یان زیاد یانیش كەم دەبێتەوە، هاوكات تەركیزی كەم دەبێت و بیركردنەوە و بۆچوونی نەرێنی لا دروست دەبێت، بەجۆرێك بەرامبەر بە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووش ڕەشبین دەبێت، جگە لەوەی تاقەتی گرنگیدان بەخۆی نامێنێت و ناتوانێت ئەركەكانی ڕۆژانەی ڕایی بكات، تەنانەت پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی پێ ناپارێزرێت و، حەزی جنسیشی كەم دەبێتەوە. ئەو كەسە چ ژن بێت، چ پیاو، هەمیشە هەست بە شەكەتی و ماندووێتی دەكات، ئەگەر هیچ كارێكیشی ئەنجام نەدابێت. كەسی خەمۆك هەمیشە گلەیی لە قەدەری خۆی دەكات و متمانە و باوەڕی بەخۆی و دەوروبەرەكەی نامێنێت و لە هەموو بوارەكانی ژیانكردنیش پاشەكشە دەكات، ئەو نەخۆشییە لە هەموو تەمەنێكدا هەیە، بەڵام لە منداڵاندا ڕێژەكەی زۆر كەمە، زیاتر لە تەمەنی سەرووی 18 بۆ 70 ساڵی بوونی دەبێت.»
د. ئومێد قادر لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا دەڵێت: «نەخۆشیی خەمۆكی لای خانمان دوو تا سێ هێندەی پیاوانە»، سەبارەت بە ئەو هۆكارانەش كە وای كردووە ڕێژەی تووشبوون لەناو ئافرەتان زۆرتر بێت، گوتی: «زۆر بۆچوون باس كراون و هۆكارەكانی ڕوون و سەلمێندراو نین، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی تووشبوونی خانمان بەم ڕێژە زۆرە، ڕوودانی گۆڕانكارییە هۆڕمۆنییەكانە كە بەهۆی سووڕی مانگانە و دووگیانی و منداڵبوون ڕوو دەدەن، لە هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە كراوە كە بە هۆی ئەوەی ئافرەتان توانای بایەلۆژی و جەستەییان بەراورد بە پیاوان كەمترە، بۆیە لەناو ئەوان ڕێژەی تووشبوون بە خەمۆكی زیاترە، هەندێك سەرچاوەی دیكە دەڵێن لەبەر ئەوەی هەمیشە شەرعیەت و ئەولەوییەت بە پیاو دراوە لە هەندێك كۆمەڵگەدا، بۆیە ئافرەتان تووشی خەمۆكی دەبن، لەكاتێكدا ڕێژەی تووشبوونی ئافرەتان بە خەمۆكی ڕێژەیەكی جیهانییە و لە سەرانسەری جیهاندا ئافرەتان دوو تا سێ هێندەی پیاوان تووشی خەمۆكی دەبن.»